دوای رووخانی رژێمی شای ئێران، ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە روویان لە باشووری کوردستان كرد، ماڵی دایكە حەلیمە بوو بە پەناگەی هێزی پێشمه‌رگه‌، یەكێك لە كوڕەكانی (ئەیوب) لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ پەیوەندی بە ریزەكانی پێشمەرگەی کوردستانەوە كرد و لە ١٠ی شوباتی ١٩٨٢ لە گوندی گورك شەهید بوو، دوای ئەو كوڕێكی تری (ئیسماعیل) لە ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٨٤ لە چیاكانی كەمكا لە نزیك گوندەكانی ئەمینكێ و بابۆخكێ شەهید بوو و تەرمەكەی كەوتە دەست سوپاى عێراق. كوڕە سێیەمیشی (سەڵاح) دوای شەهیدبوونی هەردوو براكەی پەیوەندی بە ریزەكانی پێشمەرگەوە كرد و ئەویش لە ٢٠ی تەمموزی ١٩٨٦ لە ناوچەی ئاكرێ شەهید بوو، دوای شەهیدبوونی سێ كوڕەكەی، كوڕە چوارەمی دایكە حەلیمە (محەمەد) ناسراو بە حەمۆ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە كرد و لە ١٩ی نیسانی ١٩٨٧ لەسەر رێگای گشتی دهۆك- ئامێدی شەهید بوو.

ماڵی دایكە حەلیمە هەمیشە وەك بارەگای هێزی پێشمەرگە سەیر دەكرا و جێگەی رێز و پێزانینی جەماوەری ناوچەكە بوو، ساڵی ١٩٨٥ رووی لە ناوچە ئازادكراوەكان كرد و لە گوندەكانی بادی و بۆتیا لە ناوچەی زاویتە و قازیئاوا نیشتەجێ بوو. ساڵی ١٩٨٨ دوای ئەنفال و هێرشە كیمیاییەكانی رژێمی عێراق، هەوڵیدا لەگەڵ كوڕەكانی بچێتە باكووری کوردستان، بەڵام سوپاى عێراق رێگری لێكرد و ناچار بوو بگەڕێتەوە و بۆ ماوەیەك لە دارستانێك خۆی حەشاردا، دواتر رژێم بۆ ماوەی ١٤ رۆژ دەستگیریان كرد و بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵكی ناوچەكەوە ئازاد كران.

لە ساڵی ١٩٩١ لە پێشەنگی راپەڕینی خەڵكی کوردستان بوو. لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ بە بۆنەی یادی زێڕینی پارتی دیموكراتی کوردستانەوە میدالیای بارزانی پێ بەخشرا.

سەرچاوە:

١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی کوردستان.