لە ٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٩ لە عێراق کابینەی نوری سەعید دەستبەکار بوو و لەسەر ئەم بنەمایە یاسای عورفی دیاریکرد و سەرجەم پارت و ڕێکخراوە نهێنی و نەتەوەییەکانی سەرکوت کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان)یش لەم لێدانە بێبەش نەبوو، حەمزە عەبدوڵڵا، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان) لە سلێمانی دەستگیرکرا و برایە شاری بهغدا، جەعفەر محەمەد کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان) ڕەگەزنامەی عێراقی لێسەندرایەوە و بۆ ئێران نێردرا، ئیبراهیم ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیتەی هەرێمی سلێمانی و عومەر مستەفا سەرۆکی کۆمیتەی هەرێمی بەغدا بە دوو ساڵ زیندان حوکمدران، ڕەشید عەبدولقادر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان) بە ٣ ساڵ زیندان حوکمدران، هەروەها عەونی یوسف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان) بە ساڵێک و نیو سزای زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، ژمارەیەک لە ئەندامانی دیکەی چالاکی پارتی، لەوانە نوری ئەحمەد تەها، ساڵح دیلان، حیلمی عەلی شەریف و غەفور ڕەشید دارا ئاغا، دەستگیرکران و سزادران، ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، لەوانە ساڵح یوسفی و ڕەشید باجەلان، دەستیان لە کار کێشایەوە و ڕێکخراوەکە لاواز بوو.
لەو بارودۆخەدا، لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠، کۆمەڵێک ئەندامی پارتەکە، لەوانە عەلی عەبدوڵڵا (ئەندامی مەکتەبی سیاسی)، بەکر حاجی ئیسماعیل، عەبدولکەریم تۆفیق، محەمەد ئەمین مەعروف و عومەر حەبیب عەبدوڵڵا، بە چاودێریی زیا کۆیی (جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان) هەوڵیاندا کۆمیتەیەکی ناوەندیی کاتی دابمەزرێنن، پارتەکە لە نوێوە ڕێکبخەنەوە و ڕێگە بۆ کۆنگرەی گشتی خۆش بکەن، بەڵام ئەم کۆمیتەیە نەیتوانی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات، لەو کاتەدا کۆمیتەی هەرێمی بەغدا چالاکتر بوو، بۆیە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی کۆیەی پەسەند نەکرد و ڕاستەوخۆ داوای ئەنجامدانی کۆنگرەی گشتی کرد، بەڵام لە جیاتی کۆنگرە، کۆنفڕانسی گشتیی پارتەکە ئەنجامدرا.
ئەنجامدانی کۆنفڕانسەکەبە ئامادەبوونی نوێنەرانی سلێمانی، بەغدا، هەڵەبجە، کەرکووک، مووسڵ و کۆیە، هەروەها بە ئامادەبوونی عەلی عەبدوڵڵا و عەونی یوسف وەک دوو ئەندامی سەرکردایەتی، لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٠ کۆنفڕانسەکە لە شاری بهغدا دەستی پێکرد، لە کۆنفڕانسەکەدا سەرکردایەتییەکی کاتیی لاواز دامەزرا، کە لە عەلی عەبدوڵڵا، عەونی یوسف، عەلی حەمدی، ساڵح ڕوشدی تاهیر، مستەفا کەریم غەفور، محەمەد مووسا سادق فەیلی و نوری محەمەد ئەمین پێکهاتبوو.
جگە لە عەلی عەبدوڵڵا، زۆربەی کەسانی دیکە نەیانتوانی کار بکەن، ساڵح ڕوشدی و مستەفا کەریم لە پارتەکە جیابوونەوە، محەمەد سادق هێشتا خوێندکاری ئامادەیی بوو، نوری حەمە ئەمین دەستی لە کار کێشایەوە، بۆیە ئەم کۆنفڕانسە نەگەیشتە ئامانجەکانی.
سەرچاوەکان:١. حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان (لە وێستگە سەرەکییەکاندا ١٩٤٦ - ١٩٩٣)، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).
٢. مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ)، کۆمیتەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی ١، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆخانا - ٢٠٢١).
٣. نامەی جەلال تاڵەبانی (پیرۆت) بۆ: سەرکردە مستەفا بارزانی و هاوڕێی بەڕێزی میرحاج ئەحمەد، (٥/١٠/١٩٥٥ – پەکین)، مەسعود بارزانی, بارزانی و بزووتنەوەی
٤. ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، بەرگی ١، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - ٢٠٠٤)، بەڵگەنامەی ژمارە ٧.
٥. سەلاح ڕەشید، مام جەلال دیداری تەمەن، لە لاوێتییەوە بەرەو کۆشکی کۆماری، (سلێمانی – چاپخانەی کاردۆ – ٢٠١٧).


