لە ھاوینی ساڵی ١٩٦٣دا حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولسەلام عارف ھێرشێکی بەرفراوانی بۆ دەڤەرە جیاوازەکانی کوردستان دەست پێ کرد، لە ڕادیۆی شاری بهغداوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕەتی کردەوە کە لەگەڵ ڕێبەرایەتیی شۆڕشی کوردیدا دانوستان بکات و بڕیاری دا شەڕێکی خوێناوی لە دژی کورد دەست پێ بکاتەوە، پاشان دەستی بە ھێرشی شار، شارۆچکە و گوندەکان کرد، دواتر لە ھەموو ئەو دەڤەرانەی کە تووشی ھێرش بوون دەستی بە گرتن، دەرکردن و کۆمەڵکوژی کرد بەو شێوەیەی کە بەعسییەکان وایان لێک دەدایەوە کە ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم پێش ئەوان بە شێوەیەکی جیددی شەڕی کوردی نەکردبوو، لە بەرامبەردا دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا شۆڕشی کورد تێک بشکێنن، ئەمەش نیشان دەدات کە عەبدولسەلام عارف ھەرگیز باوەڕی بە دۆزی کورد لە عێراق نەبووە، ئەمە لە وتارەکانی ئەودا دەرکەوت کە کوردانی نەدەناسی و وشەی کوردستانی بەکار نەدەهێنا.
پێش دەستپێکردنی شەڕ لە ٢٠ی ئایاری ١٩٦٣دا، سەرۆک ئەرکانی گشتیی سوپا فەرمانی گەمارۆی ئابووریی لەسەر کوردستان دەرکرد، بە دەستپێکردنی شەڕ لە ١٠ی حوزەیران لە زۆر شوێن تاوانی گەورە لە دژی بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان ئەنجام دران، ئاشکرایە کە لەم قۆناغەدا سلێمانی لە ھەموو شارەکانی دیکەی کوردستان زیاتر لەلایەن سوپای عێراقەوە توندوتیژیی بەرامبەر کرابوو، ھەر کاتێک لە ھەموو لایەکەوە سەرباز و کاروانە سەربازییەکان تووشی ھێرشی پێشمهرگه دەبوون، دەهاتن و تۆڵەی خۆیان لە خەڵکی سڤیلی سلێمانی دەکردەوە.
یەکێک لەم کردەوانەی توندوتیژی و نامرۆڤانە ڕووداوەکەی سلێمانی بوو کە بە فەرمانی فەرماندەی لیوای ٢٠، زەعیم سدیق مستەفا، کە وەک لیوایەکی هەرە دڕندە لە مێژووی عێراقدا دەناسرێت و دەستەکانی بە خوێنی هەزاران گەنجی ئەم وڵاتە سوور ببوون، شاری سلێمانیش لە بەرامبەر نەیارەکانی چرایەکی هەرە گەش بووە، لە کەمپەینی قڕکردنەکەدا ٥ هەزار سڤیل گیران و لەوانە ٨٦ کەسیان هەڵبژارد و بە زیندوویی بە خاک سپاردن، تەنیا تاوانیان ئەوە بوو کە بەعسییەکان وێنەی ڕێبەری شۆڕشی کورد مستەفا بارزانییان هێنابووە ناو خەڵکی گیراو و فەرمانیان پێ دابوون کە سووکایەتیی پێ بکەن، ئەوان ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەک ئەو کارە قبووڵ بکەن، دیارە یەکێک لە گیراوەکان وەڵامی دابوونەوە و گوتبووی "ئەگەر ئێوە دەتانەوێت بێڕێزی بەرامبەر بە سەرۆکەکەتان بکەن، ئەوا ئێمە گوێتان لێ ناگرین"، لەبەر ئەوە بەعسییەکان لێیان نەبوورین و کۆمەڵکوژییان کردن.
سەرچاوە:١. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


