شەهید جەبار کاکەخان ئەلئەکرەم، بە ناوی جەبار حەمەخان و جەباری ڕەش ناسراوە و لە ساڵی 1963 لە گوندی مەمەنەوەی سەر بە ناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن لەدایک بووە. گوندنشین بووە و بە کاری جوتیارییەوە خەریک بووە. خوێندنی قۆناغی سەرەتایی لە گوندی پەرێزان تەواو کردووە و بۆ بەردەوامبوون لە خوێندنی قۆناغی ناوەندی چووەتە قەزای سەیدسادق.

 

لە سەرەتای خوێندنی قۆناغی ناوەندی لە سەیدسادق، پەیوەندی بە ڕێکخراوەکانی ڕێکخستنی سورێنی سەر بە لێژنەی ناوچەی دەربەندیخان، لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە؛ لەو کاتەدا سابیری ئەلئەکرەم بەرپرسی ڕێکخستنی سورێن بووە.

 

جەبار بەهۆی ئەنجامدانی چەند چالاکییەک لە ماوەیەکی کورتدا ئاشکرا بووە و بۆیە لە ساڵی 1979 چووەتە شاخ و لە کەتیبەی شەهید ئەبوبەکر بانی بنۆکی، سەر بە هێزی سورێنی لێژنەی ناوچەی دەربەندیخان، بووەتە پێشمەرگە.

 

لە ساڵی 1981دا بەشداری شەڕەکانی ڕەزلە و پارێزان و هەروەها شەڕی قەراخی چیای سورێن و شەڕی قەرەداغ و شەڕی گولان و چالاکییە پارتیزانییەکانی دەشتی شارەزووری کردووە.

 

لە 15ی تەممووزی 1982دا جەبار و پێنج هاوسەنگەری لە نێوان گوندی نوێ و کانێسکانی سەر بە قەزای خورماڵ کەوتوونەتە ناو کەمین و ناوچەیەکی مینڕێژکراو و مینە چێندراوەکان و لە هەمان کاتدا هێرشی سەربازی ڕژێمی بەعس. لە سەرەتادا مینێک بە هاوسەنگەرێکی بە ناوی کەمالدا تەقیوەتەوە و بریندار بووە و بەوە ئاشکرا بوون و فیشەکباران کراون. جەبار چەند فیشەکێکی بەرکەوتووە و شەهید بووە. هەروەها خۆی و حەسەنی برای و کەمال دووبارە بریندار بوون، بەڵام بە بریندارییەوە خۆیان ڕزگار کردووە.


 

سەرچاوە:

1. ئەرشیفی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.