فتاح گولی ساڵی ١٩٤٣ لە ناحیەی باتیفا سەر بە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، ساڵی ١٩٦١ خوێندنی ناوەندیی لە زاخۆ تەواو کردووە. دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، ساڵی ١٩٧٥ پەنای بۆ ئێران بردووە و لە نەغەدە نیشتەجێ بووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ سەرای نیلوفەر لە کرماشان و لەوێشەوە بۆ کرمان، ساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە بۆ زیوە و وەک پێشمەرگە لەوێ کاری کردووە، تا کاتی بەستنی کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٧ بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە و لە زێدی خۆی لە باتیفا بە خاک سپێردراوە.

ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە کردووە. ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە لەناو کەتەی عەلی هالۆ. ساڵی ١٩٦٤ وەک کادری کەتە دەستنیشانکراوە، ساڵی ١٩٦٨ گواستراوەتەوە بۆ هێزی هەڵگورد کە هێزێکی گورزوەشێن بووە بە فەرماندەیی سولەیمان حاج بەدری لە ناوچەکانی قەسرێ و حاجی ئۆمەران، ئەرکی بەڕێوەبردنی هێزەکەی پێسپێردراوە و تا ساڵی ١٩٧٥ لەوێ ماوەتەوە.

ساڵی ١٩٨٠ وەک بەرپرسی لقی یەکی لیژنەی ناوچەی زاخۆ دەستنیشانکراوە، ساڵی ١٩٨١ گواستراوەتەوە بۆ ناوچەی دهۆک، ساڵی ١٩٨٥ وەک بەرپرسی لیژنەی ناوچەی ئامێدی دەستنیشانکراوە، ساڵی ١٩٨٦ وەک بەرپرسی لیژنەی ناوچەی دهۆک دەستنیشانکراوە. ساڵی ١٩٨٧ بووەتە بەرپرسی لیژنەی ناوچەی شێخان، ساڵی ١٩٨٨ دوای شاڵاوی ئەنفالی نەگریس و هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر ناوچەی بادینان، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی دیکەی چوونەتە ناوچەی دۆسکی باکوور و لەوێ نیشتەجێ بوون.

ساڵی ١٩٩١ دوای ڕاپەڕینی کوردستان گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و لە دهۆک نیشتەجێ بووە، ساڵی ١٩٩٢ وەک سەرۆکی بەرەی کوردستانی لە ناوچەی دهۆک و سەرۆکی لیژنەی ناوچەی دهۆک دەستنیشانکراوە، لە کۆتایی هەمان ساڵدا بووەتە فەرماندەی سوپای یەکەم- زاخۆ، ساڵی ١٩٩٥ وەک فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی لە دهۆک دەستنیشانکراوە. ساڵی ١٩٩٩ ئەندامی شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە کە لەلایەن شانشینی عەرەبستانی سعودییەوە بانگهێشتکرابوون بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج. ساڵی ٢٠٠١ دوای دامەزراندنی لقی هەشت لە زاخۆ، فتاح گولی وەک جێگری سەرۆکی لق دەستنیشانکراوە.

لە ژیانی خۆیدا وەک پێشمەرگە بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە لەوانە شەڕی حەسەن بەیرەکا لە ساڵی ١٩٨٠، شەڕی دۆڵی دهۆک لە ساڵی ١٩٨٢، شەڕی دۆڵی زاوێتە لە ساڵی ١٩٨٢، شەڕی دێرگەژین لە ساڵی ١٩٨٤، شەڕی سوتکی لە ساڵی ١٩٨٧، و داستانی خواکوڕک لە ساڵی ١٩٨٨.

لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦، لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی پێبەخشی وەک ڕێزێک بۆ خزمەتەکانی لە پێناو کورد و کوردستان و ڕێبازی بارزانی.

سەرچاوە:

١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان