ژیاننامە

مەل محەمەدئەمین لە ساڵی ١٩٠٧ لە گوندی لێری سەربە ناحیەی شێروان مەزن لە دەڤەری بارزان لەدایک بووە، دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى یەکەمى بارزان لە باشوورى کوردستان لە ساڵی (١٩٣١-١٩٣٢) ئاوارەی وڵاتی تورکیا بووە. خێزاندار بووە و خاوەن کورێکی تەمەن دوو ساڵ بووە.

خەباتنامە

دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى یەکەمى بارزان لە باشوورى کوردستان و بە دیاریکراوى ناوچەى بارزان (١٩٣١-١٩٣٢)، پەیوەندیى بە ڕیزەکانى لەشکرى شۆڕشگێڕەوە کردووە. ساڵى ١٩٤٣ و دواى گەڕانەوەى مەلا مستەفا بارزانى لە سلێمانییەوە بۆ ناوچەى بارزان و هەڵگیرساندنى شۆڕشى دووەمى بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥)، بۆ جارى دووەم پەیوەندیی بە ڕیزەکانى لەشکری شۆرشگێڕەوە کردووەتەوە و بەشدارى لە شەڕەکانى گرتنى پۆلیسخانەکانى ناوچەى بارزاندا کردووە. ساڵى ١٩٤٥ و دواى نسکۆى شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥)، هاوشانى جەنگاوەر و خێزانە بارزانییەکان ئاوارەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان (ئێران) بووە و دواى دامەزراندنى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد سەرەتاى ساڵى ١٩٤٦، لە هێزى بارزاندا بۆتە پێشمەرگەى کۆمار و پلەی سەرقولە بووە، دواى ڕووخانى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى ١٩٤٦، هاوشانى لەشکرى شۆڕشگێڕى بارزان بە فەرماندەیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى دواى چەندین شەڕ و نەبەردیی لە دژى سوپاى شاهەنشایی ئێران، بە ناوچەى نازدارداغى سێکوچکەى سنوورى ئێران-عێراق-تورکیادا گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و لە ڕیزەکانى لەشکردا لە ناوچەى هۆزى مزووریی گیرساوەتەوە.

لە ڕێکەوتى ٦ى ئایارى ساڵى ١٩٤٧ و دواى بڕیارە مێژووییەکەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە کۆبوونەوەکەى ئەرگۆش، بە خۆڕادەستنەکردنەوەیان بە حکومەتى عێراق و ڕێکردنیان بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، هاوشانى لەشکرى شۆڕشگێڕى بارزان بە زیاتر لە پێنجسەد جەنگاوەرەوە و بە سەرکردایەتى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى بڕیارى ڕۆیشتن دەدات و دەبێت بە یەکێک لە هەڤاڵانى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤییەت و لە ١٥ى نیسانى ١٩٤٧ لە شەڕی چوونی بۆ یەکێتی سۆڤییەت دوو جار بە سەختی بریندار دەبێت و لە ئەنجامدا لە ١٢ى حوزەیرانى ١٩٤٧  شەهید دەبێت و لە گوندی هاسون کە دەکەوێتە سێ گوشەی سنووری ئێران و تورکیا و رووسیا بەخاک دەسپێردرێت.

سەرچاوەکان:

١-گۆڤاری دەنگی پێشمەرگە، ژمارە ١٥٤، کانوونی دووەم ٢٠١١، شەهیدی فەرماندە مەل محەمەد ئەمین عومەر لێڕی.

٢-زرار سلێمان بەگ دەرگەلەیی، بیرەوەرییەکانم لە ساڵانی ١٩٤٣-١٩٧٧، چاپخانە رەهەند- سلێمانی، ٢٠٠٢.

٣-شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه‌، (پیرمام - چاپخانه‌ خه‌بات - ١٩٩٦ز).

٤-خۆبەدەستەوەنەدان و پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس، ئامادەکردنی مەکتەبی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لقی ١٢، ٢٠٠٩.

٥-ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

٦-ڕەشید مەلا عەلی کۆلەکی، ژیان و بەرخودان د پارزینکێ هەڤالێ بارزانیێ نەمر ((کازم شانەدەری))دا، چاپخانە رۆژهەڵات- هەولێر، ٢٠١٩.