جەمال عەلی ڕەشید ناسراو بە جەمال مەلا عەلی لە ١٠ی نیسانی ١٩٥٠ لە گوندی وڵەسمت لە بناری سەفین سەر بە قەزای سەید سادق لەدایک بووە، جووتیار بووە و کاری کشتوکاڵی کردووە، قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران بردووە و لە شاری مەریوان نیشتەجێ بووە.

ساڵی ١٩٦٤ بووەتە کادر لە ڕێکخراوی سوورێن سەر بە لێژنەی ناوچەی دەربەندیخان لە چوارچێوەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان و عەلی شاوێس لەو کاتەدا بەرپرسی ڕێکخراوەکە بووە، لە ١ی نیسانی ١٩٧٦ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە کردووە لە ناو هێزی سوورێنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە مەلا عومەر بانی بۆنک لەو کاتەدا فەرماندەی هێزەکە بووە.

بەشداری لە شەڕەکانی شێرمەر ساڵی ١٩٧٩، شەڕی ڕێشین ساڵی ١٩٨٠، شەڕی بێسەڵمین ساڵی ١٩٨٠، شەڕی قەڵادزێ ساڵی ١٩٨١، چالاکییەکانی شەڕی پارتیزانی لە دەشتی شارەزوور کردووە، دیارترینیان سووتاندنی بنکەی پۆلیسی سەید سادق بە چەکی ئار پی جی لە ساڵی ١٩٧٩ بووە.

جەمال مەلا عەلی لە ماوەی خەباتیدا لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا دوو جار بریندار بووە، لە ساڵی ١٩٧٩ لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازانی ڕژێمی بەعس لە شەڕی شێرمەر بریندار بووە، کە ڕوخساری بە پارچەی تۆپی دوورهاوێژ بریندار بووە، و لە ساڵی ١٩٨١ لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ سەربازانی ڕژێمی بەعس بە فیشەکێک لە قۆڵی ڕاستی بریندار بووە، بەمەش دوو جار لە ماوەی خەباتیدا لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا بریندار بووە.  

لە ساڵی ١٩٧٦ پلەی فەرماندەی مفرازەی وەرگرتووە، و لە سەرەتای ساڵی ١٩٨١ پلەی فەرماندەی فەوجی پێنجەم لە ناو هێزی سوورێن، و لە حوزەیرانی ١٩٨١ پلەی فەرماندەی هێزی سوورێنی پارتی دیموکراتی کوردستانی وەرگرتووە.

لە ٢٠ی ئابی ١٩٨١ مفرازەیەک کە جەمال مەلا عەلی و ژمارەیەک پێشمەرگەی تێدا بوو لە بارەگای سیامیوە لە بناری سوورێنەوە بەرەو دەشتی شارەزوور بەڕێکەوتن بە مەبەستی ئەنجامدانی کێوماڵ و چالاکییەکانی شەڕی پارتیزانی لە دەشتی ناوبراو، بەڵام لە ٢٣ی ئابی ١٩٨١ لە نزیک گوندی ناوگردان لە دەشتی شارەزوور کەوتنە کمینێکی هێزێکی یەکێتی نیشتمانی، دوای ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی نێوان هەردوولا، جەمال مەلا عەلی و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی شەهید بوون کە ئەمانەن: جەبار محەمەد شەریف، ئەحمەد بانیشاری، جەبار حاجی شەریف، ساڵح خاڵە.

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان