عەزیز چەلەبی لە ساڵی 1917 لە گوندی گۆمەشینی ناحیەی ئاشتیی سەر بە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە ساڵی 1983 لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە.
خەباتنامەعەزیز چەلەبی لە 23ی ئایاری 1947 لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت دەچێت و لە شەڕی گەلیی قەتور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و پاش زۆر ماندووبوون و ناڕەحەتی، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت دەپەڕێتەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.
پاش گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەورەکەی بە تێلی دڕکاوی دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوە وەک دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدان و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە 8 کاتژمێر مەشقی سەربازییان ئەنجام دا. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواریانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
پاش مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجان بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چرچوکی نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ مەشقە سەربازییەکانیان بەردەوام کرد.
لە ئاداری ساڵی 1949 ئەو و هاوڕێکانی بە گرووپ گرووپ بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە زەوییە کولخۆزییەکان (زەوییەکان کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.
پاش هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەرد و ئازاری هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق دەگەڕێتەوە کوردستان.
پاش دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961 بەشداری شۆڕش دەبێت و بەشداری شەڕەکان دەکات.
سەرچاوە:- شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).
- لە یادەوەری فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان جاجۆکی، 62 ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی کولتووری - 1997).
- لەیث عەبدولموحسین جەواد ئەلزوبەیدی، شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 لە عێراق، (شاری بەغدا - خانەی وەشانی دار ئەلرەشید - 1979 ز).
- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931-1958، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).
- نەجەف قولی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە تا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی 1.، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان - 1996).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


