محەمەد عەبدولکەریم محەمەد، ناسراو بە حەمە گەڕێزەیی، لە ساڵی ١٩٥١ لە گوندی گەڕێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق لەدایکبووە، گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ بووە. لە ساڵی ١٩٨١، برایەکی بە ناوی حەمە ساڵح لەگەڵیدا شەهید بووە؛ حەمە گەڕێزەیی دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی ئێران بووە و لە دەوروبەری دێزڵی نیشتەجێ بووە. دوای گەڕانەوەیان بۆ کوردستان، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزراون و لە شاری دیوانییە نیشتەجێ بوون. هاوسەرگیری کردووە و ناوی هاوسەرەکەی گوڵچین فارووق بووە و خاوەنی سێ کوڕ و کچێک بوون بە ناوەکانی سالار، سوارە، سۆران و چنار.

لە ساڵی ١٩٦٧ بووەتە پێشمەرگە لە لقی ٣ی فەوجی ٩ی شەهید دلشاد، کە سەر بە هێزی خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، لەو کاتەدا شێخ محەمەد باساكی فەرماندەی مەفرەزە و فەتاح ئاغا فەرماندەی فەوج بووە. لە ساڵی ١٩٦٩ پلەی فەرماندەی مەفرەزەی لە لقەکەی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٧٤ لە شەڕی چیای سەرتێز بە سەختی بریندار بووە.

لە ساڵی ١٩٧٩ جارێکی دیکە پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵانەوە کردووە و بووەتە پێشمەرگە لەلای عەبدوڵڵا ئاغا، کە سەر بە هێزی هەورامانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.

لە ٤ی ئەیلوولی ١٩٨١، دوای ئەنجامدانی چالاکییەک لە دەشتی شارەزوور، ویستیان بۆ پشوودانێکی کورت و هێنانی هەندێک پێداویستی تایبەت بۆ شاخ بچنە گوندی گەڕێزە، بەڵام پێش گەیشتن بە گوندی گەڕێزە، کەوتنە بۆسەی یەکێتی نیشتمانی و ڕووبەڕوویان بوونەوە، لە ئەنجامدا حەمە گەڕێزەیی و براکەی حەمەساڵح شەهید بوون.

سەرچاوە:

ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی