ئازاد عەبدولقادر سەعید، سیاسەتمەدار بە ناوی (ئازاد قەرەداغی)، ناسراوە. لە ساڵی 1969دا قوتابیی دەرچووی خولی دووەمی فێرگەی پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گوندی ناودەشتان-ی سەر بە پارێزگای هەولێرە. لە ساڵی 1979دا لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەی نۆیەمەوە بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1989دا لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەی دەیەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1992دا ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان (پەرلەمانی کوردستان) لە خولی یەکەمدا بووە. لە ساڵی 1993دا لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەی یازدەیەمەوە بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو لە شاری هەولێر هەڵبژێردراوە.

 

ژیاننامە

ئازاد عەبدولقادر سەعید لە ساڵی 1947دا لە ناوچەی قەرەداغی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایک بووە. دەرچووی ئامادەییی کشتوکاڵە. لە ساڵی 1975دا پاش شکستی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری شاینشینی ئێران بووە و وەک پەنابەر لەوێ ژیانی خۆی بەسەر بردووە و بە کارکردن لە کارگەکاندا بژێوی خۆی و خێزانەکەی دابین کردووە. لە ساڵی 1977دا لە ماڵی ئەو شوێنی حەواندنەوەی ئەو کەسانە بووە کە پەیامەکانی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان-یان بە ئیدریس بارزانی (1944 - 1987) دەگەیاند. لە ساڵی 2000دا کۆچی دوایی کردووە. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و سویدی بووە.

 

خەباتنامە

ئازاد قەرەداغی لە ساڵی 1960دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە کردووە. لە ساڵی 1964دا ئەندامی لێژنەی ڕێکخستنی قەرەداغی سەر بە لێژنەی ناوچەی سلێمانیی سەر بە لێژنەی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. لە مانگی نیسانی 1969دا لەگەڵ سی و یەک (31) قوتابیی دیکە لە خولی دووەمی فێرگەی پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گوندی ناودەشتان-ی سەر بە پارێزگای هەولێر وەرگیراوە و لە مانگی ئابی 1969دا بە سەرکەوتوویی دەرچووە. لە ساڵی 1971دا بەرپرسی لێژنەی ناوچەی دوکان-ی سەر بە لێژنەی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. لە ساڵانی (1972 - 1974) بە بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ڕانیەی سەر بە لێژنەی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1974دا بە کارگێڕی لێژنەی لقی حەوت هەڵبژێردراوە کە بارەگاکەی لە گوندی ناودەشتان-ی سەر بە پارێزگای هەولێر بووە.

 

لە ساڵی 1974دا لە بەرەی پلینگان-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی شەڕی دژی هێزی پیادەی سوپای عێراق کردووە و تێیدا بریندار بووە. لە ساڵی 1979دا ئەندامی لێژنەی ڕێکخستنی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێو پەنابەرانی باشووری کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بووە. لە ساڵی 1979دا ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گوندی ڕەژان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1979دا لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەی نۆیەمەوە بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1979دا بووە بە کارگێڕی لێژنەی لقی چوار. لە هاوینی ساڵی 1982دا بەشداریی لە ئازادکردنی ڕێگای (هەڵەبجە - سەید سادق)-ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە کردووە. لە ساڵی 1986دا بووە بە بەرپرسی لێژنەی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان. لە ساڵی 1987دا پلەکەی بۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرز کراوەتەوە. لە ساڵی 1989دا لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەی دەیەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە.

 

لە 28ی شوباتی 1991 پێش سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی باشووری کوردستان وەک بەرپرسی لێژنەی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هێزێکی پێشمه‌رگه گەیشتووەتە چیای بێمۆ و بنکەیەکی پێشمه‌رگه-ی تێدا دامەزراندووە. لە ساڵی 1991 و لە کاتی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لە بەرەی کوردستانی بە نوێنەرایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەندامی سەرکردایەتیی میحوەر (سلێمانی - کەرکووک) بووە و بە نوێنەرایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریی کۆبوونەوەی چەمچەماڵی بەرەی کوردستانی بۆ ئازادکردنی شاری کەرکووک کردووە. هەمان ساڵ وەک سەرکردە و فەرماندە بەشداریی ئازادکردنی شاری کەرکووکی کردووە. لە 12ی نیسانی 1991 پاش کۆچڕەوە ملیۆنییەکە لە شەڕی چیای ئەزمەڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دژی هێرشی سوپای پیادەی عێراق بەشداریی کردووە و لەو شەڕەدا بریندار بووە. لە ناو ساڵی 1992 کاندیدی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان بووە. لە ساڵی 1992دا لە لایەن دەنگدەرانەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان لەسەر لیستی زەردی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە. لە کۆتایی ساڵی 1992 لە خەباتکاری بیست و شەشەمی لێژنەی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەرپرسی لێژنەی لق دەستنیشان کراوە. لە کۆتایی ساڵی 1992دا لە خەباتکاری بیست و حەوتەمی لێژنەی لقی دوودا بە بەرپرسی لێژنەی لق دەستنیشان کراوە.

 

لە ساڵی ١٩٩٣ لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەی یازدەهەمەوە بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو لە شاری هەولێر هەڵبژێردراوە. لە مانگی ئابی ١٩٩٣ لە لایەن مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو بە یەکەمین بەرپرسی لقی یازدەی ڕانیە دەستنیشان کراوە و تا مانگی ئایاری ١٩٩٤ لەسەر کار بووە. لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤ تا ٢٨ی ئاداری ١٩٩٥ لەگەڵ ٥٨ پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان لەسەر هەموو لیستەکان، بۆ شەرمەزارکردنی شەڕی ناوخۆ لە هۆڵی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان ئامادە بووە. لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٦ و لە خولی یەکەمدا ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمه‌رگه لە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان بووە. لە ٩ی ئەیلوولی ١٩٩٨ هەر لە خولی یەکەمدا ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ و لێکۆڵینەوەکان و ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمه‌رگه لە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٩٩ ئەندامی کۆنگرەی دوازدەهەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. هەمان ساڵ بەرپرسی مەکتەبی کۆمەڵایەتی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە شەوی ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٠ لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکا لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی شانشینی سوید بە نەخۆشییەکی کوشندە کۆچی دوایی کردووە. ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٠٠ تەرمەکەی لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا لە گۆڕستانی پیرمام سەر بە پارێزگای هەولێر بە خاک سپێردراوە.

سەرچاوە:

١ - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.