حکوومەتی عراق کە لە ساڵی 1974’ان دا شەڕی بە سەر کوردستان دا سەپاند، هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی شۆڕشی بە شێوەیەک دەست پێ کرد کە هەموو شیانەکانی خۆیانی سەربازی بە کار هێنا، ئەرتەشێکی مەزن لە سەد هەزاران لەشکەر، بە سەدان تانکی نوێ، هەر جۆرە چەکێکی ئاسمانی و هێزی ئاسمانی بە کار هێنا تا ئەم جارە شۆڕش بە یەکجاری لە کۆتایی بێنێت.
هەڵبەت لە هەر شۆڕش و سەرهەڵدانێک دا چیاکانی بەرز جێگەی بەرخۆدان و پاراستنی شۆڕش بوون، هەر کات پێشمەرگە پشتی خۆی پێ وە گرێ دەدا، ئەرتەشی عراقیش بە هەمان شێوە دەیویست پێشتر دەست بە سەر بەرزاییەکان دا بگرێت، خەتەکانی پاراستنی پێشمەرگە بشکێنن ئەوانەی لە چیاکانی وەک کێوەڕەش، ماکۆک و کارۆخ بە جێ بوونە تا دەشتەکانی نزم بکەونە ژێر باندۆری سەربازی. ڕێژیمی عراق پلانی داڕشتبوو کە هێرشەکانی خۆی لە سەر هەرێمەکانی شۆڕش لە تەباخ و ئەیلوول دا زۆر بکات تا بەر لە زستان جێگەکانی ستراتیژیک بە دەست بێنێت.
هەر چەند ئەرتەشی عراق لە بەر هێرشەکانی خۆی لە سەر چەپەرەکانی پێشمەرگە دەربەی گرانی خوارد، بەڵام، بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی مەزن، پسپۆڕانی سەربازی یەکەتی سۆڤیەت و کرێگرتەکان (جاش) هێرشەکانی خۆیانی بەردەوام کرد، دەما کە ئەرتەش توانی لە چیای کێوەڕەش بە پێش وە بچێت و قەراغی ڕاست بخاتە بن کۆنتڕۆڵی خۆی، هێزی 1ی پیادە و هێزی 12ی زرێپۆش بە پشتیوانی تابووری 3ی تانکان پێشڕەویی خۆیان بەرەو گەلیی سەنگەسەر دەست پێ کرد، کە دەکەوێتە دەستپێکی چیای ئاسۆس لە لای ڕاست و دەستپێکی چیای کێوەڕەش لە لای چەپ کە ڕێگەی ڕانیە-قەڵادزێی تێ دا دەرباز دەبێت.
لە دژی ئەو هێزە مەزنەی ئەرتەشی عراق کە بۆ داگیرکردنی شاری قەڵادزێ لە ڕێ دەرباز دەبوو، بەتالیۆنێک لە هێزی کاوە و بەتالیۆنی ئاسۆس لە گەلیی سەنگەسەر چەپەر گرت بوون، کە تاکە جێگەیەک کە ئەوان توانیویانە ڕێ لە بەر ئەرتەش بگرن کە ڕێ نەدەن بگاتە قەڵادزێ، ئەویش بە دانانی ماینەکانی دژی تانک و دژی مرۆڤ، خراپکردنی ڕێگاکان و دانانی بەردی مەزن لە سەر ڕێگاکان، ئەرتەشی عراق دەست لە پلانی خۆی لە هێرش هەڵنەگرت، پێشمەرگە لە بەرەڤانی دا بوو دەما شەڕی یەکتر کرد و شەڕ و پێکدادان بەردەوام بوو و نزیکەی 10 ڕۆژان دەوامی کرد، هەر چەند ئەرتەشی عراق دەربەی گرانی خواردیش، بەڵام ڕژد بوو کە خۆی بگەیەنێتە قەڵادزێ، هەروەها لە ناو هێزی پێشمهرگه دا شەهید و بریندار هەبوون، لە ئەنجام دا ئەرتەشی عراق لە 19ی تەباخی 1974 دا توانییان دەربازی ناو شاری قەڵادزێ ببن و بە دەست بێنن.
ئاشکرایە کە پێشمەرگە بە داگیرکردنی قەڵادزێ لە لایەن ئەرتەشی عراقەوە نەوەستا، بەڵام لە چالاکییەکانی خۆی لە سەربازی دا بەردەوام بوو، لە 3ی ئەیلوول دا، ئەوان هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی ئەرتەشی عراقی لە تووە سووران، کە لە سەر ڕێگەی ڕانیە- قەڵادزێیە، هێرش بە تۆپبارانکردنی بارەگای سەربازی دەست پێ کرد، پاشان هێرشی کردە سەر بارەگای سەربازی و زیانێکی مەزنیان گەیاندە لەشکەران، چی نەمابوو دەست بە سەر بارەگاکە دا بگرن، بەڵام لە بەر شەهیدبوونی فەرماندەی پێشمەرگە عیزەدین قەرە محەمەد دەستی لە گرتنی بارەگای سەربازی هەڵگرت و هێزی پێشمهرگه پاشەکشەیان کرد.
سەرچاوە:- مەسعود بارزانی, بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی III، بەشی II، شۆڕشی ئەیلوول 1961-1975، چاپی یەکەم – هەولێر، 2004.
- سەنگەر ئیبراهیم خۆشناو، ڕووداوە سەربازییەکانی شۆڕشی ئەیلوول 1970-1975، چاپی 1، هەولێر، 2022.
- کاروان جەوهەر محەمەد، ئیدریس بارزانی 1944-1987 ژیان و ڕۆڵی سیاسی و سەربازی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دا، چاپخانەی هێڤی، هەولێر، 2019.
- مولازم خدر عەبدوڵڵا دەباغ، بیرەوەرییەکانی من و تۆپخانەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، چاپخانەی ڕۆشنبیری، چاپی 3، هەولێر – 2020.
- ئیبراهیم جەلال، باشووری کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول, ئاوەدانکردنەوە و هەڵوەشاندن، 1961-1975، چاپی چوارەم، 2021.


