ڤیدیۆ
بۆردومانکردنی ئوردوگای زێوە، تاوانێکی لەبیرنەکراو ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥
دوای ئەوەی لە ڕۆژی 6ی ئاداری ١٩٧٥ سەدام حوسێن، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و محەمەد ڕەزا شای ئێران، لە پەراوێزی كۆڕبەندی ڕێكخراوی (ئۆپێك)ی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت لەجەزائیر ڕێککەوتن، یان ڕاستتر لەبەرانبەر لێدان و گەمارۆدانی شۆڕشی ئەیلوول، سەدام بەشێک لە خاک و ئاوی عێراقی خستە بازاڕی سەوداگەرییەوە. لە ئەنجامدا شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەهۆی گەلەکۆمەکییەکان هێزەکانی پێشمەرگەی لە بەرەکانی ڕوبەڕووبوونەوە کشاندەوە و لەپێناو پاراستنی خەڵکی کوردستان سەرکردایەتی شۆڕش بڕیاری بەکاتی وەستانی خەباتی چەکداری دا. وێڕای لێبوردنە گشتییە یەک لەدوای یەکەکانی ڕژێم و هەڕەشە و گوشارەکانی ڕژێمی شا دژ بە شۆڕشگێڕان بەمەبەستی گەڕانەوە و پشت بەردانی سەرکردایەتی خۆراگری شۆڕش، ژمارەیەکی زۆر لە شۆڕشگێڕان ڕەتیان کردەوە بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتێک کە دژی مافی گەلێک ئامادەی فرۆشتنی شەرەفە. بە گوشارە نێودەوڵەتییەکان، ئەو پەنابەرە شۆڕشگێڕانەی کە پشتی سەرکردایەتیان بەر نەدا، سەرەتا لە ناوچەی زێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خێمە جێگیرکران، دواتر بەهاوکاری شۆڕش و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان خانوویان بۆ دروست کرا، لەگەڵ ئەوەی ئوردوگای زێوە مەیدانی سەربازی نەبوو، بەڵام ڕژێمی حزبی بەعس بە مەبەستی شکاندنی ئیرادەی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ساڵی 1985، بە ٨ فڕۆكەی میگ ٣٢ لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بۆ ماوەی 15خولەك ڕقوقینی شۆڤینانەی خۆی بە گیانی بێ تاوانی پەنابەرانی ئۆردوگای زێوە هەڵڕشت کە زۆربەیان بەڕۆژوو بوون، بەهۆیەوە نزیکەی ١٥٠ هاووڵاتی لە ژن و منداڵی بێ گوناحی پەنابەر و ئاوارەی شەهیدکرد و زیاتر لە ٤٠٠ی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان منداڵ و قوتابی بوون و بۆ وەرگرتنی ئەنجامی کۆتایی ساڵ ڕوویان لە قوتابخانەکانیان کردبوو. وەک ڕاستییەک، هەرکاتێک دوژمن لە مەیدانی جەنگدا بەرانبەر هێزی پێشمەرگە دەشکا لە تۆڵەدا پەلاماری هاووڵاتیانی بێ دەرەتانی ئۆردوگاکانی دەدا و پەنابەران و خەڵکی دوورە شەڕی بە ئامانج دەگرت، وەک ئەوەی پێشتر لە هاوینی ١٩٨٣دا بەرانبەر بارزانییە نیشتەجێبووەکانی ئۆردوگا بەزۆرە ملێیەکانی ناوخۆی نیشتمان ئەنجامی دابوو. ئەم تاوانە تەنیا لەو ڕژێمە عەقڵ سەربازیانە دەوەشێتەوە کە بێ ئاگان لەوەی ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ مانەوە و خەبات و تێكۆشان، زۆر لە زەبروزەنگ و فڕۆكە و ئاگر و ئەشكەنجەی د…







