ئاشکرایە کە سیاسەتی دوژمنکارانەی حکوومەتی عێراق بەرامبەر کوردستان لە ڕەفتاری هێزە سەربازییەکان و بەکرێگیراواندا دەرکەوتووە کە هەمیشە ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بۆ لەناوبردنی کورد و وێرانکردن و سووتاندنی گوندەکانی کوردستان ئەنجام دەدا، بەڵام هەر جارە و هێرشە سەربازییەکان لەلایەن هێزی پێشمهرگهوە تێکدەشکێنران، بۆیە لە ساڵی 1987 لە دەڤەری بادینان چالاکییەکانی پێشمهرگه چووە قۆناغێکی بەرفراوانەوە، بە شێوەیەک زۆریان لە حکوومەت کردبوو کە بەردەوام لە بەرەکانی شەڕدا بن لەگەڵ پێشمهرگه، بەیانیی 5ی گوڵانی 1987، هێزێکی پێشمهرگه کە پێکهاتبوو لە پێشمهرگهکانی کۆمیتەی ناوچەی ئامێدی، 3 ڕێکخراوی سەر بە کۆمیتەی ناوچەی گوڵان، 2 ڕێکخراوی لقی یەک و هێزێکی میللی بە سەرپەرشتیی دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس و عەقید عەلی و سەید ساڵح، هێرشێکی گەورەیان کردە سەر بنکەی فەوجی سووکی 111، کە ڕاوێژکارەکەی شێخ نووری بەرزنجی بوو، لە دێرەلۆکی سەر بە قەزای ئامێدی، پاش شەڕێکی قورس و خوێناوی، بنکەی فەوجەکە و 81 سەنگەری دەوروبەری فەوجەکە و ناوچەکە لەلایەن هێزی پێشمهرگهوە گیران.
لەو چالاکییەی پێشمهرگهدا هێزەکانی حکوومەت گورزی قورسیان بەرکەوت و 38 کەس کوژران و زیاتر لە (40) کەسیش بە دیل گیران و کەوتنە دەستی پێشمهرگه، لەنێو گیراوەکاندا فڕۆکەوانی پلەیەک، عەبدولحەمید خەتاب عەبدوڵڵا فەرماندەی فەوجەکەش هەبوو و سێ سەرباز و یەک جێگری ئەفسەر و سی جاش هەبوون، 16 جاشی تریش خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمهرگه کرد، هەروەها زیانی ماددی بەر هێزەکانی حکوومەت کەوت کە بریتی بوو لە سووتاندنی ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش و 9 ئۆتۆمبێلی سەربازی و 200 کڵاشینکۆف و چەکێکی (ئار پی جی)، هاوەنێکی 82 ملم، هاوەنێکی 5.14 ملم، گرنۆڤێک، (14) ئامێری بێتەل، و بڕێکی زۆر لە گوللە، تۆپ و تەقەمەنیی تۆپی ئار پی جی بوونە دەستکەوتی پێشمهرگه.
پاش کۆتاییهاتنی هێرشی پێشمهرگه کاتژمێر 13.00ی هەمان ڕۆژ فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوچەکە و بنکە و بارەگاکانی پێشمهرگهیان بۆردومان کرد، لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی عێراقدا هێزی بەرگریی ئاسمانیی پێشمهرگه بە مووشەکی سام 7 هێلیکۆپتەرێکیان خستە خوارەوە، 7 سەربازی نێو ئەو فڕۆکەیە کەوتنە دەستی هێزی پێشمهرگه، یەکێکیان عەقیدی فڕۆکەوان حەمید سەعید و فڕۆکەوانی پلەیەک فڕۆکەوان نیزار عەدنان بوو، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر مۆڕاڵی پێشمهرگه لە بەرەکانی شەڕ دانا، لە ئەنجامی هێرشەکەدا پێشمهرگهیەک شەهید و 3 کەسیش بریندار بوون.
جێگەی باسە هەر لەو هێرشەدا تۆپخانەکانی شۆڕش بنکە و بارەگاکانی سوپا و هێزەکانی حکوومەتیان تۆپباران کرد، وەک ئەوەی گوتراوە، ڕۆژێک پاش هێرشی پێشمهرگه بۆ سەر هێزەکانی عێراق واتە لە 6ی گوڵانی 1987 سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێبەری شۆڕش لە چیای گارە بە ئامێری بێتەل پەیوەندی بە بەرپرسانی پێشمهرگه کرد بۆ پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمهرگه کە لە هێرشەکەدا تۆماریان کردووە.
سەرچاوە:-
مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی 4، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، بەشی 2، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆخانا، 2021.
-
شیمال زێباری: چەند ڕاستییەکی شاراوە لە شۆڕشی گوڵان دا، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر –2015.


