سەلیم شێخومەر ئەحمەد ساڵی ١٨٨٨ لە گوندی بیدود سەر بە ناحیەی بێران لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، دوای چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت هاوسەرگیری کردووە و کچێکی بە ناوی لودمیلا بووە، شارەزای زمانی کوردی و ڕووسی بووە و ساڵی ١٩٥٤ لە ئۆزبەکستان کۆچی دوایی کردووە و لەوێ بە خاک سپێردراوە.
لاپەڕەکانی خەباتساڵی ١٩٣١ پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی یەکەمی بارزانەوە کردووە، و لە ٣ی نیسانی ١٩٣٢ بەشداری لە شەڕی مەیدانی دولافازی کردووە، و لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٣٢ لەگەڵ خێزانەکەی پەنای بۆ کۆماری تورکیا بردووە، ساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە و بەشداری لە شەڕەکاندا کردووە، و لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە فەرمانی دادگای سهربازی عێراقی هەموو موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانی دەستی بەسەردا گیراوە، لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ دوای شکستەکەی شۆڕشی دووەمی بارزان، بەرەو ڕوژههلاتی کوردستان ڕۆیشتووە.
لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ پەیوەندی بە هێزەکانی بارزانییەوە کردووە و وەک پێشمهرگه لە سوپای کۆماری کوردستانی دیموکرات خزمەتی کردووە، و بەشداری لە شەڕەکانی ساڵح ئاوا و سیرۆ و مەرگەوەر لە ڕوژههلاتی کوردستان کردووە، و لە ٣ی ئایاری ١٩٤٦ بەشداری لە شەڕی مەلەقەرنی کردووە. دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانی دیموکرات، لە ٢٥ی ئازاری ١٩٤٧ بەشداری لە شەڕی هەڤرس و هەڵەجی کردووە.
لە نێو هاوسەنگەرە پێشمهرگه کانیدا بووە کە لە ١٩/٤/١٩٤٧ لە ڕێگەی (خواکوڕک و دەشتی برازگەرە) بە خاکی باکووری کوردستاندا گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکانی شیروان و مزووری.
دوای گەڕانەوەیان، فەرماندە مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرکوش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانیدا کرد و سەرپشکی کردن لە مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ هەموو هاوسەنگەرەکانی بڕیاری بەردەوامبوون و چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەتیان دا، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ هاوڕێیەتی فەرماندە مستەفا بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت کرد، بەشداری لە هەردوو شەڕی قەتوور و پردی ماکۆ کرد، و دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراس پەڕییەوە، کە دەکەوێتە سەر سنوور لە نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوسەنگەرەکانی لە نەخچەڤانی ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوە کە بە تێلی دڕکاوی دەوردرابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن دەستبەسەر کران، و وەک دیلی جەنگ لە ڕووی خواردن و جلوبەرگ و گواستنەوە مامەڵەیان لەگەڵ کرا، و بە بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت دواتر بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەش کران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواسترانەوە بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە پایتەختی کۆماری ئازەربایجان باکۆ، و لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرت، و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕاهێنانی سەربازییان وەردەگرت، و لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
دوای خراپ مامەڵەکردنی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک پایتەختی ئۆزبەکستان تاشکەند، لەوێ درێژەیان بە ڕاهێنانی سەربازییان دا.
لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرەکانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت دابەش کران و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکوومەتیان بە کرێ دەگرت و دواتر بەشێکیان بۆ حکوومەت دەدا) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن فەرماندە بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین لە کۆتاییدا نامەیەکی پێگەیشت کە بارزانی تێیدا باسی ئازار و مەینەتی هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی کمیسیۆنێکی دا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی، و بڕیاری کۆتایی کمیسیۆنەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری فریفیسکی سۆڤیەت بەڕێکەوتن.
سەرچاوەکان١. حیدر فاروق السامرائي، ضیاء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دار الحكمة – ٢٠١٦م).
٢. سەفەر یوسف میرخان، مام خدر مەلا وسمان: ئەگەر بارزانی نەمر نەبوایە ئێستا نەماندەتوانی بە زمانی کوردی قسە بکەین، زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕۆژنامەی خەبات، ژمارە ٣٤٥٦، هەولێر، ٢٧ی نیسانی ٢٠١٠ز.
٣. سەبری چاوشین خانۆ، بیدود لە مێژوودا، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – ٢٠١٨ز).
٤. شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – ٢٠١٣ز).
٥. عومەر فارووقی، سەردار دانا ژیان و خەباتەکانی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی، چاپی دووەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە – ٢٠٠٢ز).
٦. عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبووبەکر، عەشیرەتی بارزان لە نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری – ٢٠٠١ز).
٧. عەبدولڵا غەفوور، فەرهەنگی جوگرافیای هەولێر، (هەولێر - بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی - چاپخانەی حاجی هاشم – ٢٠١٥ز).
٨. کاروان محەممەد مەجید، بارزانییەکان لە مەهابادەوە بۆ سۆڤیەت، چاپی یەکەم (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - ٢٠١١ز).
٩. لە یادداشتەکانی فەرماندە شەهید حەسۆ میرخان ژاژۆکی، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر – چاپخانەی ڕۆشنبیری – ١٩٩٧ز).
١٠. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک، چاپخانەی خەبات، ١٩٩٨ز).
١١. نەجەف قولی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە بۆ کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی یەکەم (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان ١٩٩٦ز).
١٢. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان


