کۆنفڕانسی بەرلینی پارتی دیموكراتی كوردستان (کۆنفڕانسی بەرلین – ١١ی ئابی ١٩٧٦)، بە سەرۆکایەتی سامی عەبدولڕەحمان و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو. مەبەست لە ڕێکخستنی کۆنفڕانسەکە پێداچوونەوە بوو بە سیاسەتی پێشووی حزب، ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی حزب و فراوانکردنی شۆڕشی چەکداری لە باشووری کوردستان.
بارودۆخ و هۆکارەکان
لە ئەنجامی ڕێککەوتنی ٦ی کانوونی دووەمی ١٩٧٥ی نێوان ئێران و عراق، شۆڕشی چەکداری لە باشووری کوردستان (شۆڕشی ئەیلوول) دوای کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە حاجی ئۆمەران لە ١٨ی ئازاری ١٩٧٥ بە فەرمانی سەرۆک مستەفا بارزانی ڕاگیرا. بەهۆی ئەمەوە، زۆربەی سەرکردایەتی حزب و ژمارەیەکی زۆر لە پێشمهرگه و هاووڵاتییانی سڤیل لە باشووری کوردستان دوای ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی شای ئێران وەک پەنابەر چوونە ئەو وڵاتە. بەم شێوەیە، هەموو ئۆرگان و دامەزراوەکانی حزب لەوانەش سەرکردایەتی حزب لە باشووری کوردستان بە کردەیی بڵاوەیان پێکرا.
دوای چەند مانگێک لە پەنابەرێتی لە ئێران، سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، لە ڕێکەوتی ١٥ی نیسانی ١٩٧٥ لەسەر ڕووبارێک لە دەرەوەی شاری نەغەدە بە ناوی (حەوت چەشمە) بە نهێنی کۆبوونەوە لەگەڵ هەریەکە لە جەوهەر نامیق، کەریم شنگاری، عارف تەیفوور و محەمەد ڕەزا. لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاری ڕێکخستنەوەی حزب درا، پاشان لە کۆبوونەوەی نهێنی لە کەرەج لە سەرەتای تشرینی دووەمی ١٩٧٥، بڕیاردرا سەرکردایەتییەکی نوێ لە ئەندامانی کۆنی کۆمیتەی ناوەندی و کادیرە گەنجەکانی حزب دروست بکرێت، بۆ جێگرتنەوەی سەرکردایەتی پێشووی حزب. لە هەمان بۆنەدا، بەیاننامەیەک ئامادە کرا و لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٥ بە ناونیشانی (سەرکردایەتی کاتی) بڵاوکرایەوە. ژمارەی ئەندامانی هەڵبژێردراو بۆ سەرکردایەتی کاتی لە یازدە ئەندام پێکهاتبوو: مەسعود بارزانی، ئیدریس بارزانی، سامی عەبدولڕەحمان، جەوهەر نامیق، کەریم شنگاری، عارف تەیفوور، محەمەد ڕەزا، ئازاد بەرواری، نووری شاوەیس، عەلی عەبدوڵڵا و کەمال کەرکوکی.
دیاریکردنی ناوی ئەندامانی سەرکردایەتی کاتی حزب پێویستی بە کۆنگرە بوو، چونکە بەپێی بەرنامە و سیاسەتی پەسەندکراوی پارتی دیموكراتی كوردستان لە کۆنگرەی هەشتەم لە حەفتاکان لە ناوپردان، دەبوو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزب لە کۆنگرەدا هەڵبژێردرێن، و ئەگەر بارودۆخەکە بۆ کۆنگرە گونجاو نەبوایە، حزب دەیتوانی کۆنفڕانسێک ببەستێت لە هەر شوێنێک بێت بەو مەرجەی لەلایەن ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پێشوو سەرپەرشتی بکرێت. بەهۆی ئەوەی بارودۆخی حزب و ناوچەکە ڕێگەی نەدەدا کۆنگرە لەلایەن سەرکردایەتی حزبەوە ببەسترێت، بڕیاردرا کۆنفڕانسێکی بەرفراوان لە ئەورووپا ببەسترێت.
بە هەوڵی لقی شەشی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هاوینی ١٩٧٦، سنووری ئەورووپا بەڕووی پەنابەرانی کورد کرایەوە، دوای ئەوەی هەریەکە لە نەمسا و هۆڵەندا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ وەرگرتنی ژمارەیەک کورد وەک پەنابەر، لەلایەن نووسینگەی پەیوەندییەکانی حزب لە تاران، ژمارەیەک پەنابەر کە ژمارەیەک لە سەرکردایەتی نوێی حزبی لەخۆگرتبوو ڕەوانەی ئەورووپا کران. دوای گەیشتنیان، پەنابەران ڕێکخران و ژمارەیەکی زۆریان لەلایەن لقی شەشی ئەورووپا بەسەر ڕێکخستنەکانی حزبدا دابەشکران. بەم شێوەیە، بارودۆخی حزب لە ئەورووپا باشتر بوو، و لە ٢٦ی ئایاری ١٩٧٦، سامی عەبدولڕەحمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە لندن دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداری لە باشووری کوردستان (شۆڕشی گوڵان)ی ڕاگەیاند. لەم ماوەیەدا، سەرکردایەتی حزب بڕیاریدا کۆنفڕانسێکی حزبی لە ئەورووپا ببەستێت.
ئامادەکارییەکانی کۆنفڕانس
لەلایەن لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەکارییەکانی کۆنفڕانس کران، چونکە بارەگای لق لە بەرلینی ڕۆژئاوا بوو، شارەکە وەک شوێنی بەڕێوەبردنی کۆنفڕانس دیاریکرا. دوای ئەوەی ئامادەکارییەکان کران، داوا لە لێژنە ناوچەی ئەورووپا کرا نوێنەرانی خۆیان بنێرن بۆ بەرلین، هەر لێژنەیەکی ناوچە لانیکەم دوو نوێنەری بۆ دیاریکرا. لێژنەی ناوچە ئەندامێکی لەنێوان خۆیان هەڵبژارد، لەگەڵ بەرپرسی لێژنەی ناوچە، کە ڕاستەوخۆ چوون بۆ کۆنفڕانس و بە ڕاپۆرتێک گەیشتنە بەرلین. هۆڵی زانکۆی بەرلین بەکرێ گیرا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی کۆنفڕانس، و لێژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانس پێکهێنرا، کە بریتی بوون لە سامی عەبدولڕەحمان، نووری شاوەیس، حەمە ڕەزا و عارف تەیفوور.
لە ١١ی ئابی ١٩٧٦، بە سەرپەرشتی سامی عەبدولڕەحمان و لێژنەیەکی ئامادەکاری، کۆنفڕانس دەستی بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی کرد، ژمارەی ئەندامانی لێژنەی ناوچەی ئەورووپا چل ئەندامی لقی شەش بوون، بە گشتی لەگەڵ ئەندامانی سەرکردایەتی کاتی، ئەو کادیرانەی تازە گەیشتبوونە ئەورووپا و میوانەکان، کە یەکێکیان عیسمەت شەریف وانلی بوو، ژمارەی بەشداربووانی کۆنفڕانس گەیشتە چل و هەشت بۆ پەنجا کەس، لەوانە تاریق ئاکرەیی (بەرپرسی لقی شەش)، عەزیز شێخ ڕەزا، سیامەند بانە، ڕەمزی شەعبان، دکتۆر پیرۆت، حەمید ئاکرەیی، پۆڵا مەغدید قەساب کۆیی، محەمەد ساڵح جومعە، فەوزی ئەسعەد، محەمەد میسۆ، جەمال عەلەمدار، دکتۆر عومەر ئۆرمەری، فەرهاد سۆفی (فەرهاد جبریل)، تۆفیق فەیلی، مەجید فەیلی، عیزەدین بەرواری، عەبدولقادر بەرواری، عەبدولسەلام بەرواری، فایەق نەروەیی، محەمەد ئەمین دەڵاوی، ئازاد مەحمود خەفاف، وریا ساعاتی، عەبدولڕەحمان پێدەوی، غازی زێباری، محەمەد حەسەن عەونات، دکتۆر سەباح مێهرەوانی و هتد...
کۆنفڕانس
کۆنفڕانسەکە لە نێوان ١١ بۆ ١٦ی ئاب بەردەوام بوو، ڕەشنووسی نامیلکەیەکی هەشتا لاپەڕەیی بە ناونیشانی (ڕێبازی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد) لەلایەن سامی عەبدولڕەحمانەوە لە کۆبوونەوەکەدا خوێندرایەوە. ئەمە لەلایەن کۆمیتەی سەرپەرشتیاری کۆنفڕانسەوە ئامادەکرابوو، بەتایبەتی سامی عەبدولڕەحمان و نووری شاوەیس، کە نامەیەکی ڕەخنەیی بوو. باسی شۆڕشی ئەیلوول و سەرکردایەتی شۆڕشەکەی دەکرد و بە باوەڕێکی پتەوی چەپڕەوی مارکسیزمی لینینیزم نووسرابوو؛ نامەکە لەلایەن ئەندامانی کۆنفڕانسەوە تاوتوێ کرا و پاشان دەنگی لەسەر درا. بەشی دووەمی ئەرکی کۆنفڕانسەکە دیاریکردنی ناوی ئەو یازدە ئەندامەی سەرکردایەتی کاتی بوو کە پێشتر وەک ئەندامانی سەرکردایەتی هەڵبژێردرابوون، لەگەڵ زیادکردنی چوار ئەندامی دیکە. ئەو ئەندامە نوێیانەی کە وەک ئەندامی نوێی سەرکردایەتی کاتی هەڵبژێردران دوای ئاشکراکردنی ناوەکانیان بڕیار بوو بگەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان، بەمەش دوای دەنگدان هەر یەک لە ووریا ساعی، دلشاد میران، ئازاد خەفاف و عەبدولڕەحمان پێدەوی وەک ئەندامی نوێی سەرکردایەتی هەڵبژێردران و بۆ لیستی ئەندامانی سەرکردایەتی کاتی زیادکران، بەمەش ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی کاتی بوو بە پازدە ئەندام و بە شێوەیەکی یاسایی دامەزران.
جگە لە کار و ئەرکەکانی کۆنفڕانسی بەرلین، لەم کۆنفڕانسەدا چەند بڕیارێکی سیاسی دران، کە هەڵبژاردنی سەرۆک مستەفا بارزانی وەک ڕێبەری پارتی دیموكراتی كوردستان و ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نۆیەمی پارتی، گرنگترین بڕیارەکان بوون.
دوای کۆتاییهاتنی کار و ئەرکەکانی سەرکردایەتی کاتی و هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێ و دامەزراندنیان، کۆنفڕانسەکە لەلایەن لقی شەشەوە درێژەی پێدرا، دوای کاندیدکردنی کاندیدەکان بڕیاردرا دەنگ بدرێت بۆ هەڵبژاردنی دوو ئەندامی کۆمیتەی لق بۆ لقی شەشی ئەوروپا، لە ئەنجامی دەنگدانەکەدا، تاریق ئاکرەیی وەک بەرپرسی لق دووبارە دەستنیشانکرایەوە و سیامەند بانە و عەبدولسەلام بەرواریش وەک ئەندامانی کارگێڕی لق هەڵبژێردران. دواتر د. جەرجیس حەسەن و حەمید ئاکرەیی بۆ دەستەی کارگێڕی لق زیادکران.
کۆنفڕانسەکە شەش ڕۆژی خایاند و لە ١٦ی ئابی ١٩٧٦ چالاکییەکانی کۆتایی پێهێنا، کە هەمان ڕێکەوتی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. ئاهەنگێکی بچووک سازکرا و پاشان بۆ ئێوارەی هەمان ڕۆژ، بڕیارەکانی کۆنفڕانسەکە بۆ ئەندامان و بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە خوێندرایەوە، بەهۆی هەستیاری دۆخی سیاسی ئەو کاتەوە، هیچ بەیاننامەیەک بە بۆنەی کۆتاییهاتنی کۆنفڕانسەکە بڵاونەکرایەوە، نامیلکەیەک بە ناونیشانی "ڕێبازی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد" دەرچوو، کە دواتر نامیلکەکە وەک ڕاپۆرتی سیاسی سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ١١-١٥ی ئابی ١٩٧٦ پەسەندکرا.
سەرچاوە:
• فاروق محهمهد محهمهدئهمین، سیاسهتی ئێران بهرامبهر جوڵانهوهی ڕزگاریخوازی كورد له باشوری كوردستان (١٩٧٥-١٩٨٩)، (سلێمانی- چاپخانهی رێ نوێ- ٢٠١٤ز).
• مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره و كۆنفرانس (پرۆگرام و پهیڕهوی ناوخۆ)، دهستهی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، بهرگی یهكهم، (ههولێر- چاپخانهی رۆكسانا- ٢٠٢١).
• صلاح الخرسان، التیارات السیاسیة في كردستان العراق، قراءة في ملفات الحركات و الأحزاب الكردیة في العراق ١٩٤٦-٢٠٠١، (بیروت – مطبعة البلاغ – ٢٠٠١م).
• كریس كوچرا، جنبش ملی كرد، ت . ابراهیم یونسی، چاپ دوم، (تهران- مؤسسه انتشارات نگاه- ١٣٧٧).
• كنفرانس سران اوپك با اخطار بومدین بهغرب تشكیل شد، روزنامه اطلاعات، شماره ١٤٦٥١، چهار شنبه ١٤ اسفند ماه ١٣٥٣.
• عومهر عوسمان، ژیانی كوردێك، (ههولێر- چاپخانهی حاجی هاشم- ٢٠٠٥).
• د. عهلی تهتهر نێروهی، بزاڤی ڕزگاریخوازی نهتهوهی كورد له كوردستانی عێراق له سالهكانی جهنگی عێراق و ئیران دا (١٩٨٠ - ١٩٨٨)، چاپی یهكهم، (ههولێر- چاپخانهی حاجی هاشم- ٢٠٠٨).
• مسودة النظام الداخلي للحزب الدیموقراطي "المؤتمر الثامن" (١٩٧٠)، الفصل الرابع (المنظمات الحزبیة – واجباتها و صلاحیاتها)، المادة السابعة العشرة – اللجنة النركزیة، فقرة ٢.
• حامید گهوههری، ئیدریس مستهفا بارزانی و بارزانییهكان باشتر بناسین مێژووی زارهكی، (ستۆكهۆڵم- ٢٠١٤).
• محهمهد مهلا قادر، خهباتنامه، كورته مێژووی پارتی و بارزانی نهمر، چاپی سێیهم، (ههولێر- چاپخانهی ئاراس- ٢٠١٢).
• ئهرشیفی دهستهی ئینسكلۆپێدیا، چاوپێكهوتن لهگهڵ كهریم شنگاری، (ههولێر -٢٩\١\٢٠١٧).
• ئهرشیفی دهستهی ئینسكلۆپێدیا، چاوپێكهوتن لهگهڵ عارف تهیفوور، (خازر - ١١\١٢\٢٠١٦).
• ئهرشیفی دهستهی ئینسكلۆپێدیا، چاوپێكهوتن لهگهڵ مولازم یوونس ڕۆژبهیانی، ١٤\٨\٢٠١٦.
• ئهرشیفی دهستهی ئینسكلۆپێدیا، چاوپێكهوتن لهگهڵ تارق ئاكرهیی، (ههولێر -٢٠١٧).
• ئهرشیفی دهستهی ئینسكلۆپێدیا، چاوپێكهوتن لهگهڵ عهبدولسهلام بهرواری، (ههولێر - ٢٠١٧).
• پارتی دیموكراتی كوردستان سهركردایهتی كاتی، رێبازی بزوتنهوهی ئازادیخوازی كورد، ههڵسهنگاندنی شۆڕشی ئهیلول و بهرنامهی نوێی پارتی دیموكراتی كوردستان، راپۆرتی سیاسی سهركردایهتی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان كه له لایهن كۆنفڕانسی پارتی یهوه له (١١-١٥)ی ئاب ١٩٧٦ پهسهندكراوه.








