شەهید سڵێمان عەبدولڕەحمان محەمەد ناسراو بە (سڵێمان عەبدولڕەحمان تاگۆزی) پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ دوو لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی لە کمینێکی جاشەکانی ڕژێمی بەعس کەوتن، سڵێمان عەبدولڕەحمان تاگۆزی بە برینداری دەستگیرکرا، دوای ساڵێک و سێ مانگ لە زیندانی شاری موسڵ بە گوللە شەهید بووە.

شەهید سڵێمان عەبدولڕەحمان محەمەد ناسراو بە (سڵێمان عەبدولڕەحمان تاگۆزی) ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی توشکین لە ناحیەی بەمو لە پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، دانیشتووی ناحیەی زەڕایەن بووە و دوکانێکی فرۆشتنی کەلوپەلی لە بازاڕی ناحیەکە هەبووە، قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە.

ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە خانەی سەرەکی پێشمەرگەوە کردووە لە ڕێکخستنی شەهید شێخ محەمەد لەناو هێزی سیروانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرپرسی خانەکە حەمە حەمە ساڵح گڵجالی و فەرماندەی هێزەکە جەلال لاوەرانی بووە. بەشداری لە چالاکییە سەربازییەکانی ناوچەکانی شەمێران و تاگۆزی و دەربەندیخان و شاری هەڵەبجە و دەشتی شارەزوور کردووە. 

شەهید سڵێمان و دوو لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی لە ٣ی ئایاری ١٩٨٣ ئەوانیش (غەفور محەمەد گڵجالی و فایەق عەلی غەفور) لە نزیک گوندی هوکان لە ناوچەی تاگۆزی سەر بە ناحیەی هەڵەبجە لە کمینێکدا کە جاشەکانی قەڵخانی سەر بە ڕژێمی بەعس دایان نابوو کەوتن، لە سەرەتادا ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویدا و فایەق عەلی شەهید بوو، بەڵام سڵێمان عەبدولڕەحمان (سڵێمان عەبدولڕەحمان تاگۆزی) و غەفور محەمەد (غەفور گڵجالی) دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند بە برینداری کەوتنە دەست جاشەکان، لە سەرەتادا سەرۆکی جاشەکان سەری غەفور محەمەد (غەفور گڵجالی) لە جەستەی جیا کردەوە، پاشان سڵێمان عەبدولڕەحمان (سڵێمان عەبدولڕەحمان تاگۆزی) لەگەڵ سەری غەفور گڵجالی بەرامبەر بڕێک پارە ڕادەستی سەربازانی ڕژێمی بەعس کرد، دوای ساڵێک و سێ مانگ زیندانیکردن لە شاری موسڵ، سڵێمان عەبدولڕەحمان تاگۆزی لە ڕێکەوتی ٢٢ی تەموزی ١٩٨٤ بە گوللە شەهید بووە.  

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.