ژیاننامە

شەهید محەمەد ئەبووزەید عیسا ئەبووزەید ناسراو بە (محۆ گەودا) ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی گرینۆک لە ناوچەی گۆلیای لە خێزانێکی کوردپەروەر لەدایکبووە، ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەی پەنایان بۆ تورکیا بردووە، ساڵی ١٩٨٩ ڕادەستی ڕژێمی بەعس کراوەتەوە، دواتر گواستراوەتەوە شاری به‌غدا و لە هەمان ساڵدا لە سێدارە دراوە.

 لاپەڕەکانی خەبات

محەمەد ئەبووزەید عیسا ئەبووزەید ساڵی ١٩٦٤ چۆتە ڕیزەکانی پێشمەرگە لە ناو هێزەکانی فارس کۆرمارکی، ساڵی ١٩٧٩ هەوڵیداوە خێزانەکەی بگەیەنێتە ڕیزەکانی شۆڕش، بەڵام لە لایەن هێزەکانی ڕژێمەوە دەستگیرکراوە، و لەگەڵ دەرچوونی بەیانی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ ئازاد کراوە، خەباتەکەی تا نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ بەردەوام بووە، شەهید لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی دوای ١٨ ڕۆژ لە نسکۆ توانیویانە چوار چالاکی سەربازی لە ناو هێڵەکانی دوژمن ئەنجام بدەن، لەوانە کوشتنی سەربازێکی ڕژێم لە گوندی کەشانی، هەروەها توانیویانە کمینێک لە سەر ڕێگەی سەرەکی نێوان زاخۆ و باتیفا لە نزیک گوندی بۆسەل دابنێن، و ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە جۆری ئایڤا کەوتووەتە کمینەکەوە کە تێیدا چوار سەرباز کوژراون، هەروەها توانیویانە ئەفسەرێک و سێ لە ئەندامانی پۆلیس لە نزیک وەرچەرخانی دەرکار بە دیل بگرن، لە سەرەتای شۆڕشی گوڵان بووەتە فەرماندەی مفرازە، دوای پێکهێنانی ڕێکخستنە سەربازییەکان لە ساڵانی (١٩٧٩-١٩٨٠) بەرپرسیارێتی ڕێکخراوی شەهید (مەحموود یووسف)ی وەرگرتووە، هێزەکانی دوژمن چەندین جار پلانی تیرۆرکردنیان داناوە، و لە ساڵی ١٩٨٥ شەهید لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی کەوتوونەتە کمینی هێزەکانی ڕژێم لە نێوان گوندی دێریشک و ئاڤێی لە ناوچەی گۆلییان، لە ماوەی پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا سێ لە جاشە بەکرێگیراوەکان کوژراون و شەشی دیکەش بریندار بوون، لەو ڕووداوەدا یەکێک لە پێشمەرگەکان بە ناوی (سدیق ئاڤدەل) شەهید بووە و محۆ گەودا کوڕەکەشی حیکمەت لەو چالاکییەدا بریندار بووە. 

ساڵی ١٩٨٧ بووەتە فەرماندەی هێزی گورزوەشێن، بەشداری لە زیاتر لە ١٠٠ چالاکی و داستانی شەڕ کردووە کە زۆربەیان خۆی سەرپەرشتی کردووە، لە گرنگترین ئەو چالاکییانە بەرپەرچدانەوەی هێرشی ڕژێم بووە بۆ سەر ناوچەی لێڤی ناسراو بە هێرشی ئەرمەشتی، داستانی بەناوبانگی زەمبیل فرۆش، داستانی شرانش بۆ سێ جار، داستانی عومەر ئاغا، هەروەها لە سەنگەرەکانی گۆریا عومەر ئاغا، کە توانیویەتی ئەفسەرێکی پلە موقەدەم بکوژێت، وەک ڕێزگرتنێک لەم چالاکییە لە لایەن بەڕێز ئیدریس بارزانی خەڵات کراوە، ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەی پەنایان بۆ تورکیا بردووە بە مەبەستی چوونە ئێران، بەڵام بە پلانێکی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە بڕێک پارە ساڵی ١٩٨٩ ڕادەستی ڕژێمی بەعس کراوەتەوە، و دواتر گواستراوەتەوە شاری به‌غدا، و دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، و ساڵی ١٩٨٩ لە سێدارە دراوە.    

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.