غەفور محەممەد ساڵح، شەهیدێک کە بە غەفور گڵەجەڵا ناسراوە، لە 1955 لە گوندی گڵەجەڵای سەر بە قەزای بەمۆی پارێزگای هەڵەبجە لەدایک بوو. دانیشتووی گوندی زەرەین بوو و لە بازاڕی زەرەینی بە کاروباری تایبەتییەوە خەریکی بوو.
لە 1982 بووە پێشمەرگە و بە هێزی سیروانی پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) بە فەرماندەیی جەلال لاوڕانییەوە پەیوەندی کرد. لە 3ی مایسی 1983، ئەو و دوو هاوڕێکەی بە ناوی سولەیمان عەبدولڕەحمان تاگۆزی و فایەق عەلی غەفور، لە نزیک گوندی هۆکانی ناوچەی تاگۆزیی هەڵەبجە کەوتنە بەر کمینی چەکدارانی قەڵخانی هاودەمی ڕژێمی بەعس. سەرەتا فایەق عەلی لە شەڕەکەدا کوژرا؛ غەفور محەممەد (غەفور گڵەجەڵا) لە قاچی بریندار بوو و قاچەکەی شکایەوە. چەکدارەکان دەستیان بەسەردا گرت و سەرکردەکەیان بە دەستی خۆی سەری بڕی و شەهیدی کرد. جەستەی بێسەرەکەی بۆ خێزانەکەی نارد و سەرەکەی بە ڕژێمی بەعس فرۆشت. هەروەها سڵێمان، یەکێک لە هاوڕێکانی غەفور، ڕادەستی سەربازانی ڕژێمی بەعس کرا. دوای ساڵێک و سێ مانگ لە زیندان، تیرەباران کرا و شەهید بوو.
سەرچاوە:- ئەرشیفی ئەنسیکڵۆپیدیای PDK








