ئامێدی شارێکی مێژوویی باشووری کوردستانە و ٩٠ کم دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک، لەسەر چیایەکی زەینارە کە دیمەنێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەداتە سروشت ([١])، لە مێژووی شۆڕشی ڕزگاریخوازییدا، لە سەردەمی شۆڕشەکانی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان، هەرێمەکە بووە شایەتحاڵی زۆر قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە ([٢])، ئەمەش نیشان دەدات کە خەڵکی ئامێدی و دەوروبەریشی وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان تینووی ئازادین و دەسەڵاتداریی دیکتاتۆری ڕەت دەکەنەوە.
لە بەردەوامیی چالاکییە پارتیزانییەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمیتەی ناوچەی ئامێدیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد، هەروەها بۆ ئەوەی بە ڕێبەرانی بەعس بڵێن کە شۆڕش چالاکییەکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانە بەردەوام دەکات، بەو ئامانجە، ئەو هێزە پلانی دانا ژمارەیەک سەنگەر و بارەگای چەکدارانی ڕژێمی بەعس لە دەڤەرەکە بکاتە ئامانج، لە ٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٥دا هێرشیان کردە سەر زۆر بنکە و بارەگای چەتەکان. لە هێرشەکەدا و لە ماوەیەکی کەمدا هێزی پێشمەرگە ٣ سەنگەری ئەو هێزانەیان بە دەست هێنا و زیانێکی گەورەیان پێ گەیاندن و زۆر دیل و دەستکەوتیش کەوتنە دەستیان، ئەمە لە نامەیەکی کۆمیتەی ناوچەی ئامێدی بۆ سەرکردایەتیی شۆڕش دەرکەوت، کە ئەوان لە هەموو زانیاری و گرتنی سەنگەرە چەکدارییەکان ئاگاداریان کردنەوە ([٣]). لە هەمان ئۆپەراسیۆندا، هێزی پێشمەرگە ٣ سەنگەری دیکەی چەکدارانی (جاش)ی سەر بە ڕژێمی بەعس لە هەرێمەکە گرتن، کە لە نێوانیاندا چەکدارانی چیا دێوالی دۆسکی هەبوون، تەرمی ٣ چەکدار لە گۆڕەپانی شەڕ بەجێ مان و ٣ چەکداریش بە دیل گیران، لە دەستکەوتەکانی پێشمەرگەدا ٥ کڵاشینکۆف، ٢ ئامێری بێتەل و چەکێکی دێگتیارۆڤ هەبوون.
لە هێرشی سەر بارەگا و سەنگەرەکانی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی بەعسدا، پێشمەرگەیەک بە ناوی موسڵح نەعمت غازی کە سەر بە ڕێکخراوی شەهید شەعبان خەفەر بوو، شەهید بوو هەروەها پێشمەرگەیەکیش بریندار بوو، جێگەی ئاماژەیە کە یەکێک لە ڕۆژنامەنووسان بە ناوی (گۆین ڕۆبێرت) لە تەنیشت پێشمەرگە بەشداریی چالاکییە پارتیزانییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو و دیمەنەکانی شەڕی بە کامێرایەکی ڤیدیۆیی سینەمایی تۆمار کرد، سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە لە هێرشەکەدا بە چەوساندنەوەی هێزەکانی حکوومەت دەرکەوت کە سەرکردایەتیی شۆڕش هاتە سەر خەت و بە نامەیەک پیرۆزبایی لە هێزی پێشمەرگە کرد.
سەرچاوە:-
https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%A6%D8%A7%D9%85%DB%8E%D8%AF%DB%8C
-
مەسعود بارزانی, بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان, بەشی ٢، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
-
هۆژین مەسعود سەڕنی، شۆڕش لە دەڤەری بادینان ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم، ٢٠١٨([٤]).
[١] - https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%A6%D8%A7%D9%85%DB%8E%D8%AF%DB%8C
[٢] - هۆژین مەسعود سەڕنی، شۆڕش لە دەڤەری بادینان ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم، ٢٠١٨، ل ١١٨، ١٧٢.
[٣]- مەسعود بارزانی, بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان, بەشی ٢، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١، ل ٦٢.
[٤]- مەسعود بارزانی, هەمان سەرچاوە، ل ٦٢.


