یاساناس و سیاسەتمەدار، حەمزە عەبدوڵڵا عومەر ئاشوور، بە ناوەکانی لەزگین، مەلا ڕەحیم و مەلا برایم ناسراوە. لە ساڵی ١٩٣٦ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کۆمۆنیستی عێراق بووە. لە ساڵی ١٩٤٥ لە شۆڕشی دووەمی بارزانی (١٩٤٣ - ١٩٤٥) ئەندامی لێژنەی ئازادی بووە. لە ساڵی ١٩٤٦ لە شاری مەهاباد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کورد بووە و هەمان ساڵ و لە یەکەم کۆنگرەی پارتیدا بە ئەندامی کۆمیتەی جێبەجێکاری ناوەندی (کۆمیتەی ناوەندی) و پاشان بە سکرتێر و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتەکە هەڵبژێردراوە. بەهۆی پابەندنەبوون بە بڕیارەکانی پارت و هاوکاری نەکردنی ڕێکخراوەکانی پارت، لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە لە ئەندامێتی دەرکراوە. لە هاوینی ١٩٥١ لەلایەن حکوومەتی ناوەندیی عێراقەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ وڵاتی تورکیا دوور خراوەتەوە. لە کاتی بردن بۆ تورکیا توانی لە زاخۆ خۆی ڕزگار بکات و بگەڕێتەوە شاری سلێمانی. پاش گەڕانەوە پەیوەندی بە ئەندامانی ناڕازیی پارت و بەتایبەتی ئەندامانی لقی سلێمانی دەکات کە پاش کێشە لەگەڵ کۆمیتەی ناوەندیی پارت دەرکرابوون، حەمزە عەبدوڵڵا و لقی سلێمانی ڕێک نەکەوتن و پارتێکی نوێی بە ناوی باڵی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردی - عێراقی لە ساڵی ١٩٥٢ دامەزراند. لە ساڵی ١٩٥٦ پاش هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی، حەمزە عەبدوڵڵا گەڕایەوە ناو ڕیزەکانی پارت و لەسەر بڕیاری کۆمیتەی ناوەندی حەمزە عەبدوڵڵا بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی. لە ساڵی ١٩٥٩ و لە کۆنگرەی چوارەمدا بە یەکجاری لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکرا.
ژیاننامەحەمزە عەبدوڵڵا کە بنەماڵەکەی خەڵکی شاری وان-ی باکووری کوردستانن، پاش کۆچکردن لە ساڵی ١٩١٥ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و پاشان کۆچی کردووە بۆ باشووری کوردستان. لە ساڵی ١٩٣١ قۆناغی ئامادەیی بەشی زانستی لە شاری مووسڵ تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٣٢ لە کۆلێژی ماف لە شاری بەغدا وەرگیراوە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەست هێناوە. لە ساڵی ١٩٤٧ هاوسەرگیری لەگەڵ مامۆستا نەعیمە فەتاح ئەحمەد (٢٠٠٣) خوشکی پارێزەر ئیبراهیم ئەحمەد کردووە. لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٨ لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی گوندی سیتەک بە خاک سپێردراوە. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و ڕووسی بووە.
خەباتنامەحەمزە عەبدوڵڵا لە تەمەنی لاوێتی خۆیدا لە چەندین پارت و کۆمەڵەی سیاسیی وەک کۆمەڵەی یادگاری لاوان (١٩٣٣) و پارتی کۆمۆنیستی عێراق (١٩٣٤) و گرووپی ڕۆژنامەی (ئەلئەهالی) کە تاکە ڕۆژنامەی ڕکابەری سەردەمی پاشایەتیی عێراق بوو (١٩٣٤) و کۆمەڵەی چاکسازیی میللی (ئەلاسلەح ئەلشەعبی) (١٩٣٥) کاری کردووە.
لە شۆڕشی دووەمی بارزانی (١٩٤٣ - ١٩٤٥) ئەندامی لێژنەی ئازادی بووە و لە ساڵی ١٩٤٦ ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کورد بووە. لە هەمان ساڵ و لە کۆنگرەی یەکەمدا بە ئەندام و پاشان بە سکرتێری کۆمیتەی جێبەجێکاری ناوەندی (کۆمیتەی ناوەندی)ی پارتی دیموکراتی کورد هەڵبژێردراوە و پاشان بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارت و لە هەمان ساڵدا یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی ڕزگاری ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردی دەرکردووە.
لە ساڵی ١٩٥١ بەشداریی ڕۆژی کردنەوەی کۆنگرەی دووەمی پارتی دیموکراتی کردووە، پاشان شوێنی سازکردنی کۆنگرەکەی بەجێ هێشتووە و لەگەڵ ئەوەشدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پابەندی بڕیارەکانی کۆنگرەی دووەمی پارت نەبووە و هاوکاریی ڕێکخراوەکانی نەکردووە، لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە دەرکراوە.
لە هاوینی ١٩٥١ لەلایەن حکوومەتی ناوەندیی عێراقەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ وڵاتی تورکیا دوور خراوەتەوە و لە کاتی بردن بۆ تورکیا توانی لە زاخۆ خۆی ڕزگار بکات و بگەڕێتەوە شاری سلێمانی. پاش گەڕانەوە پەیوەندی بە ئەندامانی ناڕازیی پارت و بەتایبەتی ئەندامانی لقی سلێمانی کرد کە پاش کێشەی لەگەڵ کۆمیتەی ناوەندی لە پارت دەرکرابوو، ڕێک نەکەوتن و لە ساڵی ١٩٥٢ پارتێکی نوێی بە ناوی باڵی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردی - عێراقی دامەزراند.
لە ساڵی ١٩٥٣ و لە کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستانی - عێراقدا بۆ جاری یەکەم لە ڕیزەکانی پارت دەرکرا، بەڵام ساڵی ١٩٥٦ پاش گەیشتنی نامەی جەنەڕاڵ سەرۆک مستەفا بارزانی بۆ یەکگرتنی هەردوو باڵی پارت لە یەک کیان و قەوارەدا، گەڕایەوە و بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستانی - عێراق.
دەستڕۆیشتوویی کۆمۆنیستەکان پاش کودەتای ساڵی ١٩٥٨ کاریگەریی لەسەر پارت دانا و وردەوردە پارت بەرەو پارچەبوون دەچوو بەتایبەتی لە ڕێگەی ئەو کادیرانەی پارتی کۆمۆنیست کە لە کاتەکانی پێشوودا پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتەوە کردبوو. لەم کاتەدا پەیوەندیکردنی کۆمۆنیستەکان بە ڕێکخراوەکانی پارت و کاریگەرییان لەسەر حەمزە عەبدوڵڵا، وای کرد لە ماوەیەکی کەمدا دەست بەسەر پارتیدا بگرن و لە یەکەم هەنگاودا ئیبراهیم ئەحمەدی سکرتێری پارت بە تۆمەتی ڕاستڕەوی دەرکەن و حەمزە عەبدوڵڵا لە شوێنی ئەو بکەن بە سکرتێری پارت.
لە ساڵی ١٩٥٩دا حەمزە عەبدوڵڵا هەوڵی نەهێشتنی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان لە ناو ڕێکخراوەکانی پارتی کۆمۆنیستی عێراق دەدات و بەم هۆیەوەش پشتیوانی و لایەنگریی پارتی کۆمۆنیست وردەوردە بەرەو بنکە و ئەندامانی پارت پەرەی دەسەند و بڵاو دەبووەوە. لەسەر ئەم ڕەوشە لەلایەن ڕێکخراو و ئەندامانی پارتەوە لێپرسینەوەیەکی زۆر گەیشتە مستەفا بارزانی (١٩٠٣ - ١٩٧٩) کە داوای کۆتاییهێنان بەم ڕەوشە و سازکردنی کۆنگرەی پارتی دەکرد. مەکتەبی سیاسیی پارت بەم داوایە ڕازی نەبوو بۆیە مستەفا بارزانی داوای کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کرد و لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٥٩ کۆمیتەی ناوەندی کۆ بووەوە و لە کۆتاییدا بڕیاری دەرکردنی حەمزە عەبدوڵڵا درا. لە ساڵی ١٩٥٩ بۆ جاری دووەم لە کۆنگرەی چوارەمی پارتدا بەهۆی چەپرەوی و پەیوەندیی نهێنیی لەگەڵ پارتی کۆمۆنیست، ئەو خۆی و هاوڕێکانی لە ڕیزەکانی پارت دەرکران.
لە ساڵی ١٩٦٤ دژی باڵی مەکتەبی سیاسی و بڕیارەکانیان وەستا و پشتیوانیی سەرۆک مستەفا بارزانی کردووە و پاش ڕێککەوتنامەی ئاداری ١٩٧٠یش لە گوندی دیلمان-ی سەر بە پارێزگای هەولێر سەردانی سەرۆک مستەفا بارزانی کردووە.
بەرهەمەکانی:
١ - شۆڕشی بارزانی ١٩٥٩ - لەلایەن موحەڕەم محەممەد ئەمینەوە لە عەرەبییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.
سەرچاوە:١- دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠٢١).
٢- هۆشیار نوری لەک، ناودارانی کورد لە دیرۆکدا، (هەولێر - چاپخانەی چوار چرا ٢٠١٠).
٣- مەهدی محەمەد قادر، پێشهاتە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق ١٩٤٥ - ١٩٥٨، (سلێمانی - ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی کوردستان ٢٠٠٥).
٤- شوان محەمەد ئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لە نێوان ساڵانی (١٩٥٨ - ١٩٦٣) لێکۆڵینەوەیەک لە ڕەوشی سیاسی، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات ٢٠١٢).
٥- شوان محەمەد ئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣ - ١٩٧٠ لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لەسەر ڕەوشی سیاسی، (هەولێر - چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین ٢٠١٦).
٦- ساڵح بێچار، حەمزە عەبدوڵڵا گەورەتر لە ئیهمالکردن، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ئۆرگانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پاشکۆی یادگار (پێوەی بیرەوەری)، ژمارە ٨٠٧٢، ساڵی بیست و نۆیەم، سلێمانی، پێنجشەممە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠.
٧- سدیق ساڵح، سەرپەتێک لە ژیاننامەی حەمزە عەبدوڵڵا، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ئۆرگانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پاشکۆی یادگار، ژمارە ٨٠٧٢، ساڵی بیست و نۆیەم، سلێمانی، پێنجشەممە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠.
٨- ئەحمەد باوەڕ، مێژووی هاوچەرخی عێراق ١٩١٤ - ١٩٦٨ (سلێمانی - چاپخانەی کارۆ ٢٠١٨).
٩- خەلیل عەبدوڵڵا، حەمزە عەبدوڵڵا، سیمبولێکی کوردستانی، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ئۆرگانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ژمارە ٨٠٤٥، ساڵی بیست و هەشتەم، سلێمانی، سێشەممە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩.
١٠- پارێزەر حەمزە عەبدوڵڵا، "بەڵگەنامەیەکی سیاسی نەتەوەیی دەستنووس"، گۆڤاری ٢١ ک، ژمارە ٢ - ٣ - ٢٠٠٨.
١١- حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق (لە وێستگە سەرەکییەکاندا) ١٩٤٦ - ١٩٩٣، (دهۆک - چاپخانەی خەبات ١٩٩٨).
١٢- ڕۆیشتنی کەسایەتی نیشتمانی کورد تێکۆشەر مامۆستا حەمزە عەبدوڵڵا، ڕۆژنامەی خەبات، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو، ژمارە ٩٠٥، هەینی ١٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٨.
١٣- کەریم شارەزا، تێکۆشەری نیشتمانی حەمزە عەبدوڵڵا، ڕۆژنامەی خەبات، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە ٩٤٦، هەینی، هەولێر، ١٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩.


