چالاکییەکانی هێزی پێشمه‌رگه لە زیادبووندا بوو، هەیئەتی هێزی پێشمه‌رگه بەردەوام لە گوندەکان و تەنانەت هەندێک جار لە ناو شار و شارۆچکەکاندا بوونیان هەبوو، ئامانجی ئەم جوڵانەوانە زۆرجار ئەنجامدانی چالاکییەکانی پێشمه‌رگه بوو، هەندێک جاریش بۆ مەبەستی بەدواداچوون و بەهێزکردنی ڕێکخستنەکان لە شارەکاندا بوو، کە لە هەردوو لاوە دوژمنی بێزار دەکرد بە ئەنجامدانی چالاکییەکانی هێزی پێشمه‌رگه لە ڕێگەی گەیاندنی زیانی گیانی و ماددی بە سوپا و هێزە حکومییەکان[1].
لە کانوونی دووەمی ١٩٨٢، هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بە سەرکردایەتیی نادر هۆرامی هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر بنکە و سەنگەرەکانی سوپاى عێراق لە ناوچەی بیارە و شەرام، شەڕەکە بەهۆی فراوانیی ناوچەکەوە چەند ڕۆژێکی خایاند، زیانی زۆریان بە هێزە حکومییەکان گەیاند و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس لە ڕیزەکانی دوژمن.
هەروەها ٤٥ سەرباز لەلایەن پێشمه‌رگه-وە بە دیل گیران، لەگەڵ چەندین دەستکەوتی دیکە لەو شەڕەدا کە بریتی بوون لە پارچە چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی، زیانەکانی پێشمه‌رگه لە ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا چوار شەهید بوون کە بریتی بوون لە سولەیمان شەمیرانی و مەجنوون هۆرامی و حەسەن شێرمەری و عومەر براخاس لەگەڵ برینداربوونی ژمارەیەک پێشمه‌رگه‌ی دیکە[2].
شەڕ لە نێوان ئێران و عێراق لەو ماوەیەدا هەبوو کە لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٨١ دەستی پێ‌کرد و بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بوو، بۆیە بە شەڕی هەشت ساڵە ناسراوە[3] زۆربەی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات بە کوردستاندا تێدەپەڕێت، بۆیە ناوچە سنوورییەکان بوون بە گۆڕەپانی شەڕ و هێرشی هەردوو وڵات.
ناوچەکانی بیارە و تەوێڵە لەو ناوچانە بوون کە کاریگەریی شەڕەکەیان لەسەر بوو و هێزی پێشمه‌رگه بەشدارییان لە شەڕەکاندا کرد، لە ئەنجامدا ڕووبەرێکی فراوانی ناوچەکە کەوتە دەست هێزی پێشمه‌رگه، لە حاڵەتێکدا هێزەکانی ئێران بە بڕیاری تاران لە ناوچەکە کشانەوە، ئەوەش بووە مایەی سەرسوڕمانی پێشمه‌رگه و سەرکردایەتیی شۆڕش دوای ئەوەی کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان کرد چونکە لەناکاو بڕیاری کشانەوەیان دا، بەپێی بەڵگەکان، وەک ئەوەی ئێران نەیویستبێت ببێتە هۆی وروژاندنی هەستی عەرەبەکان.
حکومەتی بەعس لەو ماوەیەدا ناوچەی شێروان مەزنی وێران کرد و دانیشتووانەکەی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری هەولێر گواستەوە[4]. ئەم جوڵەیەی حکومەت دوو ڕەهەندی هەبوو: یەکەمیان کاردانەوە بوو بەرامبەر بەشداریی پێشمه‌رگه لە هێرشەکان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان، ئەوی دیکەش ترس و نیگەرانیی حکومەتی عێراق بوو لە دانیشتووانی ناوچەکە لە هاوکارییان لەگەڵ هێزی پێشمه‌رگه لە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە وەک ئەوەی لە بیارە کردیان. .
سەرچاوەکان:١- مەسعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
٢- حاجی میرخان دۆله‌مه‌ری: گه‌ڕان به‌دوای نهمرێدا، به‌رگی دووه‌م، چاپی دووه‌م، كوردستان – ٢٠٢١، ل٢٤٤.
٣- نوری حه‌مه عه‌لی: مێژووی تێكۆشانی پێشمه‌رگه‌یه‌ك له نێوان ژیان و مه‌رگدا، چاپخانه‌ی شه‌هاب، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر – ٢٠١٦.
[1] نوری حه‌مه عه‌لی: مێژووی تێكۆشانی پێشمه‌رگه‌یه‌ك له نێوان ژیان و مه‌رگدا، چاپخانه‌ی شه‌هاب، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر – ٢٠١٦، ل٦٨.
[2] مەسعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١، ل٥٩.
[3] حاجی میرخان دۆله‌مه‌ری: گه‌ڕان به‌دوای نهمرێدا، به‌رگی دووه‌م، چاپی دووه‌م، كوردستان – ٢٠٢١، ل٢٤٤
[4] مەسعود بارزانی: هه‌مان سه‌رچاوه، ل٥٩.


