سەڵاح محەمەد شەریف، کە بە سەڵاح حاجی شەریفیش ناسراوە، لە ساڵی 1955 لە گوندی وڵەسمتیی قەزای سەید سادق لەدایک بووە. گوندنشین و جوتیار بوو. لە ساڵی 1977دا ڕژێمی بەعس بە زۆر گواستییەوە بۆ کۆمەڵگەی شانەر. لەگەڵ مەریەم فەتاح هاوسەرگیری کردبوو و دوو کوڕ و دوو کچیان هەبوو بە ناوەکانی ئاکۆ، شاخۆ، حەلیمە و چنوور.

لە ساڵی 1980دا پەیوەندی بە بارەگای هێزی سورێنی لقەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP) کرد. لەو کاتەدا مەڵڵا عومەر بانی بانۆک فەرماندەی هێزەکە بوو. 

لە ساڵی 1981 لە شەڕی ڕەزڵە و پەراژان، لە ساڵی 1982 لە شەڕی سەربەڵخە، لە ساڵی 1987 لە شەڕی ئەحمەداوا و لە چالاکییەکانی دەشتی شارەزوور و چیای سورێن بەشداری کرد.

لە ساڵی 1988 لەسەر پردی ئاوی ڕیشەن لە دەشتی شارەزوور، جاشەکانی ڕژێمی بەعس کمینیان بۆ سەڵاح محەمەد و کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی دانا. لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا، سەڵاح محەمەد و دوو هاوڕێکەی، بە ناوەکانی تەوفیق ڕەحیم و جەلال پەنچوێنی، شەهید بوون.

سەرچاوە:

ئەرشیفی ئینسکلۆپیدیای KDP