لە شەوی 11-12ی تشرینی دووەمی 1986 سوپای عێراق بە پشتیوانی تۆپ و فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر ناوچەکانی دەوروبەری زاخۆ، کە بنکەی کۆمیتەی ناوچەی زاخۆی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) لێ بوو، ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپا و هێزە چەکدارەکانی حکوومەت بەرزاییەکانی دیلەیان گرت، لە ئەنجامدا پەیوەندی نێوان کۆمیتەی ناوچەی زاخۆ و هێزی پێشمه‌رگه‌ لەو ناوچەیە لەگەڵ ناوچەکانی دیکە پچڕا، بۆ گەیاندنی ئەم هەواڵە کۆمیتەی ناوچەی دهۆک پەیوەندی بە سەرکردایەتی شۆڕشەوە کرد و ڕایگەیاند کە شەڕێکی قورس لە سنووری هەردوو ناوچەی دهۆک و زاخۆ هەیە، فڕۆکە جەنگییەکان بە توندی سەنگەرەکانی پێشمه‌رگه-یان بۆردومان دەکرد، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەکان لە گوندی کانی پونگە بەساڵاچوویەک بە ناوی حاجی نەبی شەهید بوو و 4 ژن و منداڵیش بریندار بوون، هەروەها لە گوندی زێوە نزیک بنکەی لقی یەکی حزب دیموکراتی کوردستان هێرشی فڕۆکەکان بەردەوام بوو، لەوێش بەساڵاچوویەکی دیکە شەهید بوو. [1]

دیارە ئامانجی حکوومەتی عێراق لە هێرشکردنە سەر بنکە و سەنگەرەکانی پێشمه‌رگه لە ناوچەی بادینان، بۆ کپکردنی دەنگی شۆڕش بوو لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی پارتیزانەکان بۆ سەر هێزەکانی دەوڵەت لە ناوچە جیاوازەکان، لە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکان و دانانی کەمین لەسەر ڕێگاکان، بێگومان ئەمە لە لایەکەوە بووە هۆی زیانی قورس بۆ هێزەکانی سوپای عێراق، لە لایەکی دیکەشەوە حکوومەتی خستبووە دۆخێکی مەترسیدارەوە کە هەمیشە ئارام نەبێت. [2] لەبەر ئەوەی لق، کۆمیتەی ناوچەکان، ڕێکخستن و هێزی پێشمه‌رگه لەسەر ناوچەکان بە شێوەیەک دابەش کرابوون، کە هەر یەکێکیان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیاندا چالاک بوون. [3]

هێرشی سوپا و هێزە چەکدارەکانی حکوومەت بۆ سەر بنکە و سەنگەرەکانی پێشمه‌رگه ماوەی چەند ڕۆژێک لە سنووری هەردوو ناوچەی دهۆک و زاخۆ بەردەوام بوو، لە 13ی تشرینی یەکەمی 1986 ناوچەی دهۆک پەیوەندی بە سەرکردایەتی شۆڕشەوە کرد و ڕایگەیاند کە گوشار و هێرشە قورسەکانی حکوومەت گەیشتووەتە سەر ناوچەی زاخۆ و دەستیان بەسەر بنکەی کۆمیتەی ناوچەکەدا گرتووە و بۆردومانی فڕۆکەکان بۆ سەر ناوچەکە بەردەوامە، شایانی باسە کە بەرگری هێزی پێشمه‌رگه‌ و سەنگەرەکانیان لە بەرامبەر هێزەکانی حکوومەت، بە تایبەتی جاشەکان لە کاتژمێر 4.00ی ئێوارەی 14ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1986، پێشڕەوی و هێرشەکانیانی تێکشکاند. [4]

هێرشی سوپا و هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر ناوچە شۆڕشگێڕەکان نیشان دەدات کە حکوومەت هەمیشە هەوڵی داوە هێزی خۆی بگەیەنێتە هەموو ناوچەکانی کوردستان، بۆ بێدەنگکردنی شۆڕش لە هەموو ناوچەکان و ڕێگریکردن لە چالاکییەکانیان.

سەرچاوە:
  1. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی 4، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، بەشی 2، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوخانا، 2021.

  2. شیمال زێباری، چەند ڕاستییەکی شاراوە لە شۆڕشی گوڵان دا، چاپی 1، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر – 2015.

  3. حاجی میرخان دۆڵەمەری، گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، بەرگی 1، چاپی دووەم، کوردستان – 2021.

[1]- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی 4، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، بەشی 2، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوخانا، 2021، ل 63.

[2]- شیمال زێباری، چەند ڕاستییەکی شاراوە لە شۆڕشی گوڵان دا، چاپی 1، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر – 2015، ل 345.

[3]- حاجی میرخان دۆڵەمەری، گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، بەرگی 1، چاپی دووەم، کوردستان – 2021، ل 251.

[4]- مەسعود بارزانی، هەمان سەرچاوە، ل 64.