حەمە ساڵح عەبدولکەریم محەمەد ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی گریزەی سەر بە قەزای سەید سادق لەدایکبووە، جووتیار بووە و کاری کشتوکاڵی کردووە، دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران بردووە و لە کۆمەڵگەی دەربەند دەزڵی نیشتەجێ بووە، دوای گەڕانەوەیان بۆ کوردستان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ باشووری عراق ڕاگوێزراوە و لە شاری دیوانییە نیشتەجێ بوون، حەمە ساڵح عەبدولکەریم هاوسەرگیری لەگەڵ خۆرشیدە سەعید کردووە و باوکی سێ کوڕ و کچێک بووە (قادر، سەردار، سەڵاح، سروە).
ساڵی ١٩٦٩ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمهرگه لە کەرتى دووەمی سەر بە فەوجی نۆیەمی شەهید دلشاد لەناو هێزی خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە، فەرماندەی کەرتی لەو کاتەدا شێخ محەمەد باساکی بووە و فەرماندەی فەوجەکە فەتاح ئاغا بووە، ساڵی ١٩٧٤ لە چیای حەسەن بەگ لە ناوچەی سۆران بەهۆی تەقەکردنەوە لە قاچی ڕاستیدا بریندار بووە، ساڵی ١٩٧٩ بۆ جاری دووەم پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمهرگه لەلای عەبدوڵڵا ئاغا لەناو هێزی هەورامانی پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە.
لە ٤ی ئەیلوولی ١٩٨١ دوای ئەنجامدانی چالاکییەک لە دەشتی شارەزوور، لە کاتی چوون بۆ گوندی گریزە بۆ پشوودان و گواستنەوەی هەندێک پێداویستی بۆ شاخ، پێش گەیشتنیان بە گوندەکە کەوتوونەتە کمین ی هێزێکی یەکێتی نیشتمانی، دوای شەڕ لە نێوان هەردوولادا، حەمە ساڵح عەبدولکەریم و براکەی محەمەد عەبدولکەریم (حەمە گریزەیی) شەهید بوون.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.


