قادر زەمین عەلا-موراد عەلی وەیس، ناسراو بە وستا قادر، لە ساڵی ١٩٣٥ لە شارۆچکەی تەوێڵەی سەر بە ناحیەی بیارەی قەزای هەورامان لەدایکبووە؛ دانیشتووی تەوێڵە بووە و سەرقاڵی باخەوانی و دارتاشی بووە. دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، بووە پەنابەر لە ئێران و لە هانەگەرمەڵەی ئێران ژیاوە. هاوسەرگیری کردووە و هاوسەرەکەی سەبریە حەمەڕەزا بووە، کوڕێک و سێ کچی هەبووە بە ناوەکانی دڵشاد، ئەمیرە، سەمیرە و سەباح.
لە ساڵی ١٩٦٤ بووە پێشمەرگەی لقی سێی فەوجی حەوتی هێزی خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان. بەشداری لە زۆر شەڕدا کردووە، لەوانە شەڕی زەڵم، شەڕی پردی زەڵم، شەڕی کانی سێف، شەڕی ئەحمەداوا و شەڕی شەڕەم.
لە ساڵی ١٩٦٨ لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ سوپای عێراق لە سەرتاکی بامۆی نزیک هەڵەبجە بە سەختی بریندار بووە.
لە ساڵی ١٩٧٦ بە ڕاسپاردەی نادر هەورامی دەستی بە ڕێکخستنەوە و ئاگادارکردنەوەی پێشمەرگەکانی هەورامان و خۆڕێکخستنەوە بۆ شۆڕشی گوڵان لە کەمپەکانی پەنابەران لە ئێران کرد.
لە ساڵی ١٩٨١ بەشداری لە شەڕی قارەمانانەی چیای شەڕەم کردووە، و دوای دوو ڕۆژ بەرگری لە دژی هێرشی ڕژێمی بەعس بۆ سەر چیاکان و بنکەکانی پێشمەرگە، قادر گوللە بەر سەری کەوت و لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی بە ناوی مەجنوون شەهید بوو. هاوڕێکانی تەرمەکانیان دەگوازنەوە بۆ ئێران و لە چیای کێمنەی ئێران بە خاک دەیانسپێرن.








