شەهید حەمید محەمەد قادر، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بوو، لە ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی کانی جانانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە کەوتە بۆسەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)، لە کاتی پشووداندا حەمید محەمەد و پێنج لە هاوڕێکانی شەهید کران.
شەهید حەمید محەمەد قادر لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی وێسکی سەر بە ناحیەی باڵەکی پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، گوندنشین بووە و سەرقاڵی ئاژەڵداری بووە. هاوسەرگیری کردووە و ناوی هاوسەرەکەی جەمیلە فەتاح بووە و سێ کوڕیان هەبووە بە ناوەکانی بورهان، عەبدوڵڵا و عومەر.
لە ساڵی ١٩٧٧ بووەتە پێشمەرگە لەلایەن قادر حەمە ساڵح تاگۆزی، کە فەرماندەی فەوجی چوارەمی لیوای شەشی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا. لە ساڵی ١٩٧٨ هێزێکی یەنەکە پلانی ئەوەی دانا کە دابنیشێت و گفتوگۆ لەگەڵ پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەکەدا بکات، بەتایبەت لەگەڵ قادر حەمە ساڵح تاگۆزی وەک فەرماندەیەکی ناسراوی ئەو ناوچەیە، بەڵام قادر حەمە ساڵح تاگۆزی فەرماندەیەکی پێشمەرگەی نارد کە فەوجێکی پێشمەرگەی بە فەرماندەیی عەزیز حەمە ساڵح پێ بوو، حەمید محەمەد قادر پێشمەرگەی ئەو فەوجە بوو.
دوای گفتوگۆکردن و نانخواردن لە یەکێک لە ماڵەکانی گوندەکەدا، فەوجەکەی حزب بڕیاریاندا لە گوندەکە بمێننەوە، بەڵام درەنگانی شەو هێزەکانی یەنەکە کە ژمارەیان لە فەوجەکەیان زیاتر بوو، هێرشیان کردە سەر فەوجی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ئەنجامدا حەمید محەمەد قادر و پێنج لە هاوڕێکانی بە ناوەکانی (جەعفەر مەهدی، سابیر عەبدولکەریم محەمەد، محەمەد کەریم، عەزیز گوڵانی و ئیبراهیم شەمیرانی) شەهید بوون و (ئەحمەد عەبدولڕەحمان) بە سەختی بریندار بوو. عەزیز حەمە ساڵح تاگۆزی-ش لەلایەن هێزێکی یەنەکەوە دەستگیرکرا.