شەڕی سەر ڕێگای زاخۆ-باتێفا یەکێک بوو لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق لە ٢٦ی شوباتی ١٩٨٨، کە پێشمەرگەکانی کۆمیتەی ناوچەی زاخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی عێراق کە لەسەر ڕێگای زاخۆ-باتێفا بە ئامانجی پاراستنی ناوچەکە جێگیر کرابوون، پاش شەڕێکی قورس، هێزی پێشمەرگە بەسەر هێزە عێراقییەکاندا زاڵ بوون و زیانی گیانی و مادی گەورەیان پێ گەیاندن و ژمارەیەک لە چەکدار و سەربازان کوژران، بریندار کران و دیل گیران.
ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ کورد لە بواری شەڕی چەکداری و شەڕی پارتیزانیدا سەردەمێکی هەستیار بوو، لە زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان، هێزی پێشمەرگە قوڵ کەوتبووە ناو هێزی ڕژێمی بەعس، هەندێک جار چالاکییەکان ئەوەندە بە کاریگەر بوون، کە دەمارەکانی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی دەهەژاند، هەڵبەت لەم نێوەندەدا هێزەکانی ڕژێم گورزێکی گەورەیان خوارد و بە دەیان سەرباز و چەکداری ڕژێمی بەعس کوژران، بریندار کران و دیل گیران، دیارە ئەمە کاردانەوەی شۆڕشی کوردی بوو لە بەرامبەر هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی بەعس بەرامبەر هاووڵاتیان و تێڕوانینیان بۆ دۆزی کوردی، کە بە تووڕەیی و دوژمنایەتییەوە دەجوڵانەوە و مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن، هەتا بە دڕندانە هێرشیان کردە سەر سڤیلەکان کە بە سەدان هەزار مرۆڤ بەم هۆیەوە ئازاریان چێشت.
یەکێک لەو چالاکییانەی کە هێزی پێشمەرگە لەم قۆناغەدا دژی هێزەکانی ڕژێمی عێراق تۆماریان کردووە، شەڕی سەر ڕێگای زاخۆ-باتێفایە لە ٢٦ی شوباتی ١٩٨٨، کە هێزێکی پێشمەرگە لە کۆمیتەی ناوچەی زاخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) نەخشەیەکیان ئامادە کرد بۆ ئەوەی گورزێک لە هێزە عێراقییەکان بدەن، دیارە پاش ئەوەی مەرج و بارودۆخی شوێن و کاتی چالاکییەکە تاوتوێ کران، لە کاتی دیاریکراودا گەیشتنە شوێنی ئامانج و هێرشیان کردە سەر ئەو هێزانەی لەوێ جێگیر ببوون. هێزی پێشمەرگە لە ماوەیەکی کەمدا توانییان ئامانجەکە بپێکن و زیانێکی گەورەیان بە هێزەکانی ڕژێم گەیاند. لە شەڕەکەدا بە دەیان سەربازی عێراقی کوژران و بریندار کران، هەروەها ٣٤ چەکدار و سەربازیش دیل گیران و کەوتنە دەست هێزی پێشمەرگە.
شایانی باسە کە چالاکییەکانی لەم چەشنە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر وێڕەکی پێشمەرگەکان هەبوو کە بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشان، هەروەها بۆ لایەنگرانی شۆڕش و ڕێکخستنە نهێنییەکانی شارەکان ئاسوودەیییەکی گەورە بوو، بەرامبەر بەوەش بووە هۆی دڵگرانی و ترس لە ناو ڕیزەکانی سوپای عێراقدا، لە کاتێکدا کە بە هەموو هێزی سەربازی و چەکە پێشکەوتووەکانی وەک تانک، تۆپ و فڕۆکە شەڕی پێشمەرگەیان دەکرد، بەڵام دیسان نەیانتوانی شۆڕش تێک بدەن.
سەرچاوە:-
شیمال زێباری: چەند ڕاستییەکی شاراوە لە شۆڕشی گوڵان دا، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر – ٢٠١٥.
-
مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی ٢، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
-
سەعید بن ناسر ئەلغامدی: پارتی بەعس: مێژوو و عەقیدەکەی، وەشانی ئەلوەتەن، چاپی یەکەم، ١٤١١ ک.


