ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی تێلی سەر بە ناحیەی بارزان لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ (تەمارا عەباس) هاوسەرگیری کردووە و کچێکیان بووە (زەینەب-١٩٥٧)، تەمارا عەباس لە ١٢ی حوزەیرانی ١٩٦٣ تا ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٣ لە هەولێر دەستبەسەر کراوە، بە تۆمەتی هاوڕێیەتی کردنی هاوسەرەکەی لەگەڵ مستەفا بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت و ئەوەی کە یەکێک بووە لە ئەندامانی پێشمهرگه، لەوێ خراوەتە زیندان و پاشان لە گەڕەکی سەیداوە نیشتەجێ کراوە و خراوەتە ژێر چاودێری توند، ساڵی ١٩٦٥ گەڕاوەتەوە یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٨٨ لە کۆمەڵگەی قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر کۆچی دوایی کردووە.
لاپەڕەکانی خەباتلە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کردووە، دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی بەزاندووە و بەرەو یەکێتی سۆڤیەت ڕۆیشتووە، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و سەرجەم هاوسەنگەرانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا دەستبەسەر کراون کە بە تێلی دڕکاوی دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن، وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە لە ڕووی خۆراک و جلوبەرگ و گواستنەوە، بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر دابەش کراون بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواستراونەتەوە بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان، لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرتووە، ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان مەشقی سەربازییان کردووە، لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێ گوتراوەتەوە.
دوای خراپ مامەڵەکردنی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ئازەربایجان لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، لەوێ بەردەوامییان بە مەشقە سەربازییەکانیان دا.
لە ئاداری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر دابەش کران بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتیان بە کرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان وەک پشک دەدایە حکومەت) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین لە کۆتاییدا نامەیەکی پێ گەیشت کە بارزانی تێیدا باسی ئازار و مەینەتی هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاری دا کمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێک بهێنێت، بڕیاری کۆتایی کمیسیۆنەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆ بکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری فریفیسکی سۆڤیەت بەڕێکەوت.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق، و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ لێبوردنی گشتی دەیگرێتەوە ئەو و هاوسەنگەرانی بەپێی ماددەکانی (٣) و (٧) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراوی ساڵی ١٩٥٩.
لە ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتییەک بە ناوی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان. بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٦٣ کردووە.
سەرچاوەکان:- حەمید گەردی، پوختەی مێژوونامە، چاپی یەكەم، (هەولێر - دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس - چاپخانەی وەزارەتی پەروەرده - ٢٠٠٤ز).
- ڕێكاری مزویری، ژنێن رۆس و ڕاگواستن و ئەنفال و كۆمەلكوژی، چاپی یەكەم، (هەولێر – چاپخانەی منارە - ٢٠١٠ز).
- عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەكر، عەشیرەتی بارزان لە نێوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یەكەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
- كاروان محەمەد مەجید، بارزانییەكان لە مەهابادەوە بۆ سۆڤێت، چاپی یەكەم، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - ٢٠١١ز).
- گۆڤاری هەتاو، ژمارە ١٥٤، ساڵی شەشەم، هەولێر، چاپخانەی كوردستان، هەینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩.
- لە یادداشتی فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ لەگەڵ بارزانی دا چوونی بارزانییەكان بۆ یەكێتی سۆڤێت، چاپی یەكەم (هەولێر - چاپخانەی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ فی العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨ز).
- نەجەف قولی پسیان، لە مهابادی خوێناوییەوە هەتا لێوارەكانی ئاراس، و. شەوكەت شێخ یەزدین، چاپی یەكەم، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- ئیسماعیل گوندەژۆری، ئەو ئافرەتە ڕووسانەی كە هاوسەریان پێشمەرگە بوون و كەوتنەبەر ڕەشگیری، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، رۆژنامەی خەبات، ژمارە ٣٤٦١، هەولێر، ٣ ئایاری ٢٠١٠ز.


