حکوومەتی بەعس هەمیشە ڕێگەی نەدەدا کورد بەشداری بەڕێوەبردنی وڵات بکات، هەتا هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای یەکسانی و یاسایی بەتەواوی ڕەت کردبووەوە، لەبەر ئەوەش پێکهێنانی ئەم سیاسەتەی دژی کوردان لە دڵی گەلی کورد دا زەمینەیەکی ناڕەزایەتی دروست کرد کە هەستی نەتەوەیی جوڵاند و دژی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و چەکدارییەکان دەرکەوتن، لەبەر ئەوەی زۆرداری دامەزراوەکان هەتا ڕادەیەک خەڵکی پاڵ پێوە نا کە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان بەرز بکەنەوە و بە توندی بەرامبەر دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەت بوەستن، لەلایەکی دیکەوە بزووتنەوەی نیشتمانیی سەرکردایەتی شۆڕش لە هەڵسەنگاندنی خۆی لەسەر ڕەوشەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە حکوومەتی بەعس لە زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە تێناگات، ئامادە نییە گوێ بگرێت، لەبەر ئەوە بڕیاریان دا خۆیان بۆ ئەم ڕێبازەی تێکۆشان ئامادە بکەن کە سەرۆکەکانی بەعس تێی دەگەن ئەویش شەڕی چەکداریی پارتیزانی بوو.

لە گۆڕەپانی تێکۆشان دا، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دامەزراوەکانی ڕژێمی بەعس دا، سەرکردایەتی شۆڕش هەمیشە هەوڵی دا کە گۆڕەپانی ناوچە ڕزگارکراوەکان فراوانتر بکات و لە قوڵایی دەسەڵاتی حکوومەت دا چالاکییەکانی پێشمه‌رگه پەرە پێ بدات، لەبەر ئەوە بڕیاری دا هێزێکی پێشمه‌رگه بنێرێتە چەند شوێنێکی ستراتیژی بۆ ئەوەی گورزێکی گەورە لە بارەگاکانی هێزە سەربازییەکان و چەتەکان بدات، دەبێت نیشانیان بدات کە پێشمه‌رگه کەی و لە کوێ بیەوێت دەستی خۆی دەگەیەنێت و لێ دەدات، لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٢ لە سیانەی گەورە و بە قوڵایی ٧٠ کم پێشمه‌رگه هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزی مەخاویر و چەکدارانی (جاش)، دوای شەڕێکی گەرم کە سێ شەو و ڕۆژ بەردەوام بوو، زیانێکی گەورەیان بە هێزەکانی حکوومەت گەیاند، ئەنجامی هێرشی پێشمه‌رگه لە هەرێمەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو.

سەرچاوە:
  1. مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی ٢، چاپی ١، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
  2. جەمال فەتحوڵڵا تەیب: بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی ١، چاپخانەی شەهاب، هەولێر-٢٠١٢.
  3. نووری حەمە عەلی: مێژووی تێکۆشانی پێشمه‌رگه‌یەک لە نێوان ژیان و مردن دا، چاپخانەی شەهاب، چاپی ٢، هەولێر.