یاساناس و سیاسه‌تمه‌دار، هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا عومه‌ر عاشور، ناسراو به‌ له‌زگین، مه‌لا ڕه‌‌حیم  و مه‌لا برایم، ساڵی ١٩٣٦ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی عێراقی بووه‌، ساڵی ١٩٤٥ له‌ شۆڕشی دووه‌می بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئازادی بووه، ساڵی ١٩٤٦ له‌‌ شاری مهاباد ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری پارتی دیموكراتی كورد بووه‌ و هەمان ساڵ و له‌ یه‌كه‌م کۆنگرەی پارتیدا به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی جێبه‌جێكاری ناوه‌ندی (كۆمیته‌ی ناوه‌ندی) و دواتر به‌ سكرتێر و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی هه‌ڵبژێردراوه‌، به‌ هۆی پابه‌ند نه‌بوون به‌ بڕیاره‌كانی حزب و یارمه‌تینه‌دانی ڕێكخستنه‌كانی پارتی، له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندییەوە له‌ ئه‌ندامیه‌تی سڕ كراوه‌، له‌ هاوینی ١٩٥١ له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندیی عێراقەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراو‌ و بۆ وڵاتی توركیا دورخرایه‌وه‌، له‌ كاتی بردنی بۆ توركیا توانی له‌ زاخۆ خۆی ڕزگار بكات و بگه‌ڕێته‌وه‌ شاری سلێمانی، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ندامه‌ ناڕازییه‌كانی پارتی و به‌ تایبه‌ت ئه‌ندامانی لقی سلێمانی كه‌ دوای كێشه‌ له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌ پارتی ده‌ركرابوون کرد، هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا و لقی سلێمانی یه‌كیانگرت و حزبێكی نوێ به‌ ناوی باڵی پێشكه‌وتووی پارتی دیموكراتی كوردی-عێراقی له‌ ساڵی ١٩٥٢ دامه‌زراند، ساڵی ١٩٥٦ دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ حزبه‌كه‌ی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا گه‌ڕایه‌وه‌ نێو ڕیزه‌كانی پارتی و له‌ سه‌ر بڕیاری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا بووه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی، ساڵی ١٩٥٩ و له‌ کۆنگرەی چواره‌م به‌ یه‌كجاری له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ركرا‌. 

ژیاننامه‌

هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا کە باوانی خەڵکی شاری وانی باكووری كوردستانن‌، دوای ئاواره‌ بوون له ساڵی ١٩١٥ لە‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌ و دواتر ئاواره‌ی باشووری كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٣١ قۆناغی ئاماده‌یی به‌شی زانستی له‌ شاری موسڵ ته‌واو كردووه‌، ساڵی ١٩٣٢ له‌ كۆلێژی ماف له‌ به‌غدا وه‌رگیراوه‌ و بڕوانامەی به‌كالۆریۆسی بەدەست هێناوە، ساڵی ١٩٤٧ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ مامۆستا نه‌عیمه‌ فه‌تاح ئه‌حمه‌د ٢٠٠٣ خوشكی پارێزه‌ر ئیبراهیم ئه‌حمه‌ددا كردووه‌، له ١٣ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٩٨ له‌ شاری سلێمانی كۆچی دوایی كردووه و له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌ گۆڕستانی گوندی سیته‌ك به‌ خاك سپێردراوه. شاره‌زای زمانەکانی كوردی، عه‌ره‌بی، ئینگلیزی و ڕووسی بووه‌.

خه‌باتنامه‌

هەمزە عەبدوڵا لە تەمەنی لاوێتیی خۆیدا لەگەڵ چەندین پارت و کۆمەڵەی سیاسی وەکو کۆمەڵەی یادگاری لاوان ١٩٣٣ و حزبی شیوعیی عێراق ١٩٣٤ و گروپی ڕۆژنامه‌ی (الأهالي) ‌كه‌ تاقه‌ ڕۆژنامه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سه‌رده‌می پاشایه‌تی عێراق بوو ١٩٣٤ و كۆمه‌ڵه‌ی چاكسازی میللی (الاصلاح الشعبي) ١٩٣٥ کاری کردووە.

له‌ شۆڕشی دووه‌می بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥)دا ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئازادی بووه و ساڵی ١٩٤٦ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری پارتی دیموكراتی كورد بووه، هەمان ساڵ و له‌ کۆنگرەی یه‌كه‌مدا به‌‌ ئه‌ندام و دواتر به‌ سكرتێری كۆمیته‌ی جێبه‌جێكاریی ناوه‌ندیی (كۆمیته‌ی ناوه‌ندی) پارتی دیموكراتی كورد هه‌ڵبژێراوه‌ و پاشان بووەته‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و لە هەمان ساڵدا یه‌كه‌مین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی ڕزگاریی ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردی ده‌ركردووه‌.

ساڵی ١٩٥١ به‌شداری ڕۆژی كردنه‌وه‌ی کۆنگرەی دووه‌می پارتی دیموكراتی كردووه‌، دواتر شوێنی سازدانی كۆنگره‌كه‌ی به‌جێ هێشتووه‌ و لەگەڵ ئەوەشدا به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌ بەڵام به‌ هۆی پابه‌ند نه‌بوون به‌ بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی دووه‌می پارتی و یارمه‌تینه‌دانی ڕێكخستنه‌كان، له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندییەوە سڕ كراوه‌.

له‌ هاوینی ١٩٥١ له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندیی عێراقەوە ده‌ستبه‌سه‌رکراوە‌ و بۆ وڵاتی توركیا دورخرا‌وته‌وه‌ و له‌ كاتی بردنی بۆ توركیا توانی له‌ زاخۆ خۆی ڕزگار بکات و بگه‌ڕێته‌وه‌ شاری سلێمانی، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی کرد به‌ ئه‌ندامه‌ ناڕازییه‌كانی پارتی و به‌ تایبه‌تی ئه‌ندامانی لقی سلێمانی كه‌ دوای كێشه‌ له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی له‌ پارتی ده‌ركرابوون، یه‌كیانگرت و ساڵی ١٩٥٢ حیزبێكی نوێیان به‌ ناوی باڵی پێشكه‌وتووی پارتی دیموكراتی كوردی-عێراقی دامه‌زراند.

ساڵی ١٩٥٣ و له‌ کۆنگرەی سێیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراقدا بۆ جاری یەکەم له‌ ڕیزه‌كانی پارتی ده‌ركرا بەڵام ساڵی ١٩٥٦ له‌ دوای گه‌یشتنی نامه‌ی جه‌نه‌راڵ سه‌رۆك مستەفا بارزانی بۆ یه‌كگرتنی هه‌ردوو باڵی پارتی له‌ یه‌ك قه‌واره‌دا، گه‌ڕا‌وه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و دواتر مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان-عێراق.

باڵا ده‌ستی شیوعییه‌كان له‌ دوای كودەتای ساڵی ١٩٥٨، كاریگه‌ری كرده‌بووه‌ سه‌ر پارتی و په‌یتا په‌یتا حزب به‌ره‌و له‌تبوون ده‌چوو به ‌تایبه‌تی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و كادیرانه‌ی حزبی شیوعی كه‌ له‌ ماوەکانی پێشوودا په‌یوه‌ندیان به‌ ڕیزه‌كانی پارتییه‌وه‌ كردبوو، لەم کاتەدا په‌یوه‌ندیكردنی شیوعییه‌كان به‌ ڕێکخستنەکانی پارتییەوە و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا، وایكرد له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌ست به‌سه‌ر حزبدا بگرن و له ‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی سكرتێری پارتییان به‌ تۆمه‌تی ڕاستڕه‌وی لادا و هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا له‌ شوێنی ئەو كرایه‌ سكرتێری پارتی.

ساڵی ١٩٥٩ هەمزە عەبدوڵا هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان له‌ ناو ڕێكخستنه‌كانی حزبی شیوعی عێراقیدا دەدات و بەم هۆیەوە پشتگیری و لایه‌نگیریی‌ بۆ حزبی شیوعیی په‌یتا په‌یتا به‌ره‌و بنكه‌ و ئه‌ندامانی حزب په‌لی ده‌هاویشت، له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ له‌لایه‌ن ڕێکخستن و ئه‌ندامانی پارتییەوە سكاڵایه‌كی زۆر گه‌یشته‌ مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) کە داوای كۆتایهێنانی ئه‌و بارودۆخه ‌و به‌ستنی كۆنگره‌ی حزبیان ده‌كرد، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بەم داوایە ڕازی نه‌بوو بۆیە مسته‌فا بارزانی داوای كۆبوونه‌وی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی كرد و له‌ ٣٠ی حوزه‌یرانی ١٩٥٩ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆبوویه‌وە و لە کۆتاییدا بریاری  سڕکردنی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا درا، ساڵی ١٩٥٩ دواجار له‌ کۆنگرەی چواره‌می پارتیدا له‌به‌ر چه‌پڕه‌‌وی و په‌یوه‌ندی نهێنی له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی خۆی  و هاورێیه‌كانی له‌‌ ڕیزه‌كانی پارتی ده‌ركران.

ساڵی ١٩٦٤ دژ به‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی و بڕیاره‌كانیان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و پشتگیری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی ‌كردووه‌ و له‌ دوای ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئاداری ١٩٧٠یش له‌ گوندی دیلمانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر سه‌ردانی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی كردووه‌‌.

له‌ به‌رهه‌مه‌كانی:

١. شۆڕشی بارزان ـ ١٩٥٩، له‌لایه‌ن موحه‌ڕه‌م محه‌مه‌د ئه‌مینه‌وه‌ له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ كراوه‌ته‌ كوردی.

سه‌رچاوه‌كان:
  1. ده‌سته‌ی ئێنسكلۆپێدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠٢١).
  2. هۆشیار نوری له‌ك، ناودارانی كورد له‌ دێڕێكدا، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی چوارچرا ـ ٢٠١٠ز).
  3. مه‌هدی محه‌مه‌د قادر، پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی عێراق ١٩٤٥ ـ ١٩٥٨، (سلێمانی ـ سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجیی كوردستان ـ ٢٠٠٥ز).
  4. شوان محه‌مه‌دئه‌مین ته‌ها خۆشناو، هه‌ولێر له‌ نێوان ساڵانی (١٩٥٨ ـ ١٩٦٣) لێكۆڵینه‌ویه‌كه‌ له‌ بارودۆخی سیاسی، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٢ز).
  5. شوان محه‌مه‌دئه‌مین ته‌ها خۆشناو، هه‌ولێر له‌ نێوان ساڵانی ١٩٦٣ ـ  ١٩٧٠ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مێژووییه‌ له‌ بارودۆخی سیاسی، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین ـ ٢٠١٦ز).
  6. ساڵح بیچار، هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا گه‌وره‌تر له‌ فه‌رامۆشكردن، ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، ئۆرگانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پاشكۆی یادگار، ژماره‌ ٨٠٧٢، ساڵی بیست و نۆیه‌م، سلێمانی، پێنجشه‌مه‌، ٣٠ كانونی دووه‌می ٢٠٢٠ز.
  7. سدیق ساڵح، سه‌رپۆتێكی ژیاننامه‌ی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا، ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، ئۆرگانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پاشكۆی یادگار، ژماره‌ ٨٠٧٢، ساڵی بیست و نۆیه‌م، سلێمانی، پێنجشه‌مه‌، ٣٠ كانونی دووه‌می ٢٠٢٠ز.
  8. ئه‌حمه‌د باوه‌ڕ، مێژووی هاوچه‌رخی عێراق ١٩١٤ ـ ١٩٦٨، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ ٢٠١٨ز).
  9. خه‌لیل عه‌بدوڵڵا، هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا؛ سیمبولێكی كوردستانی، ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، ئۆرگانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ژماره‌ ٨٠٤٥، ساڵی بیست و هه‌شته‌م، سلێمانی، سێشه‌مه‌، ٢٤ كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٩ز.
  10. پارێزه‌ر هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا، "به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستنووس" ، گۆڤاری٢١K، ژماره‌ ٢ـ ٣، ٢٠٠٨ز.
  11. حبیب محمد كریم، تاریخ الحزب الدیمقرطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  12. رحیل الشخصیة الوطنیة الكوردیة المناضلة الاستاذ حمزه‌ عبدالله‌، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ الموحد، العدد ٩٠٥، الجمعة، ١٨ كانون الأول ١٩٩٨م.
  13. كریم شاره‌زا، المناضل الوطني حمزة عبدالله‌، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، العدد ٩٤٦، الجمعة، أربیل، ١٥ تشرین الأول ١٩٩٩م.