شەهید قادر عەبدولکەریم ئەلماس، بە قالەی ماینجان ناسراو، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە و یەکێک بووە لە یەکەم پێشمەرگەکانی دەستەی هەورامان؛ لە ساڵی ١٩٦٣ لە عەین وەزنێی ناوچەی هەورامان، دوای بۆردومانی توپخانەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە، شەهید بووە.
شەهید قادر عەبدولکەریم ئەلماس، بە قالەی ماینجان ناسراو، لە ساڵی ١٩١٣ لە گوندی نوسۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دایک بووە. لە سەرەتای گەنجییەوە گواستراوەتەوە ناوچەی هەورامان و لە گوندی بڵخەی سەر بە ناحیەی بیارەی پارێزگای هەڵەبجە نیشتەجێ بووە و کاری ئازادی کردووە. هاوسەری قەتەحەن موراد بووە و سێ کوڕ و دوو کچیان بووە. کوڕەکەی (ڕەزا قادر) لە ساڵی ١٩٦٩ لە شۆڕشی ئەیلوول شەهید بووە، هەروەها دوو کچەکەی (سەعدا و تۆبا) بەهۆی بۆردومانی کیمیایی شاری هەڵەبجەوە شەهید بوون.
لە ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە ڕیزی پێشمەرگەکانی دەستەی هەورامانەوە کردووە و یەکێک بووە لە یەکەم پێشمەرگەکانی دەستەی هەورامان لە شۆڕشی ئەیلوول؛ دەستەی هەورامان یەکەم دەستەی چەکداری ناوچەکە بووە کە پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردووە و سەر بە فەوجی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.
لە ساڵی ١٩٦٣ قادر عەبدولکەریم و دوو هاوڕێی پێشمەرگەکەی (قالە سور و غەفوور ئەحمەد) بەهۆی بۆردومانی توپخانەی سوپای عێراقەوە بریندار بوون، بەڵام قادر عەبدولکەریم بەهۆی برینە قورسەکانییەوە شەهید بووە.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای حزبی دیموکراتی کوردستان


