شەوى ١١ لەسەر ١٢ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ سوپاى عێراق هێرش و پەلامارەکانى بەرەو ناوچەکانى دەوروبەرى زاخۆ دەست پێکرد بە پاڵپشتى تۆپخانە و فڕۆکەى جەنگى کە بارەگاى لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستانى لێ بوو، هەڵمەتى سەربازى سوپا و هێزە چەکدارانى حکومەت بەرزاییەکانى دڵایی گرتەوە، بەو هۆیەوە پەیوەندى لێژنەى ناوچەى زاخۆ و هێزى پێشمەرگەى ئەو ناوچەیە بە ناوچەکانى ترەوە پچڕا، بۆ گەیاندنى هەواڵی ئەو هێرشەى حکومەت لێژنەى ناوچەى دهۆک پەیوەندى لەگەڵ سەرکردایەتى شۆڕش گرت کە شەڕێکى  قوڕس لە سنوورى هەردوو ناوچەى دهۆک و زاخۆ هەیە، فڕۆکە جەنگیەکان بە چڕی سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان بۆردوومان دەکرد، بە هۆى ئەو بۆردوومانەى فڕۆکەوە لە گوندى کانى پونگ کەسێکى بەساڵاچووە بە ناوى حاجى نەبى شەهید بوو لەگەڵ برینداربوونى چوار ئافرەت و منداڵ، هەروەها لە گوندى زێوەى نزیک بارەگاى لقى یەکى پارتى دیموکراتى کوردستان  بۆردوومانى فڕۆکە بەردەوام بوو، هەر لەوێش پیاوێکى دیکەى بەساڵا چوو شەهید بوو([1]).

دیارە مەبەستى حکومەتى عێراق لە هێرش و پەلامارەکانى سەر بارەگا و سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە دەڤەرى بادینان، کپ کردنى دەنگ و ڕەنگى شۆڕش بوو لە هەمبەر ئەو چالاکى و هێرشانەى کە بەردەوام لە ناوچە جیاوازەکان بە شێوەى پارتیزانى بەرەو ڕووى هێزەکانى حکومەت دەبوونەوە، لە لێدانى ڕەبایە و بنکە و بارەگا سەربازیەکان و دانانەوەى بۆسە لە ڕێگاکان، بێ گومان ئەمەش زیانى گیانى و ماددى زۆرى بەدواوە بوو بۆ هێزە سەربازیەکانى عێراق لە لایەک، لە لایەکى دیکەشەوە حکومەتى خستبۆوە دۆخێکى مەترسیدار کە بەردەوام ئاسوودەیى بە خۆوە نەبینێ([2]). چونکە لق و لێژنەى ناوچە و ڕێکخستن و هێزى پێشمەرگە بەسەر ناوچەکاندا بە جۆرێک دابەش ببوون هەریەکەو لە شوێن و سنوورى دەسەڵاتیان چالاکییان دەنواند([3]).       

هێرش و پەلامارەکانى سوپا و هێزە چەکدارەکانى حکومەت بۆ سەر بارەگا و سەنگەرەکانى پێشمەرگە بەردەوامى هەبوو بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک  لە سنوورى هەردوو ناوچەى دهۆک و زاخۆ، لە ١٣ى تشرینى یەکەمى ١٩٨٦ ناوچەى دهۆک بە سەرکردایەتى شۆڕشى رایگەیاند کە گوشار و پەلامارە  چڕ و پڕەکانى حکومەت گەیشتۆتە سەر ناوچەى زاخۆ و دەستى بەسەر بارەگاى ناوچەدا گرتووە و فڕۆکەکانیش لە بۆردوومانى دەڤەرەکە بەردەوامن، شایانى باسە بەرگرى هێزى پێشمەرگە و سەنگەرگرتن لە بەردەم هێزەکانى حکومەت بەتایبەتى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) وایکرد کە کاتژمێر چوارى ئیوارەى ١٤ى تشرینى یەکەمى ١٩٨٦  شکست بە پێشڕەوی و پەلامارەکانیان بێت([4]).    

  ئەو هێرش و پەلامارانەى سوپا و هێزە چەکدارەکانى عێراق بۆ سەر ناوچەکانى شۆڕش دەرخەرى ئەو ڕاستیەن کەوا حکومەت هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوو کەوا هێز و دەسەڵاتى بگەیەنێتە تەواوى ناوچەکانى کوردستان، شۆڕش لە تەواوى دەڤەرەکان بێ دەنگ بکات و چالاکییەکانیان پەک بخات.  

 سەرچاوەکان:
  1. مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، 2021.
  2. شیمال زێباری، هنده‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر – 2015.
  3. حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بە دواى دادپەروەرىیدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، کوردستان – ٢٠٢١.  

 

 

[1] - مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، 2021، ل٦٣.

[2] - شیمال زێباری، هنده‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر – 2015، ل٣٤٥.  

[3] - حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بە دواى دادپەروەرىیدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، کوردستان، ٢٠٢١، ل٢٥١.

[4] - مه‌سعود بارزانی، هەمان سەراوە، ل ٦٤.