دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول لە ئاداری ١٩٧٥دا، سەرکردایەتی کورد لەسەر بەردەوامی شۆڕش بیریکردەوە، کە دەبێت بە چالاکییەکانی پێشمهرگه بگەڕێتەوە مەیدانی تێکۆشان، هەرچەندە سەرکردایەتی شۆڕش ئەم ماوەیەی لە کۆچبەری و لە ژێر چاودێری ئێراندا بەسەر برد، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت دەرفەت هاتە پێش کە شۆڕش دیسان دەست پێ بکاتەوە و هێزەکانی پێشمهرگه لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان جێگیر ببن، تاکو بە ڕژێمی عێراقی بڵێن کە شۆڕش بەردەوامە و بەرگریکردن لە مافەکانی کورد زەحمەتە کە دەستی لێ هەڵبگیرێت.
ئاشکرایە کە تێکۆشانی شۆڕشی کوردی ئەمجارە زۆر چالاکیی پێشمهرگەکانی لەملا و ئەولا دەبینێت، دوور لە شەڕی بەرەیی، کە بە هەر هۆکارێک بێت ڕێ نەدەن ڕژێمی عێراق ئارامی ببینێت و بە ئارامی بژی، ئەوە بوو لە نیوەی ساڵی ١٩٧٦دا شۆڕشی چەکداری دیسان دەست پێ کردەوە و جارێکی تر هیوایەکی بە گەلی کوردستان بەخشی، ئەم هەنگاوە لە مێژووی کورددا بوو قۆناغێکی مێژوویی، بەم مەبەستە، هێزی پێشمهرگهی کوردستان لە ماوەی شۆڕشدا زۆر چالاکیی سەربازی لە ناوچە جیاجیاکان ئەنجام دا و گورزێکی گەورەیان لە یەکینە سەربازی، ئەمنی و چەکدارییەکانی ڕژێمی عێراق وەشاند.
چالاکییەکە کە ئێمە دەمانەوێت لەم چەند دێڕەدا باسی بکەین، شەڕی شەڕانیشە لەسەر ڕێگای سەرەکی نێوان شەڕانیش و دەشتی تەخێ لە دەڤەری قەڵا سەلمانییە لە دەڤەری سندین، دیارە هێزی پێشمهرگهی کوردستان هەمیشە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕان کە یەکینەکانی سوپای عێراق تێک بشکێنێت، لە بەیانی ١٨ی ئابی ١٩٧٦دا هێزێکی سوپای عێراق کەوتنە کەمینی هێزەکانی پێشمهرگه و لە نێوانیاندا شەڕێکی قورس دروست بوو، دوای ئەوەی شەڕ کۆتایی هات هێزەکانی پێشمهرگه زیانێکی گەورەیان بە سوپای عێراق گەیاند، ١٢ سەرباز کوژران کە لە نێوانیاندا ئەفسەرێک بە ڕتبەی نەقیب و یەکێکی تر بە پلەی مەلازمی یەکەم هەبوون، هەروەها شۆفێرێک بە ڕتبەی عەریف و چەند پلەدارێکی تریش لە ناو کوژراوەکاندا هەبوون، لە دەستکەوتەکانی پێشمهرگه چەند چەکی کڵاشینکۆف هەبوون.
هەرچەندە چالاکییەکانی ئەم شێوەیەی پێشمهرگەکان ناکەوێتە ناو ئازادکردنی هەرێمێک کە پێشمهرگه دەستی بەسەردا گرتبێت و تێیدا مابنەوە، بەڵکو، گورزێک بوو لە یەکینە سەربازییەکانی سوپا لە چوارچێوەی چالاکییە پارتیزانییەکانی شۆڕشدا و ورەیەک بوو بۆ هێزی پێشمهرگهی کوردستان لە بەرامبەر دوژمن، لە هەمان کاتدا پەیامێک بوو بۆ ڕژێمی عێراق کە شۆڕش بەردەوامە لەسەر پاراستنی مافەکانی گەلی کورد.
سەرچاوە:-
غازی عادل گەردی: پێشمهرگهیەک لە خزمەتی بارزانی، بەرگی ٢، چاپی دووەم، تورکیا-٢٠٢١.
-
مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی ٢، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
-
جەمال فەتحوڵڵا تەیب: بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی ١، چاپخانەی شەهاب، هەولێر-٢٠١٢.


