ڕژێمی بەعس کە هێشتا خۆی بە سەرکەوتوو دەزانی و لەو باوەڕەدا بوو کە گەورەترین شۆڕشی کوردستانی تێکشکاندووە، هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی کوردستانی دەدا، لە نێوانیاندا مەسعود بارزانی یش هەبوو کە هەم کوڕی مستەفا بارزانی سەرکردەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بوو و هەمیش پاش نەخۆشکەوتنی باوکی لەگەڵ ئیدریس بارزانی کار و باری پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانیان بەڕێوە دەبرد.

مەسعود بارزانی کە لەگەڵ باوکی سەرۆک مستەفا بارزانی لە ئەمریکا بوو، لە ساڵی ١٩٧٨دا بۆ کار و باری شۆڕش پێویست بوو لەگەڵ سەرکردایەتی لەسەر کار و باری شۆڕش کۆببێتەوە، بەو مەبەستە سەردانی ئەوروپای کرد. لەم سەردانەدا هەمان کات شاندی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی بەرزان تکریتیش لە ڤیێنا بوون، بەڵام دیار نییە ئایا ئەوان تەنیا بۆ کوشتنی مەسعود بارزانی چوون و هەندێک کاری حکوومەتیان کردووەتە بیانوو یان نا، یان لەوێ زانییان کە مەسعود بارزانی لەوێیە، بڕیاریان دا لە دەرفەتەکە کەڵک وەربگرن و هەوڵی کوشتنیان دا، سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبی خۆی بە ناوی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەڵێت کە بەرزان تکریتی و چەند کەسێکی دیکە بە تایبەتی بۆ کوشتنی من هاتبوون، چونکە لەو ساڵانەدا ئامانجی حکوومەتی عێراق لەناوبردنی من بوو.

لەبەر ئەوەش باشترین سەرچاوە کە مرۆڤ لەم بوارەدا پشتی پێ ببەستێت کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردە، چونکە ڕووداوە تیرۆریستییەکەی کە ڕوویدا، بەسەر نووسەری کتێبەکەدا هاتووە. چیرۆکی ڕووداوەکە بە گوتەی سەرۆک مەسعود بارزانی بەمشێوەیەیە:

لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٧٨دا، ئێمە لە لەندەنەوە چوینە ڤیێنا و لە ناوەندی لق نیشتەجێ بووین. دواتر بڕیارم دا لە ٨ی کانوونی دووەمی ١٩٧٩دا بۆ بینینی ئیمام خومەینی سەردانی پاریس بکەم، دەمویست فارس باوە ببینم، ئێوارەی ٨ی کانوونی یەکەم ١٩٧٩ من هەمەڕەزا و ئازاد بەرواری-م ئاگادار کردەوە کە بە یەکەوە سەردانی ماڵی پیرۆت ئەحمەد بکەین، لە ڕێگەدا پێم گوتن کە نیازم هەیە فارس ببینم، ئەوان سوور بوون لەسەر ئەوەی بگەڕێینەوە، بەڵام بە قسەی ئەوانم نەکرد، کاک پیرۆت لە ئەپارتێمانێکدا ژوورێکی هەبوو، هەتا نەچووینە بەردەرگاکە ئاگای لە هاتنی ئێمە نەبوو.

سەرۆک مەسعود بارزانی داوا لە هەڤاڵ پیرۆت دەکات کە بە فارس باوە بڵێت وەرە لای ئەو، بەڵام هەڤاڵ پیرۆت بە هیچ شێوەیەک بە فارس ناڵێت کە مەسعود بارزانی لێرەیە و دەیەوێت تۆ ببینێت، لە جیاتی ئەوە، پێی دەڵێت کە پەیامێکی لە هەڤاڵێکی هەیە و ئەو دێت.

بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا چیرۆکی تیرۆرکردنەکە دەگێڕێتەوە و ئەمە دەنووسێت:

پاش کۆبوونەوەکە خۆم ئامادە کرد بۆ ئەوەی بڕۆم و گوتم: فارس، بابڕۆین، بەڵام ئەو سوێندی پێدام کە ئێمە جارێ خۆمان بگرین، با هەڤاڵەکانمان لە دەرەوە چاودێری بکەن، پاشان بڕۆین. کاتێک هەڤاڵەکان دابەزینە نهۆمی خوارەوە، لە دەرەوە ئۆتۆمبێلێک لە باڵیۆزخانەی عێراق چاوەڕێی دەکردن، دوو لەوان هاتنە پێش و وایانزانی بەڕێز ئازاد منم و چەکیان خستە سەر سەری، بەڵام بە بەختەوەری تەقەی نەکرد و تەنیا دەنگی چەخماخە هات.

هەڤاڵەکانی سەرۆک توانییان لە دەستی تیرۆریستەکان ڕابکەن و یەکێک لە هەڤاڵەکانی چەکێکی بێدەنگی پێ بوو و پاش ئەوە تەقەی کرد، ئەمە بوو بە هۆی ترسانی تیرۆریستەکان و ناچار بوون لەو شوێنە بڕۆن. ئەوان نەشیانزانیبوو کە مەسعود بارزانی لە سەرەوەیە، ئەگینا ڕەنگە ئەوەندە بە ئاسانی دەستیان لێ هەڵنەگرتبایە.

پاش ڕووداوەکە پۆلیس هاتن و بارزانی سکاڵای لەسەر حکوومەتی عێراق تۆمار کرد و حکوومەتی نەمسا پاسەوانی ئەمنییان بۆ دابین کرد و پاشان لە هۆڵی ترانزیتی ئەسینا چاوەڕێی فڕۆکە بوون، برای سەددام بەرزان تکریتی و ١٢ کەسی دیکەی لەگەڵیدا دەیانویست بگەڕێنەوە عێراق.

سەرۆک بارزانی گوتی کە لە ساڵی ١٩٩١دا لە کاتی دانوستاندنەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە خوانی ئێوارەدا ئەمەی بە بەرزان تکریتی بیر هێنایەوە و ئەو ڕووداوە و بەشداریکردنی خۆی لەو کردەوە تیرۆریستییەدا ڕەت نەکردەوە.

سەرچاوە:

١. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەشی ٤، بەرگی ١، شۆڕشی گوڵان ١٩٧٥-١٩٩٠، (هەولێر- چاپخانەی ڕۆکسانا- ٢٠٢١).