ئەحمەد مەلا سوار لە ساڵی 1962 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە کردووە و لە هێزی عومەر ئاغای دۆڵەمەریدا بووە پێشمهرگه. بە هێزێکی تایبەتی سەر بە بارزانیی نەمرەوە چووەتە ناوچەی سۆران. لە ساڵی 1974 لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی نێوان حکومەتی عێراق و شۆڕشی کورددا لە بەرەی شەڕی سپیلکدا بووە سەرپەل. پاش شکستى شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975 لە گوندی مەلا سوار ماوەتەوە. لە ساڵی 1980 دووبارە گەڕاوەتەوە ناو ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگه و لە گوندی هەیات فەرماندەی مفرازەی گەڕۆک بووە. لە 31ی ئایاری 1981 لە کاتی دانانی کەمینێک بۆ سوپای عێراق بە سەختی بریندار بووە و بۆ ئێران گواستراوەتەوە. پاش چاکبوونەوە دووبارە دەگەڕێتەوە ناو ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگه و دەبێتە جێگری دکتۆر سەعید نادیر.
لە ساڵی 1987 بووە بەرپرسی ڕێکخستنی کارۆخ و لە ساڵی 1988 پاش لافاوی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ناوچەی بادینان دەچێتە ڕوژههلاتی کوردستان. لە ساڵی 1989 بووە بەرپرسی پاسەوانانی مکتب سیاسی لە ڕاجان. لە ساڵی 1991 بەپێی پلانی دارێژراوی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی کوردستانی لەبارەی ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەوە، لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە ڕاپەڕینی شاری سلێمانیدا بەشدار بووە. لە ساڵی 1992 گەڕاوەتەوە ناو هێزی بەرزان و بووە فەرماندەی هێز. لە ساڵی 1993 ئەرکی فەرماندەی بەتالیۆنی سێی لەشکری تایبەتی پێ سپێردراوە. لە ساڵی 1994 بە بەتالیۆنەکەی خۆی ئەرکی پاسەوانی مکتب سەرۆکی وەرگرتووە. لە ساڵی 1995 لە شەڕی بەرگری لە شەریعەت لە دەشتی هەولێر بریندار بووە.
ئەحمەد مەلا سوار لە شەڕەکانی سەری عەقرە و بەری نزار و بلێ و بەرزان و شەڕی پیرفات و شەڕەکانی دەڤەری بالەکایەتی و شەڕی کارۆخ و سپیلک و شەڕەکانی مێرگەسۆر و گۆرەتۆ و باوەدا بەشدار بووە. لە ساڵی 2009 تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە. لە کۆنگرەی 13ی ساڵی 2010 لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانیی وەرگرتووە. لە 4ی نیسانی 2012 بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە.
سەرچاوە:1. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.


