ڕوودانی شەڕەکە

دوای هێرشی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ سەر ناحیەی بنگرد لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٦، حکومەت بە هەلیکۆپتەر چاودێری جوڵەی هێزی پێشمه‌رگه‌ی لە ناوچەکانی بنگرد و دەوروبەری دەکرد، دوای ئامادەکارییەکان هێزەکانی حکومەت لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٦ دەستیان بە پێشڕەوی کرد و گەیشتنە گوندی سێدەر، لەوێوە هێزی پێشمه‌رگه‌ی سەرکردایەتی کاتی بە سەرکردایەتی کەمال کەرکوکی بەرەو گوندی سێدەر بەڕێکەوتن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشڕەویی سوپا، کاتێک هێزی پێشمه‌رگه‌ گەیشتنە بەرزاییەکانی زەکەریا، حکومەت پێشتر دەستی بە تۆپبارانی گوندی سێدەر کردبوو، بۆیە هێزی پێشمه‌رگه‌ دابەزین و بۆ دوو تەوەر دابەش کران، فەقی ئیسماعیل و مەلازم حەسەن خۆشناو بۆ تەوەرەی سێدەر دیاریکران، لە کاتێکدا ساڵح ئاوازی، شێخ حوسێن لۆتەر و بایز عەبدوڵڵا لەگەڵ مفرازەیەکی ٣٥ کەسی بە سەرکردایەتی کەمال کەرکوکی و نەسرەدین مستەفا بەرەو گوندی شارستێن بەڕێکەوتن، لە هەمان گوند ڕووبەڕووی هێزەکانی حکومەت بوونەوە.

سوپای ڕژێم لە دوو ئاراستەی دیکەوە لە دوکانەوە هێرشی کردە سەر هێزی پێشمه‌رگه‌ لە گوندی شارستێن، بەیانی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٦، شەڕێکی سەخت لە نێوان هەردوولا دروست بوو، بەهۆی نایەکسانی چەک و کەرەستەی سەربازی لە نێوان هەردوو هێزەکەدا، هێزی پێشمه‌رگه‌ ناچار بوو پاشەکشە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا توانیان زیانی زۆر بە هێزەکانی حکومەت بگەیەنن، هێزەکانی ڕژێم لەو شەڕەدا نزیکەی ١٠٠ کوژراویان هەبوو (هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە کوژرانی ١٦٣ سەرباز و خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێک دەکەن)، لە بەرامبەردا هێزی پێشمه‌رگه‌ ٧ بۆ ٩ شەهید و ٩ برینداریان هەبوو، لە نێوانیاندا فەرماندەی هێزی پێشمه‌رگه‌ کەمال کەرکوکی و جێگری بەرپرسی هەرێم نەسرەدین مستەفا. 

هێزەکانی حکومەت لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر گوندی شارستێن لە هیچ شتێک سڵیان نەکردەوە، لە تۆپبارانکردنی مەدەنییەکان و سووتاندن و وێرانکردنی گوندەکەیان، تەنها لەو هێرشەدا ٩ مەدەنی شەهید بوون، لە نێوانیاندا ژن و منداڵ کە تەمەنیان لە نێوان چوار ساڵ بۆ هەشتا ساڵ بوو و ٣٢ کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها نزیکەی ١٠٠ پیاو و ژن و منداڵی بێتاوان لەلایەن سوپای ڕژێمەوە دەستگیر کران و ڕەوانەی زیندانەکان کران، دوای کۆتاییهاتنی ئەم شەڕە، سەرجەم بریندار و ئاوارەکان بۆ گوندی خۆرخۆرە گواسترانەوە، لەوێ لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە خزمەت کران و جێگیر کران. 

سەرچاوە:

١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.