لە ساڵی 1930 لە گوندی خەردینی سەر بە ناحیەی گۆرەتووی قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە یەکێتیی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی سیاسیدا لە شاری ساراتۆڤ وەرگرتووە. دوای ئەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 1959 لە کەرکووک وەک مامۆستا دامەزراوە، لە ساڵی 1960 دەگەڕێتەوە مێرگەسۆر و دەبێتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی مێرگەسۆر، هەروەها لە ڕێکخراوە نهێنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کاری کردووە، بە زمانی کوردی، عەرەبی و ڕووسی شارەزا بووە.
خەباتنامەلە ساڵی 1943 تێکەڵی ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان دەبێت و بەشداری شەڕەکان دەکات، لە 19ی ئابی 1945 بە بڕیاری دادگای عورفیی سەربازیی عێراق، سەرجەم موڵک و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەی دەستی بەسەردا گیراوە. دوای تێکچوونی شۆڕشی دووەمی بارزان، لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 پەڕیوەتەوە بۆ ڕوژههلاتی کوردستان.
لە 31ی ئازاری 1946 لە ناو هێزەکانی بارزانی لە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد بووە پێشمهرگه، لە 29ی نیسانی 1946 لە ناوچەی سەقز بەشداری شەڕی قەرەوای کردووە و لە 3ی ئایاری 1946یش بەشداری شەڕی مڵقەرەن کردووە.
دوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان، لە 3ی ئازاری 1947 بەشداری شەڕی نەڵۆس و لە 13-14ی ئازاری 1947 بەشداری شەڕی گوکار کردووە و لەو شەڕەدا بریندار بووە. لە 19ی ئازاری 1947 بەشداری شەڕی نەغەدە و شنۆ و لە 25ی ئازاریش بەشداری شەڕی هەڤریس و هەڵەبجەی کردووە.
یەکێک بووە لەو پێشمهرگانهی کە لە 19ی نیسانی 1947 بە ڕێگای خواکورک و دەشتی بێرزگر بە ڕێگای باکووری کوردستاندا گەڕاونەتەوە ناوچەکانی شێروان و مزووری.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەراڵ مستەفا بارزانی لە 15ی ئایاری 1947 لە گوندی ئەرگۆش لەگەڵ هاوڕێکانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و سەرپشکی کردن کە بمێننەوە یان بچن بۆ سۆڤیەت، لەوێ سەرجەم هاوڕێکانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و بچن بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 22ی ئایاری 1947 لەگەڵ جەنەراڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت دەچێت و لە شەڕی گەلیی قوتور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و دوای زەحمەتییەکی زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕیوەتەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و سەرجەم هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە بە تێلی دڕکاو دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوە وەک دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. دواتر بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئەیولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان پێ درا و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە 8 کاتژمێر ڕاهێنانی سەربازییان دەکرد. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواریانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجان بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چێرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاهێنانی سەربازییان درێژە پێ دا.
لە ئازاری 1949 ئەو و هاوڕێکانی بە گرووپ گرووپ بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکانی کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و دواتر پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.
دوای هەوڵدانێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەراڵ بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی ئازار و مەینەتییەکانی هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە عێراق و گەڕانەوەی جەنەراڵ مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 بەپێی بڕگەکانی 3 و 7 و بەشی (الف)ی بڕگەی 10 و بڕگەی 11ی یاسای گۆڕانکاری ژمارە 19ی ساڵی 1959 بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبووردنی گشتی دەرچوو.
لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگای بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.
لە ساڵی 1961 بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بوو و سەرلیوا بوو، لە 7 تا 12ی کانوونی یەکەمی 1961 بەشداری شەڕی گەلیی زاوێتەی کردووە، لە 23ی ئازاری 1962 لە شەڕی باعدرێ (دهۆک) شەهید بووە و لە گوندی خورکێ بە خاک سپێردراوە.
سەرچاوە:- حەمید گەوهەری، میدالیای بارزانی خەڵاتی ڕێزلێنانی هەرە بەرز، بەرگی 1، (هەولێر - چاپخانەی حاجی هاشم - 2015).
- حەمید گەردی، کورتەی مێژوو، چاپی یەکەم، (هەولێر - دەزگای ئاراس - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2004).
- حەیدەر فارووق ئەلسامەڕایی، دیا جەعفەر و ڕۆڵی سیاسی و ئابووری لە عێراق، (لەندەن - دار الحکمة - 2016).
- شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).
- عومەر فارووقی، ڕێبەری ژیر بۆ ژیان و تێکۆشانی نەمر مەلا مستەفا بارزانی، چاپی 2، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2002).
- عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بارزانی لە نێوان 1931 - 1991، چاپی 1، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001).
- عەبدوڵڵا غەفوور، فەرهەنگی جوگرافیای هەولێر، (هەولێر - چاپخانەی حاجی هاشم - 2015).
- کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە تا یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی 1، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - 2011).
- لە یادی فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان جاجۆکی، 62 ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - 1997).
- لەیث عەبدولموهسین جەواد ئەلزوبەیدی، شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە عێراق، (شاری بهغدا - دەزگای دار الرشید - 1979).
- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).
- نەجەف قولی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە هەتا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی ١، (پیرمام - جەژنی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان - ١٩٩٦).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


