ژیاننامە

بابی دکتۆر سەعیدە، کە بە شێری بارزان ناسراوە، بەشداری شۆڕشی یەکەمی بارزانی ١٩٣٢ و بزووتنەوەی خەلیل خۆشەوی ١٩٣٥ی کردووە و لە ١٥ی ئەیلوولی ١٩٣٥ لە شەڕی چیای گۆڤەند لە باکووری کوردستان بە دەستی هێزەکانی جەندرمەی تورکیا لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێکانی شەهید بووە.

 

دکتۆر سەعید لە ساڵی ١٩٣٠ لە گوندی بێدووکی سەر بە ناحیەی پیران لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە. لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٣٢ دوای شکستھێنانی شۆڕشی یەکەمی بارزان لەگەڵ خێزانەکەی کۆچبەری کۆماری تورکیا بووە. لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ و دوای شکستھێنانی شۆڕشی دووەمی بارزان کۆچبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و لە شارۆچکەی شنۆ نیشتەجێ بووە. هەر لە یەکێتیی سۆڤیەت ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ بیکلال ئیلیلنا نۆڤیا پێکهێناوە. کوڕێکیان بە ناوی عەزیز سەعید هەبووە کە لە ساڵی ١٩٥٨ لەدایک بووە. بڕوانامەی دکتۆرای لە مێژووی هاوچەرخدا وەرگرتووە. شارەزای زمانەکانی کوردی، تورکی، ڕووسی، فارسی و عەرەبی بووە. 

خەباتنامە

سەعید ئەحمەد نادیر، لە ساڵی ١٩٤٤ بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزانی کردووە و لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٤٥ بەشداری شەڕی مەیدان مۆریکی کردووە. لە ١١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥ دوای شکستھێنانی شۆڕشی دووەمی بارزان کۆچبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ لە هێزی بارزانیی سەر بە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، خزمەتی پێشمه‌رگه‌ی کردووە. لە ٣ی ئایاری ١٩٤٦ بەشداری شەڕی میل قەرەنی لە بەرەی سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.

 

لەو پێشمه‌رگانه‌ بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگەی خواکورک و دەشتی بەراز گرڤە بە خاکی باکووری کوردستاندا گەڕاوەتەوە ناوچەی شێروان و مزووری. دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندی ئەرقوش کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوڕێکانی دەکات و ئەوان سەرپشک دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت. لەوێدا تەواوی هاوڕێکانی بڕیاری بەردەوامیدان و چوون بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت دەدەن. لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت ڕۆیشتووە و لە شەڕی گەلیی قەتوور و شەڕی پردی ماکۆ بەشداری کردووە و دوای دژواری و ماندووبوونێکی زۆر، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتیی سۆڤیەت، لە ناو خاکی سۆڤیەت پەڕیونەتەوە.

 

دوای گەیشتنیان بە یەکێتیی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لەگەڵ هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان هەتا چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی سەراوەلا کە بە تێلی دڕکدار دەوردرابوو و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێ دەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتووچۆوە وەک دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. پاشان لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت لەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەری کۆماری ئازەربایجان دابەش کراون. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواستوویاننەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان و لە ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێ دراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە و پلەی ئەفسەرییان وەرگرتووە. لە هەمان کاتدا ڕۆژانە هەتا چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوڕێکانیانەوە کە خوێندەوارییان هەبوو وانەکانی فێربوونی زمانی کوردییان پێ وتراوەتەوە.

 

دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باقیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانیان، بڕیار دەدرێت لە وێستگەی سەربازی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە کۆماری ئازەربایجانەوە بیانگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چرچوکی نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش مەشقە سەربازییەکان بەردەوام دەبن.

 

لە ئازاری ١٩٤٩ لەگەڵ هاوڕێکانی بە شێوەی دەستە و تاقم بە شەمەندەفەر و ترێن بەسەر گوند و شارۆچکەکانی یەکێتیی سۆڤیەتدا دابەش کران و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز ئەو زەوییانەی خەڵک بە کرێ لە حکوومەتیان دەگرت و پاشان بەشی حکوومەتیان دەدا کار دەکرد.

 

دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەستی ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەردەسەرییەکانی هاوڕێکانی دەکات و ئەویش یەکسەر بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هاوڕێکانی بارزانی و دواجار بڕیاری لیژنەکە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شاری ڤیریڤسکی کۆ بکرێنەوە. بۆ ئەو مەبەستە ناوبراو لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤیریڤسکی لە سۆڤیەت. لە ساڵی ١٩٥٤ لەسەر داوای جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ ڕوو دەکاتە شاری مۆسکۆ.

 

دوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی, لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ و بەپێی هەردوو ماددەی سێیەم و حەوتەم و بڕگەی (أ) لە ماددەی دەیەم و کارکردن بە ماددەی ١١ بە پشتبەستن بە یاسای هەموارکراوی ژمارە ١٩ی ساڵی ١٩٥٩، ئەو خۆی و هاوڕێکانی کەوتنە بەر لێبووردنی گشتی و ناوبراو لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان و لە کۆلێژی سەربازیی شاری به‌غدا بووە وەرگێڕی زمانی ڕووسی. لە ٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠ لەسەر بانگهێشتی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵیادی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەگەڵ مستەفا بارزانی لە یەکێتیی سۆڤیەت بوو و ساڵی ١٩٦٥ دکتۆرای خۆی لە مێژووی هاوچەرخدا وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٧٠ گەڕاوەتەوە شاری بەغدا و ساڵانی (١٩٧١ - ١٩٧٤) وەک مامۆستای مێژوو لە زانکۆی بەغدا دامەزراوە.

 

لە ساڵی 1973 بەهۆی ئاڵۆزیی بارودۆخی نێوان سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی بەعس، بۆ جاری سێیەم چووەتە ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه و لە ساڵی 1974 وەک فەرماندە بەشداری شەڕەکانی زۆزک، سەرتێز و گەرووی عومەر ئاغای لە سنووری پارێزگای هەولێر کردووە. لە ساڵی 1975 پاش شکستي شۆڕشی ئەیلوول بە پەنابەرێتی دەچێتە شاینشینی ئێران. لە ساڵی 1979 لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە و هەمان ساڵ فەرماندەی هێزی بارزان بووە. لە ساڵی 1987 یەکێک بووە لەو فەرماندەیانەی شەڕی مێرگەسۆری لە سنووری پارێزگای هەولێر. لە ساڵی 1988 وەک فەرماندەی هێزی بارزان بەشداری داستانی خواکوڕکی کردووە. لە ساڵی 1991 بەشدارییەکی چالاکانەی لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستان کردووە و یەکێک بووە لەو کەسانەی پلاندانەری ڕزگارکردنی شاری کەرکووک بووە. لە 7 هەتا 14ی نیسانی 1991 فەرماندەی شەڕی داستانی کۆڕێ بووە کە بووە هۆی تێکشکاندنی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی عێراق. لە ساڵی 1993 بووەتە ئەندامی لێژنەی باڵای کۆمەڵایەتی ناوچەی بارزان. لە 16ی ئابی 1996 بەهۆی خزمەتکردن لە شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و قۆناغی سەروەری، لە 50 ساڵەی ساڵیادی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمر-ی وەرگرتووە. لە 5ی شوباتی 1999 لە پیرمام کۆچی دوایی کردووە و بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی و شێخ محەمەد خالید بارزانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسوکاره و هاوڕێکانی لە گۆڕستانی گوندی بارزان بە خاک سپێردراوە.

بەرهەمەکانی:

ژیان و بەرخۆدان ـ کە مێژوو سەروەری نیشان دەدات 1997.

سەرچاوە:

1- ئال دکتۆر سەعید بارزانی ئال تەحەق بێرکەب ئال خالیدین، گۆڤاری گوڵان، دامەزراوەی گوڵانی ڕاگەیاندن، ژمارە 33، ساڵی سێیەم، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری 25، شوباتی 1999.

2- لە چلەی دکتۆر سەعیدی تێکۆشەردا، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یەکگرتوو، ژمارە 2899، هەولێر، چوارشەممە 17ی ئاداری 1999.

3- برایەتی، دکتۆر سەعید ئەو پێشمه‌رگه هەڵۆی ڕێگای بەرخۆدانی هەڵبژارد، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یەکگرتوو، ژمارە 2772، هەولێر، دووشەممە 8ی شوباتی 1999.

4- شێرزاد عەبدولڕەحمان، مردن بەڵام بە ڕەنگێکی تر، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یەکگرتوو، ژمارە 2771، هەولێر، یەکشەممە 7ی شوباتی 1999.

5- دکتۆر سەعید بارزانی گەیشتە کاروانی نەمران، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یەکگرتوو، ژمارە 2771، هەولێر، یەکشەممە 7ی شوباتی 1999.

حەمید گەوهەری، مەدالیای بارزانی بەرزترین خەڵاتی ڕێزلێنان، بەرگی یەکەم، (هەولێر ـ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ـ چاپخانەی حاجی هاشم 2015).

حەبیب محەمەد کەریم, مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ عێراق (لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا) 1946 - 1993 (دهۆک ـ چاپخانەی خەبات 1998).

حەمید ئەفەندی، داستانی کۆڕێ 8/4 و 9/4/1991، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژمارە 3063 هەولێر، پێنجشەممە، 6ی نیسانی 2000.

دکتۆر سەعید بارزانی گەیشتە کاروانی نەمران، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یەکگرتوو، ژمارە 2771، هەولێر، یەکشەممە 7ی شوباتی 1999.

سەعید بارزانی، ڕێڕەوی شەرەفی بارزانی ساڵی 1946، ڕۆژنامەی ئەلتاخی، ژمارە 1106، شاری به‌غدا، چاپخانەی ئەلتایمس، سێشەممە، 8ی ئابی 1972.

شێرزاد عەبدولڕەحمان، "ژیان و بەرخۆدانی دکتۆر سەعید ئەحمەد نادر کە مێژوو سەروەری نیشان دەدات"، بەشی یەکەم، ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە 2270، پێنجشەممە 7ی تشرینی دووەمی 1996.

عەلی کەمال بەرزنجی، کەسایەتییە ناودارەکانی کورد لە سەدەی بیستەم، بەرگی یەکەم، (هەولێر ـ پڕۆژەی بەرزنجی ـ چاپخانەی زانکۆ 1999).

فەوزی ئەلئەترووشی، عەلی دکتۆر سەعید بارزانی ئەلعەزیمەت وەقفە، ڕۆژنامەی خەبات، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یەکگرتوو، ژمارە 911، هەولێر، هەینی 12ی شوباتی 1999.

مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەشی یەکەم، چاپی دووەم، (بەیرووت ـ کاوا بۆ ڕۆشنبیری کوردی 1997).

ساڵح یوسف سۆفی، کڕۆنۆلۆژیای کوردستان و جیهان، چاپی یەکەم، بەرگی دووەم، (دهۆک - چاپخانەی پارێزگای دهۆک - 2013).

لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی یۆبیلی زێڕیندا، سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی بە تێکۆشەران و دایکانی شەهیدان دەبەخشێت، گۆڤاری گوڵان، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژمارە 84، هەولێر 1ی ئەیلوولی 1996.

مەسعود بارزانی, بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931 - 1958، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).

حەمید گەردی، پوختەی مێژوونووسین، چاپی یەکەم، (هەولێر - دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2004).

نەبزە نیهایە ئەلفەقید دکتۆر سەعید بارزانی، ڕۆژنامەی خەبات، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یەکگرتوو، ژمارە 911، هەولێر، هەینی 12ی شوباتی 1999.

سەبری چاوشین خانۆ، بێداد لە مێژوودا، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2018).