سڵێمان حەدۆ زراری ساڵی ١٩٣٠ لە گوندی زرارەی سەر بە ناحیەی کۆرتۆ و قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی، ساڵی ١٩٥٤ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کشتوکاڵ لە یەکێتی سۆڤیەت بەدەستهێناوە، لە یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ڤالانیادا هاوسەرگیری کردووە و زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ڕووسی زانیوە، لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ کۆچی دوایی کردووە.
لاپەڕەی تێکۆشانساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزانەوە کردووە و بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە، لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە فەرمانی دادگای سهربازی عێراقی سەرجەم سامان و موڵکە گوازراوە و نەگوازراوەکانی دەستی بەسەردا گیراوە، دوای شکستپێهێنانی شۆڕشی دووەمی بارزان، لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ بەرەو ڕوژههلاتی کوردستان ڕۆیشتووە. لە ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ وەک پێشمهرگه پەیوەندی بە هێزی بارزانەوە کردووە کە سەر بە سوپای کۆماری کوردستان بووە لە مەهاباد، لە ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ بەشداری لە شەڕی قارەوا لە ناوچەی سەقز کردووە.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە ١٩ی ئاداری ١٩٤٧، بەشداری لە شەڕەکانی نەجەدە و شینۆدا کردووە. لەگەڵ هاوسەنگەرە پێشمهرگهکانی لە ١٩/٤/١٩٤٧ لە ڕێگەی (خواکوڕک و دەشتی برازگرە) گەڕاوەتەوە ناوچەکانی شیروان و مزووری.
دوای گەڕانەوەیان، مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرکوش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی کرد و سەرپشکی کردن لە مانەوە یان ڕۆیشتن بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ سەرجەم هاوسەنگەرانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و ڕوو لە یەکێتی سۆڤیەت بکەن، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری مستەفا بارزانی کرد بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کردووە، دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراس پەڕیوەتەوە، کە دەکەوێتە سەر سنوور لە نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و سەرجەم هاوسەنگەرانی لە نەخجەوانی ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا دەستبەسەر کران کە بە تێلی دڕکدار دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکرد، لە ڕووی خۆراک و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، لە ڕۆژی ٢٣ بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر دابەش کران بەسەر ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواسترانەوە بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان، لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرت، ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕاهێنانی سەربازییان دەکرد، لە هەمان کاتدا ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی زمانی کوردییان وەردەگرت.
دوای خراپ مامەڵەکردنی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵگە سەربازییەکەی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، لەوێ بەردەوامییان بە ڕاهێنانی سەربازییان دا.
لە ئاداری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر دابەش کران بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتیان بەکرێ دەگرت و دواتر بەشێکیان وەک باج دەدایە حکومەت) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن مستەفا بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین دواجار نامەیەکی وەرگرت کە بارزانی تێیدا باسی ئازار و مەینەتییەکانی هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی کمیسیۆنێکی دا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی، بڕیاری کۆتایی کمیسیۆنەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆ بکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری فریفیسکی سۆڤیەت بەڕێکەوت.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩، لێبوردنی گشتی بارزانی و هاوسەنگەرانی گرتەوە بەپێی ماددەکانی ٣(و)٧ و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراو لە ساڵی ١٩٥٩.
کۆماری عێراق ساڵی ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتیی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.
ساڵی ١٩٦١ بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کرد، هەروەها بەشداری لە شەڕەکانی سەری بێرس، کۆرز و چیای هەندرێن کرد، ساڵی ١٩٦٣ بەشداری لە شەڕەکانی شووش و شەرمنا کرد، لە ڕۆژی ١٤ لەسەر ١٥ی حوزەیرانی ١٩٦٣ بەشداری لە شەڕی سەری ئاکرێ کرد، ساڵی ١٩٧٤ لە یەکەی تۆپخانەی شۆڕش کاری کرد، ساڵی ١٩٧٥ دوای شکستپێهێنانی شۆڕشی ئەیلوول گەڕایەوە زێدی باوباپیرانی، ڕژێمی عێراق ساڵی ١٩٨١ گوندەکەی سووتاند، پەنای بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران برد و لە کۆمەڵگەی زیوە نیشتەجێ بوو، ساڵی ١٩٨٣ بەشداری لە شۆڕشی گوڵاندا کرد، ساڵی ١٩٩١ گەڕایەوە کوردستان و لە گوندی زرارە نیشتەجێ بوو، ساڵی ١٩٩٣ خانەنشین کرا، لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سێزدەیەم ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن مەسعود بارزانییەوە میدالیای بارزانی پێ بەخشرا وەک ڕێزێک بۆ تێکۆشان و بەرگرییەکەی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری کوردستان و ڕێپێوانەکەی بۆ یەکێتی سۆڤیەت و بەشدارییەکانی لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵاندا.
سەرچاوەکان١. حامد ئەلجەوهەری، میدالیای بارزانی بەرزترین خەڵاتی ڕێزلێنان، بەرگی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی حاجی هاشم – ٢٠١٥ز).
٢. حەیدەر فاروق ئەلسامەڕایی، زیائ جەعفەر و ڕۆڵی سیاسی و ئابووری لە عێراق، (لەندەن – دەزگای حیکمە - ٢٠١٦ز).
٣. شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – ٢٠١٣ز).
٤. عومەر فارووقی، سەردار دانا ژیان و تێکۆشانی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی، چاپی دووەم، (ههولێر - چاپخانهی وهزارهتی پهروهرده - ٢٠٠٢ز).
٥. عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبووبەکر، عەشیرەتی بارزان لە نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
٦. عەبدوڵڵا غەفوور، فەرهەنگی جوگرافیای هەولێر، (هەولێر - بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی - چاپخانەی حاجی هاشم – ٢٠١٥ز).
٧. کاروان محەمەد مەجید، بارزانییەکان لە مەهابادەوە بۆ سۆڤیەت، چاپی یەکەم (سلێمانی - چاپخانەی بەیۆند- ٢٠١١ز).
٨. گۆڤاری هەتاو ژمارە ١٥٤، ساڵی شەشەم، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، هەینی، ١٥ی نیسانی ١٩٥٩.
٩. لە بیرەوەرییەکانی فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان زازۆکی، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، ڕۆیشتنی بارزانییەکان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر – چاپخانەی ڕۆشنبیری – ١٩٩٧ز).
١٠. لەیس عەبدولموحسین جەواد ئەلزوبەیدی، شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق، (شاری بهغدا - دەزگای ڕەشید بۆ بڵاوکردنەوە - ١٩٧٩ز).
١١. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک، چاپخانەی خەبات، ١٩٩٨ز).
١٢. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٦١-١٩٧٥، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە – ٢٠٠٤ز).
١٣. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


