سلێمان ئەحمەد ئیسماعیل عومەر دۆڵەمەری، لە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی خەرایەی سەر بە ناحیەی مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە ساڵی ١٩٦٧ لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا پەیوەندی بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولەوە دەکات و لەگەڵ ئۆزێر دۆڵەمەری بووە پێشمەرگە و سێ ساڵ لە دیلمان خزمەتی پێشمەرگایەتی کردووە.

دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لە دیلمانەوە بۆ قەسرێ گواستراوەتەوە و لەوێ بەشداری خولی مەترالیۆزچییەکان بووە، لە ساڵی ١٩٧٤ کاتێک شەڕی ڕژێمی عێراق دژی شۆڕش دەستی پێکرد، لەگەڵ عومەر ئاغا دۆڵەمەری لە یەکەی مەترالیۆزی شۆڕشدا بووە و بە مەترالیۆزەکانی شۆڕش بەرگری لە کوردستان کردووە.

لە ساڵی ١٩٧٥، دوای هەڵوەشانەوەی شۆڕشی ئەیلوول، ئاوارەی وڵاتی ئێران بوو، سەرەتا لە نەغەدە و پاشان چوو بۆ کەمپی زێوە و لەوێ نیشتەجێ بوو، سەرەتا لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆ جەهرەم گواستراوەتەوە و دوای دوو ساڵ ناردوویانە بۆ لاهیجان، دوای دوو ساڵ لە لاهیجان بە داوای خۆی چوو بۆ قەزوین چونکە ماڵی برایەکی لەوێ بوو.

لە ساڵی ١٩٧٩ کاتێک دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران ڕووخا، سلێمان ئەحمەد و برایەکی بە ناوی ڕەشید جارێکی دیکە پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کردەوە و وەک دەستەیەک گەڕانەوە باشووری کوردستان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ڕژێمی عێراق. لە شەڕێکدا لەگەڵ سوپای عێراق لە هەمان ساڵدا برایەکەی بە ناوی ڕەشید لە ناوچەی دیانا شەهید بوو.

لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ ئیدریس بارزانی و شێخ محەمەد خالید دەچێتە دەشتی بەرازگری سەر بە ناحیەی سیدەکان، پاش گەشتەکە و سەردانی هێزی پێشمەرگەی بارزان لە ناوچەکە، گەڕایەوە کەمپی زێوە. لە هەمان ساڵدا دوای ئەوەی لە ڕاژانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە، بەشداری خولی بەکارهێنانی تفەنگی ٥٧ دەکات، پاش تەواوکردنی خولەکە لەگەڵ ئۆزێر دۆڵەمەری چوو بۆ باشووری کوردستان، چەندین چالاکییان دژی سەنگەرەکانی سوپای عێراق لە گۆرێ گۆمێ، پردی لەلوک و گەلیی سارکێی سەر بە ناحیەی مێرگەسۆر ئەنجام دا. لە هەمان ساڵدا بە فەرماندەیی ئەحمەد سەعید سپینداری بەشداری شەڕی گەورەی مێرگەسۆر دەکات.

لە ساڵی ١٩٨٨ بەشداری شەڕی گۆڕی زاهیر لە داستانی خواکوڕک لە سێگۆشەی ڕۆژهەڵات، باشوور و باکووری کوردستان بوو، پاش شەپۆلی ئەنفال و کیمیابارانی حکوومەتی عێراق دژی خەڵکی سڤیلی کوردستان، گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە ساڵی ١٩٩١ پاش ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان گەڕایەوە و لە گوندی شێخانی سەر بە ناحیەی مێرگەسۆر نیشتەجێ بوو، لە ساڵی ١٩٩٤ بوو بە جێگری هێزی ١٠٠ی سوپای بارزان، لە شەڕەکانی بەرگری لە کوردستان چوار جار بریندار بووە، وەک شەڕی گەلیی سۆرێ لە دەڤەری دۆڵەمەریان لە ساڵی ١٩٨٠، شەڕی سپیلکێ لە ساڵی ١٩٩٥، شەڕی گۆمەسپان لە ساڵی ١٩٩٦ و شەڕی شەکرۆک لە ساڵی ١٩٩٧.

لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠دا، لە کۆنگرەی ١٣دا، لەبەر خزمەت و چالاکییەکانی لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە بە میدالیای بارزانی خەڵات کراوە.

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان