حەسەن محەمەد سوورە محەمەد، بە ناوی (دکتۆر حەسەن سوور) ناسراوە. لە ساڵی ١٩٨٥دا وەک پزیشک پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. لە ساڵانی ١٩٩٠ - ١٩٩١ پێش ڕاپەڕینی باشووری کوردستان چەندین ڕاسپاردەی تایبەتی مەسعود بارزانی بۆ چەند کەسایەتییەکی دەڤەری سۆران، شەقڵاوە، پیرمام، حاجی ئۆمەران و خەلیفانی سەر بە پارێزگای هەولێر بردووە. لە ساڵی ١٩٩٣دا بەرپرسی لقی یانزەی ڕانیەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٩٩دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی دوازدەهەمدا لە ڕیزبەندی نۆهەمدا هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان (پەرلەمانی کوردستان).
ژیاننامە
حەسەن محەمەد سوورە محەمەد، بە ناوی (دکتۆر حەسەن سوور) ناسراوە. لە ساڵی ١٩٥٥دا لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٨٢دا دەرچووی کۆلێژی پزیشکییە لە زانکۆی موسڵ و شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزییە.
خەباتنامە
حەسەن محەمەد سوورە لە ساڵی ١٩٨٥دا وەک پزیشک پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٨٦دا ئەندامی لێژنەی ناوچەی قەڵادزێی سەر بە لێژنەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵانی (١٩٩٠ - ١٩٩١) پێش ڕاپەڕینی باشووری کوردستان چەندین ڕاسپاردەی تایبەتی مەسعود بارزانی بۆ چەند کەسایەتییەکی دەڤەری سۆران، شەقڵاوە، پیرمام، حاجی ئۆمەران و خەلیفانی سەر بە پارێزگای هەولێر بردووە بە مەبەستی هاوکاریکردنی ڕاپەڕین، هەندێک لەوان بۆ ئەنوەر بەگی بێتواتە و عوسمان بەگی میرانی شەقڵاوە و سەعید ئاغای شێتنی و شێخ شوش نەهری بە مەبەستی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لە دژی ڕژێمی سەدام حوسێن (١٩٣٨ - ٢٠٠٢) ناسراو بە سەدام تکریتی سەرۆک کۆماری عێراق. لە ساڵی ١٩٩١دا بەرپرسی لێژنەی ناوچەی قەڵادزێی سەر بە لێژنەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٩٣ بەرپرسی لێژنەی لقی یانزەی ڕانیەی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یەکگرتوو بووە. ئەندامی لێژنەی پشکنین و چاودێری پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یەکگرتوو بووە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە بووە، لە ساڵانی (١٩٩٢ - ١٩٩٧) بووە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە ساڵی ١٩٩٩دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی دوازدەهەمدا و لە ڕیزبەندی نۆهەمدا هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ٢٠٠٣ بە جێگری بەرپرسی لێژنەی لقی یانزەی ڕانیە دەستنیشان کراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی نیسانی ٢٠٠٣ لە ڕۆژنامەی برایەتی ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا وتاری بڵاو کردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٣ بە جێگری بەرپرسی لێژنەی لقی سێی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ جاری دووەم بە بەرپرسی لێژنەی لقی یانزەی ڕانیەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ بەربژێری لیستی کوردستانیی پرۆسەی هەڵبژاردنی ٢٥ی تەمموزی ٢٠٠٩ی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان بووە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان (خولی سێیەم). لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە خولی سێیەمی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستاندا لەلایەن نوێنەرانەوە بە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩دا ئەندامی لێژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان لە (خولی سێیەم)دا بووە. لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩دا ئەندامی لێژنەی پەیوەندی و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و شوێنەواری ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان (خولی سێیەم) بووە. لە ساڵانی (٢٠٠٩ - ٢٠١٣) ئەندامی لێژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان بووە. لە ساڵی ٢٠١٠دا نوێنەری کۆنگرەی سێزدەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر بووە. لە ١٥ی شوباتی ٢٠١٢دا لەلایەن نوێنەرانەوە بە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان لە (خولی سێیەم)دا هەڵبژێردراوە.
سەرچاوە :١ - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
٢ - کێنەر عەبدوڵڵا - بەشداریی سیاسیی ژنان لە باشووری کوردستان - (سلێمانی - ٢٠١٦) - لاپەڕە ٩٤.
٣ - ئامادەکردن و کۆکردنەوە : تارا تەحسین ئەسعەدی - ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان خولی سێیەم - ٢٠٠٩ - ٢٠١٣، (هەولێر ـ چاپخانەی شەهاب - ٢٠١٠) - لاپەڕە ١١ - ٥٢ - ١٣٥ - ١٣٧.
٤ - هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ عێراق - گۆڤاری گوڵانی عەرەبی - دامەزراوەی گوڵان بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن - ژمارە ٤١، ساڵی چوارەم - هەولێر ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ - لاپەڕە ١٥.
٥ - بەربژێرانی لیستی کوردستانیی هەڵبژاردنی ٢٥.٧.٢٠٠٩ - گۆڤاری دەنگدان - دەزگای هەڵبژاردنی (ی. ن. ک)، ژمارە ٨ - سلێمانی ٢٠٠٩ - لاپەڕە ١٩.
٦ - هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندیی نوێ پێکهاتوو لە ٣١ ئەندام و ٩ ئەندامی یەدەگ - ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە ٩٤٦ - هەولێر، هەینی ١٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ - لاپەڕە ١٥.
٧ - تارا تەحسین ئەسعەدی - پەرلەمانتارانی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستانی ـ عێراق ٢٠٠٩ - ٢٠١٣ (هەولێر ـ چاپخانەی شەهاب ٢٠١٣) لاپەڕە ١٨.
٨ - حەسەن محەمەد سوورە - وانە و پەندەکانی ڕاپەڕین بۆ ئەمڕۆ زۆر بەنرخن - ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان - ژمارە ٣٩٣٠ - هەولێر - پێنجشەممە ٦ی ئاداری ٢٠٠٣ - لاپەڕە ٣.
٩ - حەسەن محەمەد سوورە - ئەنجامدەرانی تاوانی ٢٤.٠٤.١٩٧٤ بە سزای گەل گەیشتن - ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان - ژمارە ٣٩٧٥ - هەولێر، پێنجشەممە ٢٤ی نیسانی ٢٠٠٣ - لاپەڕە ٣.
١٠ - ڕۆژانی ڕاپەڕین لە هەگبەی پێشمەرگەیەکدا - ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یەکگرتوو - ژمارە ٢١٥٩، هەینی ٨ی ئاداری ١٩٩٦ - لاپەڕە ٥.
١١ - عەلی سەنجاری - القضیة الکردیة وحزب البعث العربي الاشتراکی فی العراق، الجزء الثالث، ( دهۆک - چاپخانەی خانی ٢٠١٢ ) - لاپەڕە ٤٧٩.
١٢ - فازڵ رەئووف - بەرەو رۆژێ - بەرگی یەکەم، ( هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیری ٢٠٠١ ) - لاپەڕە ١٩٠.
١٣ - کاروان مەحوی - کۆنگرەکانی پارتی ئێمە پارتی دیموکراتی کوردستان - گۆڤاری شیکار - مەکتەبی ناوەندی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن - ژمارە ١٤، هەولێر - چاپخانەی حاجی هاشم، پایزی ٢٠١٠ - لاپەڕە ٢١.
١٤ - لقی دوو - لقی دوو لە نیو سەدەی تێکۆشاندا - ( هەولێر - چاپخانەی ئاراس ٢٠١٠ ) - لاپەڕە ٣٤.
١٥ - لە دیدارێکی بەرپرسی لقی (١١) و کۆمیتەی رانیەی پارتی کۆمۆنیستی کوردستاندا جەخت لەسەر فیدراڵی جوگرافی نەتەوەیی کرایەوە - رۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان - ژمارە ١٣٥١، هەولێر - چوارشەممە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٤ - لاپەڕە ٥.
١٦ - ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان : http://www.perleman.org
١٧ - محەمەد عەلی ئیسماعیل - بیرەوەرییەکانی من حەفتا ساڵ تەمەن و زیاتری نیو سەدەی خەبات - ( بێ شوێن - ٢٠١٩) - لاپەڕە : ٣٢٦ - ٢٩٧.
١٨ - هەرێمی کوردستانی - عێراق - پەرلەمانی کوردستانی - عێراق - پرۆتۆکۆلەکانی ساڵی ٢٠٠٩ی پەرلەمانی کوردستان، بەرگی پەنجاو چوار - ( هەولێر - لە بڵاوکراوەکانی پەرلەمانی کوردستان - عێراق ٢٠٠٩) - لاپەڕە ١٣ - ٢٣٥ - ٢٣٦.
١٩ - هەرێمی کوردستانی - عێراق - پەرلەمانی کوردستانی - عێراق - پرۆتۆکۆلەکانی ساڵی ٢٠١٢، بەرگی حەفتاو شەش - ( هەولێر - لە بڵاوکراوەکانی پەرلەمانی کوردستان - عێراق ٢٠١٢ ) - لاپەڕە ١٩.


