شەهید هاشم عەزیز ئەحمەد بە نازناوی هاشم مێڕۆزی، لە ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی مێڕۆزەی سەر بە دەڤەری مزووری ژووری سەر بە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، دوو جار هاوسەرگیری کردووە، ناوی هاوسەرەکانی بەسنا خەلیل و فەیروز بوون، ٦ کوڕ و ٤ کچی هەن، دوو کوڕی بە ناوەکانی حسێن هاشم عەزیز مێڕۆزی لە ساڵی ١٩٩٦ و سادق هاشم مێڕۆزی لە ساڵی ١٩٨٦ شەهید بوون.
خەباتنامەلە ساڵی ١٩٤٥ تێکەڵی ڕیزەکانی شۆڕشی بارزانی دووەم بووە و بووە پێشمەرگە، یەکێک بوو لە پێشمەرگە نەترس و قارەمانەکانی شۆڕشی بارزان، بەهۆی دڵسۆزی و لێهاتوویی خۆی لە لاوێتیدا، لە ناو هۆزی مزووری ژووریدا کەسێکی ناودار بوو، نوێنەری شێخ ئەحمەد بارزانی بوو لە ناو هۆزی مزوورییەکاندا، لە ساڵی ١٩٦١ لە شۆڕشی ئەیلوول دا بووە پێشمەرگە، لە هەمان ساڵدا وەک جێگری عیسا سوار سێلکی، فەرماندەی هێزی زاخۆ دەستنیشانکرا.
لە چەندین شەڕ و داستاندا وەک فەرماندە بەشداری و سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگەی کردووە، لەوانە شەڕەکانی گەلی زاخۆ، باتیفا، گەلی سپی، عەین زالە، مەتینا، گارە، زاوێتە، ئەترووش و گەلی قیامەت، دوو جاریش بە سەختی بریندار بووە، لە ساڵی ١٩٦٤ بەهۆی لێهاتوویی و ئازایەتییەوە بە فەرمانی بارزانی نەمر وەک فەرماندەی هێزی شێخان دەستنیشانکرا.
لە ١٠ی ئایاری ١٩٦٥ لە شەڕی چیای ئەترووش بە سەختی بریندار دەبێت، پاش چەند کاتژمێرێک بەهۆی برینەکەیەوە شەهید بوو و لە گوندی هەسنەکای دەڤەری مزوورییەکان لە چیای ئەترووش بە خاک سپێردرا، یەکێک بوو لەو شەهیدانەی گۆڕەکەی ون بوو، بەڵام گۆڕەکەی پاش ٤٥ ساڵ لە شەهیدبوونی دۆزرایەوە.
سەرچاوە:-
ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


