ژیاننامە

جادەر جانگیر جادەر ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی میرۆزی سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤیەت هاوسەرگیری کردووە، شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی، تورکی و ڕووسی بووە، ساڵی ١٩٥٣ لە یەکێتی سۆڤیەت بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە کۆچی دوایی کرد و لەوێ بەخاک سپێردرا. 

لاپەڕە خەباتگێڕییەکان

ساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزانەوە کردووە، بەشداری لە شەڕەکانی نەهێلی و دەستبەسەرداگرتنی یەکەی تۆپخانەی نەهێلی و بنکەکانی پۆلیسی ناوچەی بارزان کردووە، لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە بڕیاری دادگای سه‌ربازی عێراقی هەموو موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی دەستی بەسەردا گیرا. لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ و دوای شکستخواردنی شۆڕشی بارزان بە یاوەری مستەفا بارزانی و هاوسەنگەرانی پەڕییەوە بۆ ڕوژهه‌لاتی کوردستان، دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ لە چوارچێوەی هێزی بارزان بەرگری لە کۆمارەکە کرد.

 

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان بۆ باشووری کوردستان، بەشداری لە شەڕەکانی نەغەدە و شنۆ لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان کردووە، لەنێو هاوسەنگەرانی پێشمه‌رگه بوو کاتێک لە ١٩/٤/١٩٤٧ لە ڕێگەی (خواکوڕک و دەشتی بێرازگەرا) بە خاکی باکووری کوردستاندا گەڕایەوە بۆ ناوچەکانی شێروان و مزووری.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرکوش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی ئەنجامدا و سەرپشکی کردن لە مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ هەموو هاوسەنگەرانی بڕیاری بەردەوامبوون و چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەتیان دا، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کرد بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کرد، دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی بەزاند، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوسەنگەرانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا کە بە تێلی دڕکاوی دەورەدرابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن دەستبەسەر کران، لە ڕووی خواردن و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیۆلاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەش کران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە پایتەختی کۆماری ئازەربایجان باکۆ گواسترانەوە، لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرت، ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان مەشقی سەربازییان دەکرد، لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.

دوای خراپ مامەڵەکردنی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک پایتەختی ئۆزبەکستان تاشکەند، لەوێ بەردەوامییان بە مەشقە سەربازییەکانیان دا.

لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەش کران و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتیان بە کرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان وەک باج دەدایە حکومەت) کاریان دەکرد.

دوای هەوڵی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار ستالین نامەیەکی پێگەیشت کە بارزانی تێیدا باسی ئازار و مەینەتی هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی کمیسیۆنێکی دا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی، بڕیاری کۆتایی کمیسیۆنەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری فریفیسکی سۆڤیەت بەڕێکەوتن.

سەرچاوەکان

- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤ز).

- حیدر فاروق السامرائي، ضياء جعفر ودوره‌ السیاسي و الاقتصادي فی العراق، (لندن – دارالحكمة- ٢٠١٦م).

- زرار سلێمان به‌گ ده‌رگه‌ڵه‌یی، بیره‌وه‌ریه‌كانم له‌ ساڵانی ١٩٤٣-١٩٧٧دا، (سلێمانی - چاپخانه‌ی ره‌هه‌ند - ٢٠٠٢ز).

- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌لات - ٢٠١٣ز).

- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له‌ نێوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).

كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند- ٢٠١١ز).

- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).

- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.