ژیاننامە

سەلیم سەعید فەقی عەبدولڕەحمان ساڵی ١٩٠٦ لە گوندی بارزانی سەر بە ناحیەی بارزان لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، ژیانی هاوسەرگیری لە یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ عەزیزە خەیروڵڵا سەیفوڵڵا دەستپێکردووە و دوو کچیان بووە بە ناوەکانی: زولەیخا سەلیم (١٩٥٨) و زەینەب سەلیم (١٩٥٨).

لاپەڕەکانی خەبات

دوای شکستھێنانی شۆڕشی دووەمی بارزان ڕووی لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان کردووە، لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ پەیوەندی بە هێزەکانی بارزانی سەر بە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد کردووە، بەشداری لە شەڕەکانی بەرەی سەقز لە کۆماری دیموکراتی کوردستان کردووە، لەگەڵ هاوسەنگەرانی پێشمه‌رگه بووە و لە ١٩/٤/١٩٤٧ لە ڕێگەی (خواکوڕک و دەشتی بێرازگە) گەڕاوەتەوە ناوچەکانی شیروان و مزووری.

دوای گەڕانەوەیان، فەرماندە مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرکوش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی کرد و سەرپشکی کردن لە مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ هەموو هاوسەنگەرانی بڕیاری بەردەوامبوون و چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەتیان دا، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری فەرماندە مستەفا بارزانی کرد بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کردووە. دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی بەزاند، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و سەرجەم هاوسەنگەرانی لە نەخجەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوە کە بە تێلی دڕکاوی دەورەدرابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن دەستبەسەر کران، لە ڕووی خواردن و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر دابەشکران بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیوڵاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواسترانەوە بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان، لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرت و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان مەشقی سەربازییان دەکرد، لە هەمان کاتدا ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی زمانی کوردییان وەردەگرت.

دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باقیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاریدا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، لەوێ بەردەوامییان بە مەشقە سەربازییەکانیان دا.

لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گروپ بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتیان بە کرێ دەگرت و دواتر بەشێکیان بۆ حکومەت دەدایەوە) کاریان کرد.

دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن فەرماندە بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین دواجار نامەیەکی پێگەیشت کە تێیدا بارزانی باسی ئازار و مەینەتی هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاریدا کمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنێت، بڕیاری کۆتایی کمیسیۆنەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری فریفیسکی سۆڤیەت بەڕێکەوت.

دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی فەرماندە مستەفا بارزانی لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩، لێبووردنی گشتی بارزانی و هاوسەنگەرانی گرتەوە بەپێی ماددەکانی (٣ و ٧) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراو لە ساڵی ١٩٥٩. 

کۆماری عێراق ساڵی ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتیی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.

دوای گەڕانەوەی بۆ ماوەیەک لە شەقڵاوە نیشتەجێ بوو، پاشان بەرەو گوندی بارزان چوو، ساڵی ١٩٦٤ بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی کرد، دوای شکستھێنانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزرا و لە پارێزگای دیوانییە نیشتەجێ کرا، ساڵی ١٩٨٠ گواسترایەوە بۆ کۆمەڵگەی قوشتەپە، لە ٣١ی تەمموزی ١٩٨٣ لەگەڵ کوڕەکەی خەیروڵڵا سەلیم (١٩٦٧-١٩٨٣) لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە پرۆسەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە کۆمەڵگەی قوشتەپە بێسەروشوێن کران. 

سەرچاوەکان

١. حەمید گەردی، پوختەی لاپەڕە مێژووییەکان، چاپی یەکەم، (هەولێر - دەزگای ئاراس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - ٢٠٠٤ز).

٢. ڕێکاری مزووری، ڕووداوە تراژیدییەکانی بارزانییەکان، چاپی یەکەم، هەولێر - چاپخانەی حاجی هاشم - ٢٠١٣ز).

٣. ڕێکاری مزووری، ژنە ڕووسەکان و ڕاگواستن و ئەنفال و جینۆساید، (هەولێر - چاپخانەی منارە - ٢٠١٠ز).

٤. شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – ٢٠١٣ز). 

٥. عومەر فارووقی، سەردار دانا ژیان و خەباتی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی، چاپی دووەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - ٢٠٠٢ز).

٦. عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبووبەکر، عەشیرەتی بارزان لە نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری – ٢٠٠١ز).

٧. عومەر حەمزە ساڵح، جینۆساید و تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دژی بارزانییەکان، ١٩٧٥-١٩٩١، بە زمانی شایەتحاڵان و بەڵگەنامەکان، چاپی یەکەم - چاپخانەی ڕۆژهەڵات – ٢٠١٧ز). 

٨. کاروان محەممەد مەجید، بارزانییەکان لە مهابادەوە بۆ سۆڤیەت، چاپی یەکەم، (سلێمانی – چاپخانەی بەیۆند - ٢٠١١ز). 

٩- گۆڤاری هەتاو، ژمارە ١٥٤، ساڵی شەشەم، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، هەینی، ١٥ی نیسانی ١٩٥٩.

١٠. لە بیرەوەرییەکانی فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان زازۆکی، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر – چاپخانەی ڕۆشنبیری – ١٩٩٧ز).

١١. لەیس عەبدولموحسین جەواد زوبێدی، شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق، (شاری به‌غدا - دەزگای ڕەشید بۆ بڵاوکردنەوە - ١٩٧٩ز).

 ١٢. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک، چاپخانەی خەبات، ١٩٩٨ز).

١٣. نەجەف قوڵی پسیان، لە مهابادی خوێناوییەوە بۆ کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی یەکەم (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان ١٩٩٦ز).

١٤. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان