شەڕەکە ئەمجارە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە پلانێکی سەربازیی تۆکمە و ئامادەکاریی یەکلاکەرەوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەستی پێکرد، پاش ئەوەی گوشارێکی زۆری خستە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە بە هێرشی بەدوای یەک و تۆپباران و بۆردومانی چڕی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی ئاکرێ، لە ئەنجامی ئەم گوشارە توندە و کەمیی ذخیره، هێزەکانی پێشمەرگە لەو سەنگەرانە بۆ چیای پیرس کشانەوە، لەگەڵ داڕمانی ئەم هێڵی بەرگرییە، بارەگای هێزی ئاکرێ و شێخان لە ئەشکەوتی شێرمان بە فەرماندەیی حەسۆ میرخان دۆڵەمەری کەوتە بەر هێرشی هێزەکانی حکوومەت، هەرچەندە هێرشەکانی حکوومەت لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە تێکدەشکێنران و زیانی گیانیی زۆریان پێ دەگەیاند، بەڵام پێشمەرگە دوای هەر هێرشێکی تێکشکێنراو دەستی بەسەر چەکی سوپا و بەکرێگیراوەکاندا دەگرت، بەڵام حکوومەت بەردەوام بوو لە هێرشەکەی بە هێزێکی سەربازیی گەورە و بەکرێگیراو و پشتیوانیی تۆپخانەی مەودا دوور و فڕۆکە جەنگییەکان.
لە ئەنجامی هەموو ئەم هێرشانەی بەدوای یەکی هێزەکانی حکوومەت، توانییان دەست بەسەر چەند پێگەیەک و گوندی شوشدا بگرن کە هێزەکانی پێشمەرگە بە فەرماندەیی عومەر ئاغا دۆڵەمەری بەرگرییان لێ دەکرد، هێزەکانی پێشمەرگە پلانێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو پێگانە دانا چونکە ئەگەر ئەو پێگانە کۆنترۆڵ نەکرایەتەوە دەبوو بارەگای هێزەکە بگوازرێتەوە شوێنێکی تر، پلانی هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر هێزەکانی حکوومەت لە سێ قۆڵەوە دانرا، قۆڵی یەکەم پێکهاتبوو لە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای گوندی شوش بە فەرماندەیی عومەر ئاغا دۆڵەمەری، و هێزێکی تر لە ڕۆژهەڵاتی گوندەکە بە فەرماندەیی حاجی میرخان دۆڵەمەری و مەلا عوزێر زیویی، و هێزێکی تر بە فەرماندەیی هورمز مەلیک چەکۆ مەسیحی بۆ داخستنی ڕێگاکە لە باشوورەوە تاوەکو گەمارۆ بدرێن.
لەو هێرشەی پێشمەرگە ئەنجامیدا، هێزەکانی حکوومەت تووشی شکستێکی گەورە بوون و پێگەکانیان چۆڵ کرد و تەرمی کوژراوەکانیان لە مەیدانی شەڕەکە بەجێهێشت، نزیک بوو فەرماندەی هێزەکانی حکوومەت عەقید ڕوکن سەعب حەردان بەدیل بگیرێت، بەڵام لەو ساتەدا عومەر ئاغای فەرماندەی پێشمەرگە بریندار بوو و پێشمەرگەکان سەرقاڵی ئەو بوون، ناوبراویش دەرفەتەکەی قۆستەوە و هەڵات و لە دەستی پێشمەرگە ڕزگاری بوو.
دوای ئەوەی عومەر ئاغا بەهۆی برینداربوونییەوە لە بەرەی شەڕ دوورکەوتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، هورمز مەلیک چەکۆ جێگەی گرتەوە، سوپاى عێراق هەڵمەتێکی تری بەرفراوانی هێرش و پەلاماردانی بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٦٣ دەستپێکرد، بە ئامانجی پاککردنەوەی پێشمەرگە لە تەواوی ناوچەکە، بەتایبەتی دوای نیوەڕۆ کە شەڕەکە توند بوو، بەڵام پێشمەرگە بە توندی بەرگرییان لە سەنگەرەکانیان کرد، تاوەکو توانییان ئەم هێرشەش تێکبشکێنن و هێزەکانی حکوومەت ناچار بکەن بکشێنەوە و ١٢ تەرم لە مەیدانی شەڕەکە بەجێبهێڵن. لە بروسکەیەکی سوپاى عێراق بە ژمارە (١٠٤٥) لە ڕێکەوتی ٢٨ی حوزەیران کە لەم شەڕەدا کەوتە دەستی پێشمەرگە، دانیان بە ٢٧ کوژراو و ٥١ برینداردا نا.
دوای هەموو ئەو هێرش و پەلامارانەی هێزەکانی حکوومەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی بارەگای هێزەکە لە ئەشکەوتی شێرمان ئەنجامیاندا، نەیانتوانی ئامانجەکەیان بپێکن، بەڵکو تووشی شکستێکی گەورە و زیانی گیانیی زۆر بوون، چونکە پێشمەرگە بە فەرماندەیی هورمز مەلیک چەکۆ لە ناوچەی شوش، توانییان خۆڕاگری بکەن و بەرگری بکەن و ڕێگەیان نەدا هیچ پێشڕەوییەک بکەن، بۆیە هێزەکان ناچار بوون بەرەو دینارتە و چیای پیرس بکشێنەوە.
سەرچاوەکان:١- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆڵى سیاسى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، (چاپخانەى هێڤی- هەولێر- ٢٠١٩).
٢- وەلى زبێر هۆستان، چەند ڕووداو و بەسەرهاتێک لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانى بارزاندا، چاپی یەکەم، (چاپخانەى ڕۆژهەڵات- هەولێر- ٢٠١٧).
٣- حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بەدواى دادپەروەریدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، (چاپخانەى اسراء- تاران- ٢٠٢١).
٤- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم، ٢٠٠٤.
٥- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، (چاپخانەى خەبات- دهۆک- ١٩٩٩).


