بەستنی کۆنگرە

دوای بەستنی کۆنگرەی شەشەم، یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنگرە ئەوە بوو کە هەموو ساڵێک کۆنگرەیەک بۆ یەکێتی قوتابیانی کوردستان ببەسترێت. لەسەر ڕۆشنایی ئەم بڕیارە و دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، کاری بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی نوێ کرا و لە ماوەی ٣٠ی ئازار تا ٢ی نیسانی ١٩٧٢، کۆنگرەی هەفتەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە کەشێکی ئازاددا بە دروشمی "زانست و خەبات لە پێناو چەسپاندنی حوکمی زاتی بۆ کوردستانی عێراق" و بە ئامادەبوونی ٤٥٠ نوێنەر لە حەوت لق لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی زانکۆی سلێمانی بەسترا.

لە کۆنگرەکەدا تەیب عەبدولکەریم ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست و وەزیری نەوت ئامادەبوو.. نوێنەری سەرۆک کۆماری عێراق وتاری سەرۆکی خوێندەوە، هەروەها وەک میوان هەریەک لە عەلی عەبدوڵڵا پارێزگاری سلێمانی، سامی عەبدولڕەحمان وەزیری کاروباری باکوور بە نوێنەرایەتی سەرکردە مستەفا بارزانی، و بیانکۆ نوێنەری یەکێتی ڕێکخراوە قوتابییەکانی ڕۆمانیا، ئەندازیار تاریق ئاکرەیی سەرۆکی کۆمەڵەی قوتابیانی کورد لە ئەوروپا ئامادەبوون.

ڕۆژی یەکەمی کۆنگرە تەرخانکرا بۆ خوێندنەوەی وتاری بەشداربووان و ئەنجامدانی ئاهەنگی کردنەوە، لە ڕۆژی دووەمدا کمیسیۆنی ئامادەکاری کۆنگرە دیاریکرا و لە ڕۆژانی دواتردا کۆنگرە بە فەرمی دەستی بە کارەکانی کرد، گرنگترین بڕیارەکانی کۆنگرە بریتی بوون لە: دامەزراندنی ئەنجومەنی کارگێڕی گشتی بۆ ئەوەی جێگەی کمیسیۆنی جێبەجێکار بگرێتەوە و کردنەوەی لق بۆ ئەنجومەنەکە لە سەرانسەری عێراق. زیادکردنی سەنتەرەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری، گواستنەوەی بەشی کوردی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی شاری به‌غدا بۆ کۆلێژێکی تایبەت. هاوکاری کردنی قوتابیانی بەشەکانی تری کوردستان. بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی قوتابیان لە جیهاندا و جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانی یەکێتی قوتابیان بۆ شۆڕش و سەرکردە مستەفا بارزانی.

لە کۆنگرەکەدا پۆستی جێگر هەڵوەشێنرایەوە، لە کۆتاییدا دەستەی سکرتاریەت لەلایەن نوێنەرانەوە بەم شێوەیەی خوارەوە هەڵبژێردران:

١- عادل موراد- سەرۆک

٢ -  ڕەنج نوری شاوەیس- سکرتێر

٣- ئازاد محەمەد خەفاف- ئەندامی دەستەی سکرتاریەت

٤-  چیا عەباس- ئەندامی دەستەی سکرتاریەت

٥-  یوسف مەولوود قەساب- ئەندامی دەستەی سکرتاریەت

٦-  ئازاد محەمەد نەجیب- ئەندامی دەستەی سکرتاریەت

٧-  محەمەد قەرەنی قەرەداغی- ئەندامی دەستەی سکرتاریەت

٨- عوسمان ساڵح خۆشناو- ئەندامی دەستەی سکرتاریەت

٩- جەلال سەلیم خۆشناو- ئەندامی دەستەی سکرتاریەت

١٠- حوسێن تەها شەنگالی- ئەندامی دەستەی سکرتاریەت

١١-  نەجمەدین عومەر کەریم- ئەندامی دەستەی سکرتاریەت

ئەندامانی یەدەگی دەستەی سکرتاریەت بەم شێوەیە هەڵبژێردران:

١- خەسرەو گوڵ محەمەد

٢- عەزیز مەحموود

٣-  سیروان عەبدوڵڵا

٤- نەجمەدین عەزیز

٥- جەبار سابیر

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پێکهاتەی ڕێکخستنەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەم شێوەیە بوو:

خانە، کمیسیۆنی قوتابخانەکان یان زانکۆ و پەیمانگاکان، کمیسیۆنی ناوخۆیی، کمیسیۆنی لقەکان، دەستەی کارگێڕی، دەستەی سکرتاریەت و سکرتێری گشتی.

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

 

١- عرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چاپى یەکەم، (هەولێر-چاپخانەى ڕۆژهەڵات-٢٠١٢)، ل ٧٤.

٢- وتاری بەڕێز سەرۆک کۆمار لە کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی عێراق، ڕۆژنامەی التآخي، ژمارە ٩٩٧، شاری به‌غدا، چاپخانەی تایمس، شەممە، ١ی نیسانی ١٩٧٢ز، ل ١.

٣- ساسان عەونی، یەکێتى قوتابیانى کوردستان چەند لایەنێکى تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر- چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە- ١٩٩٨)، ل ٤٢.

٤- عرفان عەزیز عەزیز، سەرچاوەى پێشوو، ل ل ٧٤-٧٥.

٥- ساسان عەونی، سەرچاوەى پێشوو، ل ٥٧؛ عرفان عەزیز عەزیز، سەرچاوەى پێشوو، ل ٧٧.

٦- پەیڕەو و پەیڕەوی ناوخۆ، یەکێتی قوتابیانی کوردستانی عێراق، کۆنگرەی هەفتەم، (بێ شوێن - ١٩٧٢ز)، ل ل ١ - ٢١.