ئەفسەر و سیاسەتمەدار مستەفا مستەفا مستەفا، بە ناوی (مستەفا خۆشناو)، ناسراوە، ئەندامی پارتی هیوا، یەکێک لە ئەفسەرە کوردەکانی ناو ڕیزەکانی سوپاى عێراق لە ساڵی ١٩٣٦ بوو. ئەندامی کۆمیتەی ئازادی و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کورد بوو. لە ساڵی ١٩٤٧ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە شاری بەغدا لە سێدارە درا.

ژیاننامە

مستەفا خۆشناو لە ساڵی ١٩١٢ لە ناوچەی بێتوێن لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە شاری کۆیە و ناوەندی لە شاری هەولێر تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٣١ لە خانەی مامۆستایانی شاری بەغدا وەرگیراوە و پاش تەواوکردنی خوێندنەکەی، لە شاری هەڵەبجە بووەتە مامۆستا. لە ساڵی ١٩٣٤ چۆتە کۆلێژی سەربازی بەغدا و لە ٣ی حوزەیرانی ١٩٣٦ بە پلەی مولازمی دووەم کۆلێژی سەربازی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٣٩ لەگەڵ زەکییە فەرەج هاوسەرگیری کردووە و سێ کچ و کوڕێکیان بووە.

پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان، لە ساڵی ١٩٤٧ دەگەڕێتەوە عێراق و لە زیندانی ناوەندی بەغدا دەستبەسەر دەکرێت. لەو کاتەی هاوسەرە دووگیانەکەی سەردانی دەکات لە زیندان، مستەفا خۆشناو داوای لێ دەکات ئەگەر منداڵەکەیان کوڕ بوو، ناوی بنێن ئازاد. مانگ و نیوێک پاش لەسێدارەدانی، لە ٢ی ئابی ١٩٤٧ ئازاد لەدایک دەبێت.

خەباتنامە

مستەفا خۆشناو یەکێک بوو لەو ئەفسەرە کوردانەی کە لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٤٤ حکوومەتی عێراق وەک ئەفسەری پەیوەندی لەنێوان حکوومەت و شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣ - ١٩٤٥) دەستنیشانی کرد. لە هەمان کاتدا، بە نهێنی لەلایەن پارتی هیواوە، ئەرکی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان حزب و شۆڕش پێ سپێردرابوو. پاشان تێکەڵی ڕیزەکانی شۆڕش بوو. پاش سەرنەکەوتنی دانوستانەکان و گۆڕانکاری لە کابینەی نووری سەعید و دەستبەکاربوونی حەمدی پاشەچی لە شوێنی ئەو، حکوومەت بڕیاری گەڕانەوەی ئەفسەرانی بۆ ڕیزەکانی سوپا دا. لەم چوارچێوەیەدا، بە ڕەزامەندی سەرکردایەتی شۆڕش، لە بارزانەوە گەڕایەوە سوپای عێراق. پاش دوو مانگ مۆڵەتی وەرگرت و گەڕایەوە کوردستان. حکوومەت لەم مۆڵەت وەرگرتنە گومانی کرد کە لەوانەیە بچێتە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد. ناوبراو دەیزانی چاوی حکوومەت لەسەریەتی، بۆیە بڕیاری دا لە بارزان بمێنێتەوە.

لەو کاتەدا، حکوومەت لە ڕێگەی میرحاج ئەحمەدەوە لە مستەفا خۆشناو داوا دەکات بگەڕێتەوە ناو سوپا. پاش گەڕانەوەی، دوای دوو مانگ لە ڕیزەکانی سوپاى عێراق دەرکرا و لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە فەرمانی گرتنی دەرکرا. حزبی هیوا لەم فەرمانە ئاگاداری دەکاتەوە و بەم شێوەیە توانی بەغدا بەجێ بهێڵێت و خۆی ڕزگار بکات و پاشان جارێکی دیکە تێکەڵی ڕیزەکانی شۆڕش لە بارزان بوو.

لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٤٥، بە پێشنیاری مستەفا بارزانی کۆمیتەی ئازادی دامەزرا و مستەفا خۆشناو یەکێک بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر. پاش ڕاگرتنی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ حکوومەت و پاش دەرکەوتنی ئەگەری دەستپێکردنی هێرشەکانی دوژمن، لە ١٠ی شوباتی ١٩٤٥ لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئازادی و بە بڕیاری مستەفا بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی شۆڕش، ناوبراو وەک فەرماندەی بەرەی بەرگری مێرگەسۆر - ڕەواندز دەستنیشان کرا. بۆ پێشگرتن لە پێکدادانی سەربازی و لەسەر فەرمانی مستەفا بارزانی، لە ٤ی ئاداری ١٩٤٥ مستەفا خۆشناو نامەیەکی هۆشداری بۆ فەرماندەی سوپاى عێراق ڕەفیق عارف بەم ناوەڕۆکە دەنووسێت: "پاش پێشکەشکردنی ڕێز، لەلایەن کەسانی ئێمەوە ئاگادار کراینەوە کە دەتانەوێت سبەی، ٥ی ئاداری ١٩٤٥، بە ناوی ئۆپەراسیۆنەوە هێرشمان بۆ بکەن. ئێمە ئێوە ئاگادار دەکەین! لە پێشەوە دەڵێین: لەم بارەیەوە هەر ڕووداوێک ڕوو بدات، تاوانەکە لەسەر ئێمە نییە و ئێمە تاوانبار نین. ئیمزا، مستەفا خۆشناو."

بەو شێوەیە، تا ١٠ی حوزەیرانی ١٩٤٥ پێش بە شەڕ گیرا. تا ئەو کاتە وەلی بەگ لە حەوشەی بنکەی مێرگەسۆر شەهید کرا و شەڕ جارێکی دیکە گڕی گرت. لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ و پاش کۆتایی هاتنی شۆڕشی دووەمی بارزان، ناوبراو لەگەڵ مستەفا بارزانی چوو بۆ کۆماری کوردستان. لە کۆمار نەقیب مستەفا خۆشناو وەک فەرماندەی بەتالیۆنی دووەمی هێزی بارزانی دەستنیشان کرا، کە هێزەکە لە سێ بەتالیۆن پێکهاتبوو. پاشان بە فەرمانی سەرکردایەتی پلەکەی بۆ موقەدەم بەرز کرایەوە.

لە ساڵی ١٩٤٦ بەشداری زۆربەی شەڕەکانی بەرگری کۆماری دیموکراتی کوردستان بوو. پاش ڕووخانی کۆمار و گەڕانەوە بۆ سەر سنووری ئێران و عێراق لە ١٠ی نیسانی ١٩٤٧، ئەو یەکێک بوو لەو ئەفسەرانەی کە خۆی ڕادەستی حکوومەت کرد. لە سەرەتادا بردیان بۆ هەولێر و پاشان بۆ زیندانی ناوەندی بەغدا گواسترایەوە و لەگەڵ هاوڕێکانی دیکەی دەستبەسەر کران. بڕیار بوو لەسێدارە نەدرێن، بەڵام لە دادگایەکی ساختەدا، بە نهێنی بڕیاری لەسێدارەدانیان تا مردن بەسەریاندا جێبەجێ کرا. پێش لەسێدارەدانی ئەو و سێ هاوڕێکەی، وەسیەتنامەیەکیان بۆ گەل نووسی کە تێیدا هەڵوێستی خۆیان بۆ ئازادی وڵات دووپات کردەوە. ڕۆژی دواتر، سەرەڕای سنووردارکردنی ئامادەبوونی خەڵک، لە گۆڕستانی گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

سەرچاوە :

١ - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

٢ - مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و ڕێزنامەی ناوخۆیی)، دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆکسانا - ٢٠٢١).

٣ - حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق (لە قۆناغە سەرەکییەکاندا) ١٩٤٦ - ١٩٩٣، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).

٤ - مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی یەکەم ١٩٣١ - ١٩٥٨، (هەولێر - ٢٠١٢).

٥ - مەعرووف قەرەداغی، بارزان و نهێنی و ڕازەکانی، (بەغدا - چاپخانەی مەعاریف - ١٩٥٩).