دوای بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، ڕێکخراوەکە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی لەناکاو بووەوە، لیژنەی ڕێکخستنی سەرەکی لە شاری بەغدا پێکهێنرا، و دواتر چالاکییەکانی فراوان بوون و سنووری ڕێکخستنەکانی ناوچەکانی تریشی گرتەوە، بەجۆرێک پێگەی سکرتاریەت لاواز ببوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، مەکتەبی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا (مەکتەبی ڕێکخستنی ناوەندی) لە هەردوولا پێکبهێنێت. بارەگای ئەم مەکتەبە لە شاری بەغدا بوو و بڕیار بوو تا بەستنی کۆنگرەی شەشەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەردەوام بێت لە کارەکانی.
لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠، ڕێککەوتنامەی ١١ی ئادار لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕش و حکومەتی عێراق واژۆ کرا. دوای ڕێککەوتنەکە چالاکییەکانی پارت و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان چووە قۆناغێکی نوێوە، لە سێبەری ئەم ڕێککەوتنەدا ئازادی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی پەرەی سەند، ئەو تەکەتولانەی کە کۆنترۆڵی ڕێکخستنە حزبییەکانیان دەکرد نەمان، و ئەو گرووپە جیابووەوەی مەکتەبی سیاسی کە بە (جەلالییەکان) ناسرابوون گەڕانەوە بۆ ناو پارت، و قۆناغێکی نوێی کاری هاوبەش و ئاشکرا دەستی پێکرد.
یەکێتی قوتابیانی کوردستان ئەم بارودۆخەی قۆستەوە و لقەکانی خۆی لە شاری بەغدا و گشت شارەکانی تری کوردستان کردەوە، و سەرجەم قوتابیانی کورد بە شێوەیەکی ئاشکرا پەیوەندییان بە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوەکەوە کرد.
بارودۆخە نوێیەکە یەکێتی قوتابیانی کوردستانی ناچار کرد کۆنگرەیەکی نوێ ببەستێت، چونکە پارت کۆنگرەی هەشتەمی خۆی بەم دواییە بەستبوو، مەکتەبی ڕێکخستنی ناوەندی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بڕیاری دا کۆنگرەی شەشەمی خۆی ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی ڕێکبخاتەوە و ڕیزەکانی بەهێز بکات.
لە سەرەتادا بڕیار بوو کۆنگرەکە لە شاری سلێمانی ببەسترێت، بەڵام دواتر گواسترایەوە بۆ گوندی ناوپردان، لەوێ کە کۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسترا، پێداویستییەکانی کۆنگرەکە لەوێ ئامادە بوون و نوێنەران لەم گۆڕانکارییە ئاگادار کرانەوە و کۆنگرەکە لە ڕێگەی ڕۆژنامەی التآخي-یەوە ڕاگەیەندرا.
بەستنی کۆنگرە:دوای ئامادەکارییەکان، کۆنگرەی شەشەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ماوەی ١٥ بۆ ١٨ی تەموزی ١٩٧٠، لە کەشێکی ئازاد لە ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕشی ئەیلوول، لە گوندی ناوپردانی پارێزگای هەولێر، بە دروشمی (ئاشتی - زانست - برایەتی) و بە ئامادەبوونی ٤٧٥ نوێنەر دەستی بە کارەکانی کرد.
یەکەم وتار کە پێشکەش کرا وتاری سەرکردە مستەفا بارزانیبوو، کە عەمید ڕوکن عەزیز ئاکرەیی خوێندییەوە. دکتۆر مەحمود عوسمان وتاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی خوێندەوە.
لە سەرەتای کارەکانی کۆنگرەدا لیژنەی جێبەجێکار بەم شێوەیە هەڵبژێردرا:
١- عادل موراد، ناسراو بە عادل فەیلی
٢- ئەنوەر عەبدوڵڵا، ناسراو بە ئەنوەر ڕەئیس
٣- ڕەنج نوری شاوەیس
٤- فەرهاد عەونی
٥- عەبدولقادر محەمەد ئەمین
٦- عارف تەیفوور
٧- نوری ئاکرەیی
٨- جەرجیس حەسەن
٩- سەباح ئاکرەیی
١٠- سەعدی خەلیل
١١- عادل لەیلانی
١٢- وەزیرە بێرداد قادر
١٣- محەمەد حاجی
١٤- یوسف مەولوود قەساب
١٥- عوسمان ساڵح عوسمان، ناسراو بە عوسمان خۆشناو
١٦- جەلال خۆشناو
١٧- ئەکرەم ئەحمەد
١٨- عیزەدین ڕەشید حاجی بەدری، ناسراو بە شێركۆ سندی
١٩- حاجی محەمەد کریت
٢٠- جەواد محەمەد، ناسراو بە جەواد شێروانی
٢١- عەبدوڵڵا محەمەد، ناسراو بە عەبدوڵڵا باوانی
دوای تاوتوێکردنی بابەتەکانی کۆنگرە و هەڵسەنگاندنی پڕۆژەی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕدرابوو، کۆبوونەوەی لیژنەی جێبەجێکار لە ١٨ی هەمان مانگ بەسترا و سکرتاریەتی نوێ بە دەنگی نوێنەرانی کۆنگرە هەڵبژێردرا:
١- ئەنوەر عەبدوڵڵا- سەرۆک
٢- جەرجیس حەسەن عەبدوڵڵا – جێگری سەرۆک
٣- فەرهاد عەونی- سکرتێر
٤- جەلال سەلیم خۆشناو- ئەندامی سکرتاریەت
٥- عادل فازڵ لەیلانی- ئەندامی سکرتاریەت
٦- ڕەنج نوری شاوەیس- ئەندامی سکرتاریەت
٧- یوسف مەولوود قەساب- ئەندامی سکرتاریەت
لەو کۆنگرەیەدا سەرکردە مستەفا بارزانی بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی فەخری یەکێتی قوتابیان دەستنیشان کرا.
کۆنگرەکە چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەکی گرنگی دەرکرد وەک: پەرەپێدانی کلتوری کوردی. کردنەوەی خولەکانی پەروەردەیی بۆ پێشمەرگە. پشتیوانی لە ڕێککەوتنی ١١ی ئادار. دیاریکردنی ناسنامەی قوتابیانی نێردراو بۆ دەرەوە. پشتیوانی لە کردنەوەی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کوردستان. کردنەوەی حەوت لقی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لەو ناوچانەی دیاریکراون کە بریتین لە: لقەکانی بەغدا، هەولێر، موسڵ، دهۆک، سلێمانی، کەرکوک و دیالە.
کۆنگرەی شەشەمیش وەک چاوەڕوان دەکرا بێ کێشە نەبوو، کاتێک ئەنوەر عەبدوڵڵا وەک سەرۆک هەڵبژێردرا، ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی جێبەجێکار لە یەکەم کۆبوونەوەدا بەو پێیەی دەنگی زیاتری بەدەستهێنابوو بەشدارییان کرد، و ژمارەی ئەندامان بە شێوەیەکی نائاسایی زیادی کردبوو، ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی جێبەجێکار وەک ناڕەزایەتییەک لەو کارە ئامادەی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی جێبەجێکار نەبوون. ئەم ناڕەزایەتییانە زیادی کرد بەجۆرێک ژمارەکە لە ٢١ ئەندامەوە بۆ ١٥ ئەندام کەم بووەوە، و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەگەر زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی جێبەجێکار ڕازی نەبن لە کارەکانی سەرۆک یان جێگرەکەی، دەکرێت هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، بۆیە لیژنەی جێبەجێکار لە شوباتی ١٩٧١ جارێکی تر بەبێ ئامادەبوونی ئەنوەر عەبدوڵڵا و قادر حەمەد ئەمین کۆبوونەوە و هەڵبژاردنی نوێیان کرد و تێیدا عادل موراد فەیلی وەک سەرۆکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان هەڵبژێردرا. دوای ماوەیەک، جەرجیس حەسەن و عادل فازڵ لەیلانی بۆ خوێندن چوونە دەرەوە، و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بەستنی کۆنگرەی حەوتەم کە بڕیار بوو ساڵی ١٩٧٢ ببەسترێت، هیچ کەسێکی تر بۆ پۆستی جێگری سەرۆک دەستنیشان نەکرا.
دوای بەستنی کۆنگرە، و بەپشت بەستن بە ڕێککەوتنامەی ١١ی ئادار وەک لە بڕگەی پێنجەمیدا هاتووە، ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کوردستان بوون بە ئەندام لە ڕێکخراوە ناوەندییەکان. یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوو بە ئەندام لە یەکێتی نیشتمانی قوتابیانی عێراق، و سەرۆکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوو بە جێگری سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی قوتابیانی عێراق، هەروەها سێ لە ئەندامانی سکرتاریەت بوون بە ئەندام لە مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتی ناوبراو.
سەرچاوەکان:١- عیرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چاپى یەکەم، (هەولێر-چاپخانەى ڕۆژهەڵات-٢٠١٢).
٢- ساسان عەونى، یەکێتى قوتابیانى کوردستان چەند لایەنێکى تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر- چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە- ١٩٩٨).
٣- بیرهوهری ٢٦ ساڵهی كۆنگرهی شهشهمی یهكێتی یهكهمان، گۆڤاری خهباتی قوتابیان، ئۆرگانی یهكێتی قوتابیانی كوردستان، ژماره ١٣، خولی سێیهم، تهموزی ١٩٩٦ز.
٤- المؤتمر السادس لاتحاد طلبة كردستان العراق، جریده التآخي، العدد ٤٩٦، بغداد، مطبعة دار الجاحظ، الاثنین، ٢٧ تموز ١٩٧٠م، ص ٣.
٥- حهمهساڵح فهرهادی، لاپهڕەیهك له مێژووی یهكێتی قوتابیانی كوردستان، ڕۆژنامهی پێشكهوتن، ئۆرگانی یهكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٢٧، سهرهتای تهموزی ١٩٩٢ز.


