دوای ڕوودانی شەڕەکانی قاراوە و مامشا لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و سوپای ئێران، دەبینین هێزەکانی ئێران بۆ ئەوەی هێزەکانیان لە ناوچەکە ڕێکبخەنەوە و پلانێکی گونجاو بۆ شەڕ و پێکدادانەکانی داهاتوویان لەگەڵ هێزەکانی کۆماری کوردستان دابنێن، سەردانێکی ئاست بەرزیان بۆ ناوچەی سەرا ئەنجامدا و لەگەڵ قازی محەمەد و مستەفا بارزانی کۆبوونەوە، هەرچەندە لە سەرا لە نێوان قازی محەمەد و بەرپرسانی کۆماری کوردستان و جەنەڕاڵ ڕەزم ئارا ڕێککەوتنێک کرا کە هیچ لایەنێک هێرش نەکاتە سەر ئەوی دیکە و ڕێگە بە کۆمار بدرێت پێداویستی بگەیەنێتە سەربازگە گەمارۆدراوەکان، بەڵام دوای ماوەیەک، لە گوندی مەکلاوە کە دەکەوێتە سەر ڕێگای نێوان سەردەشت و بانە، لە یەکێک لەو پێگانەی کە هێزی پێشمەرگەی لیوای سەردەشت-بانە بە سەرۆکایەتی کاک حەمەد مەولوود تێیدا جێگیر بوون بۆ چاودێریکردنی ئەو ڕێگایانە، دوای چەند مانگێک لە شەڕی گوندی مەلا شێخ و دانوستانەکانی گوندی سەرا کە قازی محەمەد و ڕەزم ئارا واژۆیان کردبوو، ئەو ڕێککەوتنە جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە پێشێل کرا، ئەو شەڕە بەم شێوەیە دەستی پێکرد: ڕۆژێک، ژمارەیەک پێشمەرگەی هێزەکانی بارزانی بۆ کڕینی هەندێک پێداویستی پێویست بەرەو مەکلاوە دەچوون، لە ڕێگادا کاروانێکی سوپای ئێرانیان بینی کە بە چوار تانک و زرێپۆش و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی پڕ لە سەرباز و چەک پشتیوانی دەکرا، و ویستیان بەرەو سەردەشت تێپەڕن و پێداویستی بگەیەننە هێزە گەمارۆدراوەکان.
بۆیە هێزی پێشمەرگە داوایان لە سوپای ئێران کرد بوەستن بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان، بەڵام ئێرانییەکان نەوەستان، ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی دیکە، هێزی پێشمەرگەی کۆمار بە سەرۆکایەتی حەمەد مەولوود کە لە ناو گوندی مەکلاوە بوون، گەیشتن بۆ یارمەتیدانی هاوسەنگەرانیان، لە لایەکی دیکەشەوە عەقید بەکر عەبدولکەریم حەوێزی بەرەو مەکلاوە چوو بۆ یارمەتیدانی هاوسەنگەرانی، بەکر عەبدولکەریم حەوێزی خۆی لەگەڵ سە سوارەی گۆرک بەرەو شوێنی شەڕەکە چوون بۆ ئەوەی بتوانن هێزەکانی ئێران لە دوو لاوە گەمارۆ بدەن، بەڵام سوپای ئێران پێش گەیشتنی ئەو هێزە بەرەو سەردەشت هەڵاتن، کاتێک هێزەکانی بارزانی و گۆرک گەیشتنە مەکلاوە، دەرکەوت کە ١٤ کەس لە دانیشتووانی ئەو گوندە لەلایەن سوپای ئێرانەوە کوژراون و بریندار بوون و یەکێک لە پێشمەرگەکانی حەمەد مەولوودیش شەهید بووە، بریندارەکان سەرەتا بۆ چارەسەر بۆ مەهاباد و دواتر بۆ تەورێز گواسترانەوە. لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا هێزی پێشمەرگە زانییان کە سەربازە ئێرانییەکان بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و فیشەک و گوللەتۆپ لە ناو پێداویستی و خۆراکەکاندا دەشارنەوە کە دەیانبرد بۆ هێزە گەمارۆدراوەکان، و ویستیان بەو هاوکارییانەوە خۆیان بشارنەوە و بیگەیەننە ئەو هێزانە، بۆیە دەبینین دوای ئەو شەڕە و بەهۆی پابەندنەبوونی هێزە سەربازییەکانی سەردەشت بە بەڵێنەکانیان، ئەو ڕێککەوتنە هەڵوەشایەوە.
سەرچاوەکان:١- عهقید بهكر عهبدولكهریم حهوێزی، گهشتێك به كۆماری مههاباد دا ، چاپی دووهم ، ههولێر، (دهزگای چاپ و بڵاوكردنهوهی ئاراس- ٢٠٠١).
٢- علاءالدین سجادی، شۆڕشهكانی كورد، بهغدا، (چاپخانهی مهعارف- ١٩٥٩).


