عەبدولسەمەد محەمەد عەبدولڕەحمان ئیبراهیم، کە بە (عەبدولسەمەد بەنا و عەبدولسەمەد مەنجەڵ) ناسراوە، لە ١١ی ئاداری ساڵی ١٩١٣ لە شاری کۆیە سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لەو شارە خوێندووە.
لە ساڵی ١٩٣٤ وەک فەرمانبەر لە دادگای شەرعیی ڕەسافەی شاری بەغدا دامەزراوە. لە ١١ی شوباتی ١٩٦٨ لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لە ١٢ی شوباتی ١٩٦٨ لە گۆڕستانی کەکۆن لە شارۆچکەی کۆیە بە خاک سپێردراوە. زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی و ئینگلیزی زانیوە.
خەباتنامەلە ساڵی ١٩٣٢ لەگەڵ بەرپرسانی ڕۆژنامەی (ئەلعەهالی) کاری سیاسی کردووە کە لە ٢ی کانوونی دووەمی ١٩٣٢ لە شاری بەغدا چاپکراوە و وەک تاکە ڕۆژنامەی ئۆپۆزسیۆن دەژمێردرا کە کۆمۆنیستەکانی وەک یوسف سەلمان (١٩٠١ - ١٩٤٩) کە بە فەهد، سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی عێراق ناسرابوو، بۆی کاریان دەکرد. لە ساڵی ١٩٣٣ لەناو دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی لاوان کە بە کۆمەڵەی ڕۆشنبیران لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر ناسراوە، بووە. لە ساڵی ١٩٣٣ لەناو دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی بیرەوەریی لاوانی کورد لە شاری بەغدا بووە. لە ساڵی ١٩٣٤ تێکەڵی حیزبی کۆمۆنیستی عێراق بووە و پشتیوانیی ناساندنی کورد وەک نەتەوەیەک و مافی سەربەخۆیی کوردستان کردووە. لە ساڵی ١٩٣٥ تێکەڵی ڕیزەکانی کۆمەڵەی (ئەلعەهالی) بووە. لە کاتی خەباتی لە ڕیزەکانی حیزبی هیوای کورد، بڵاوکراوەیەکی کوردی بە ناوی "بڵێسە" لە شارۆچکەی کۆیە بڵاوکردووەتەوە. لە ساڵی ١٩٤١ بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانەوە گیراوە و لە کار دەرکراوە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٢ وەرگێڕانی وتارێکی بۆ پشتیوانیی بزووتنەوەی ژنان بۆ گۆڤاری کوردیی "گەلاوێژ" کە لە بەغدا چاپکراوە، نووسیوە.
لە ساڵی ١٩٤٦ یەکێک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کورد لە پارێزگای سلێمانی بووە. لە ساڵی ١٩٤٦ بەشێک لە بڵاوکراوەکانی پارتی دیموکراتی کورد بە دەستخەتی ئەو بووە. لە ساڵانی (١٩٤٧ - ١٩٥٨) سەرقاڵی کۆکردنەوەی هاوکاریی ماددی لە بازرگانە فەیلییەکانی بەغدا بۆ گیراوانی بارزانی بووە. لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ بە ڕێگەی محەمەد سەعید میرزا مەجید حاج ئەحمەد (١٩٠٤ - ١٩٥٩) کە بە سەعید قەزاز ناسراوە، مۆڵەتی پێدراوە وەک نووسەرێکی شەرعی شەوی کۆتایی ژیانی هەر چوار ئەفسەرە شەهیدەکە – عیزەت عەبدولعەزیز عەبدوللەتیف (١٩١٢ - ١٩٤٧) کە بە عیزەت کەتانی ناسراوە، مستەفا مستەفا (١٩١٢ - ١٩٤٧) کە بە مستەفا خۆشناو ناسراوە، خەیروڵڵا عەبدولکەریم عەبدولڵا (١٩١٢ - ١٩٤٧) کە بە خەیروڵڵا گورجیزادە ناسراوە و محەمەد مەحموود محەمەد (١٩٢٢ - ١٩٤٧) کە بە محەمەد مەحموود قودسی ناسراوە – وەسیەتنامەی کۆتاییان بە خەتی خۆی بنووسێت. لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧ تەرمی هەر چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی لە پزیشکی دادی بەغدا وەرگرتووە و بۆ شوێنەکانیان ناردووە.
لە ساڵانی (١٩٤٧ - ١٩٤٩) بۆ شارۆچکەی هیت سەر بە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق دوورخراوەتەوە. بەشداریی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی ٢٧ - ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٤٨ی لە شاری بەغدا دژی ڕژێمی پاشایەتیی عێراق کردووە. لە ساڵانی (١٩٤٩ - ١٩٥٨) بۆ زەویی زەعفەرانییە (مەزرەعەی زەعفەرانییە)ی نزیک شاری بەغدا دوورخراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٥٣ بەرپرسی ڕاگەیاندنی کەمپەینی هەڵبژاردنی مەسعوود محەمەد بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە. لە ساڵی ١٩٥٨ ئەندامی شاندی پێشوازیکارانی سەرۆک مستەفا بارزانی (١٩٠٣ - ١٩٧٩) بووە لە فڕۆکەخانەی موسەننای شاری بەغدا لە کاتی گەڕانەوەی لە تاراوگە. لە ساڵی ١٩٥٩ نوێنەری کۆنفرانسی دووەمی بەغدا بووە. لە ساڵی ١٩٥٩ نوێنەری کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان – عێراق بووە. لە ڕۆژی شەممە ٨ی کانوونی دووەمی ١٩٦٠ ئەندامی دەستەی پەنجا کەسیی پشتیوانیی دامەزرێنەرانی قۆناغی ئاشکرای پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٦٠ نوێنەری کۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا بووە. لە ساڵی ١٩٦١ ماڵەکەی بووە یەکەمین پەناگەی پارێزەر عومەر مستەفا محەمەد ئەمین (١٩٢٣ - ١٩٩٢) کە بە عومەر دەبابە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ناسرابوو کە لە زیندان هەڵاتبوو.
لە ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن پاسەوانانی نەتەوەیی (ئەلحەرەس ئەلقەومی)یەوە گیراوە و ئەشکەنجە دراوە و پاشان ئازاد کراوە. لە ساڵی ١٩٦٣ نوێنەری کۆنگرەی یەکەمی گەل (کۆنگرەی کۆیە) بووە. لە ساڵی ١٩٦٣ ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لەگەڵ حکوومەتی عێراق و لە ٣٠ی ئاداری ١٩٦٣ دەگاتە شاری بەغدا و لە ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣ لەلایەن ئیستخباراتی حکوومەتی عێراقەوە گیراوە و ئەشکەنجە دراوە و لە ساڵی ١٩٦٤ پاش دانوستاندنەکان لەنێوان سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و عەبدولسەلام محەمەد عارف (١٩٢١ - ١٩٦٦) سەرۆککۆماری عێراق ئازاد کراوە. لە ١٧ی حوزەیرانی ١٩٦٥ وەک چاودێری گشتی بۆ کاروباری باکوور دامەزراوە.
سەرچاوە :١ - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
٢ - عەزیز حەسەن بارزانی، بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردیی ڕزگاریخوازی لە کوردستانی عێراق ١٩٣٩ – ١٩٤٥، (دهۆک – وەشانی سپیرێز بۆ چاپ و وەشاندن – چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە – ٢٠٠٢)، ل. ٩٦.
٣ - حەمید گەوهەری، میدالیای بارزانی، خەڵاتی بەرزترین ڕێزگرتن، پەرتووکی یەکەم، چاپی دووەم، (هەولێر – دەزگای خێرخوازیی بارزانی – ٢٠١٩)، ل. ٢٧٨.
٤ - پاوڵ ئێرنست، وتووێژی شاعیرێکی ناوداری ئەڵمان، وەرگێڕانی عەبدولسەمەد حاجی محەمەد، گۆڤاری گەلاوێژ، ژمارە ٣ و ٤، ساڵ ٣، بەغدا، چاپخانەی مەعاریف، ئادار و نیسان ١٩٤٢، ل. ٦٦-٧١.
٥ - مەهدی محەمەد قادر، پێشهاتە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق ١٩٤٥ – ١٩٥٨، (سلێمانی – ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان – ٢٠٠٥)، ل. ٩٢، ١٠١، ١٢٢ - ١٢٣، ١٢٦.
٦ - شوان محەمەد ئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لەنێوان ساڵانی ١٩٦٣ – ١٩٧٠دا: لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە لە ڕەوشی سیاسیدا، (هەولێر – چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین – ٢٠١٦)، ل. ٨٨، ١١٤.
٧ - جەمال بابان، سلێمانییەکەم، ڕۆشنایی، بەرگی سێیەم، چاپی دووەم، (هەولێر – دەزگای چاپ و وەشانی ئاراس – چاپخانەی ئاراس – ٢٠١٢)، ل. ٣٢٠، ٣٢٤.
٨ - ب. هەوراز، لێکۆڵینەوەیەکی کورت دەربارەی دامەزراندن و هەڵوەشاندنەوەی حیزبی شۆڕش و ڕزگاری لە باشووری کوردستان، (بێ شوێن – ئایاری ١٩٩٣)، ل. ١٠.
٩ - محەمەد سەهل تاقۆش، مێژووی کورد ٦٣٧ – ٢٠١٥، (بەیرووت – دار النەفائس بۆ چاپ و وەشاندن و بڵاوکردنەوە – ٢٠١٥)، ل. ٢٠٣ - ٢٠٤.
١٠ - حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان – عێراق (لە قۆناغە سەرەکییەکاندا) ١٩٤٦ – ١٩٩٣، (دهۆک – چاپخانەی خەبات – ١٩٩٨)، ل. ٣٥، ٨٥ - ٨٦.
١١ - حەسەن لەتیف زوبێدی، ئەنسیکلۆپیدیای حیزبە عێراقییەکان، (بەیرووت – موئەسەسەتولعارف بۆ چاپەمەنی – ٢٠٠٧)، ل. ٣٣٨، ٣٤٨، ٥١٢.
١٢ - سوبحی عەبدولحەمید، عێراق لە ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦٩دا، (شام – دار بابل بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاگەیاندن – ٢٠٠٩)، ل. ٦١.
١٣ - تاریق جەمباز، حیزبی هیوا لە لیوای هەولێردا، (هەولێر – گۆڤاری یاساپەرێزی – ٢٠٠٥)، ل. ٤٦.
١٤ - تاهیر ئەحمەد هێوێزی، مێژووی کۆیە، بەرگی دووەم، بەشی یەکەم، (شاری بەغدا – چاپخانەی نەمیر – ١٩٨٤)، ل. ٢٠٣.
١٥ - عەلی عەبدوڵڵا، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان – عێراق هەتا لێدەرخستنی کۆنگرەی سێیەم، (بێ شوێن – ئەیلوولی ١٩٦٨)، ل. ٦٣.
١٦ - عەبدولخالق عەلائەدین، کۆیە... ناودارانی وێ، (هەولێر – چاپخانەی مینارا – ٢٠١٤)، ل. ١٩٥-١٩٨.
١٧ - فوئاد حسێن وەکیل، کۆمەڵەی ئەلئەهالی لە عێراقدا، (شاری بەغدا – دار الرەشید بۆ وەشاندن – ١٩٧٩)، ل. ١٠٤ - ١٠٥، ١١١-١١٤، ١٨٦ - ١٨٩.
١٨ - مەحموود ئەلدورڕە، پرسی کورد و نەتەوەپەرستی عەرەبی لە شەڕی عێراقدا، (بەیرووت – وەشانی دار ئەلتەلیعە – ١٩٦٣)، ل. ١٨١.
١٩ - مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی، بەرگی یەکەم، چاپی دووەم، (بەیرووت – کاوا بۆ کولتووری کوردی – ١٩٩٧)، ل. ٢١٧.
٢٠ - مەهدی محەمەد قادر، هەولێر لە ساڵانی ١٩٢٦ – ١٩٣٩دا، (هەولێر – ئەکادیمیای کوردی – چاپخانەی حاجی هاشم – ٢٠١٣)، ل. ٢٨١.


